ڕژێمی ئێران پلەی یەکەمی لە لەسێدارەدانی ژنانی لە جیهاندا تۆمارکردووە
نەدیم موقەڕەب، چالاکوانی مافی ژنان لە ئێران ڕایگەیاند، ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران بەرزبووەتەوە و لانیکەم ٦۱ حاڵەتی لەسێدارەدانی ژنان لە یەک ساڵدا تۆمار کراوە کە پلەی یەکەمە لە ئاستی جیهاندا.
ناوەندی هەواڵ
نەدیم موقەڕەب، چالاکوانی مافی ژنان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ڕادیۆ زەمانە، سەبارەت بە ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕایگەیاند، ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران بەرزبووەتەوە و لانیکەم ٦۱ حاڵەتی لەسێدارەدانی ژنان لە یەک ساڵدا تۆمار کراوە کە ئەمە بە پلەی یەکەمە لە ئاستی جیهاندا تۆمار دەکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی ۲۰۲٥دا، ئێران بەرپرسیار بووە لە نزیکەی ٨٠٪ـی کۆی لەسێدارەدانە تۆمارکراوەکانی جیهان کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای ساڵی ۱۹٨۱ەوە، جەختی کردەوە کە تەنیا کەمتر لە ١٠٪ـی لەسێدارەدانی ژنان لە لایەن میدیا فەرمییەکانی ڕژێمەوە ڕادەگەیێندرێن و ئەوانی دیکە بە شاراوەیی جێبەجێ دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم توندوتیژییە سیستماتیکە تەنیا دۆسییە مەدەنییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو لە ئێستادا چەندین ژنی بەندکراوی سیاسی و بیروباوەڕ وەک شەریفە محەمەدی، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە ژێر مەترسیی لەسێدارەدان دان.
هاوکات دوو ژنی دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییە بە ناوەکانی بیتا هیمەتی و مەریەم هوودوەند سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و هەروەها مەترسیی قورس لە سەر ژیانی مەحبووبە شەعبانی و حەدیثە مرواری هەیە کە بە “مۆحارەبە” دادگایی دەکرێن و سزای موحاڕەبەش سێدارەیە.
کۆمەڵەی داکۆکیکارانی مافی ژنان جەخت دەکەنەوە کە بێبەشکردنی تۆمەتباران لە پارێزەری سەربەخۆ، بەکارهێنانی ئەشکەنجەی سێکسی لە کاتی لێپرسینەوە و سەپاندنی سزای مەرگ، پێشێلکاریی ئاشکرای جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە.