"داگیرکاری تورکیا لە ڕێگەی هێرشەوە هەوڵی لاوازکردنی ڕۆڵی ژنان دەدات"
سەنا ڕەمەزان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا جەختی لەوە کردەوە لە پرۆسەیەکدا کە هێرشەکانی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا زیادی کردووە، پێویستە مافی ئەو ژنانەی کە دژی هێرشەکان خەبات دەکەن و مافی منداڵان بپارێزرێت.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250209-jpg6aaaea-image.jpg)
زەینەب خەلیف
دێرەزوور- هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن، ئەمەش قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکەدا قووڵتر دەکاتەوە، لەگەڵ هێرشەکانی سەر ژنان و منداڵان بەتایبەتی، ئازارەکانیان دوو هێندە دەبێت و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین تەنیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان سنووردار نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ خەڵکی مەدەنیش دەکەنە ئامانج، سەنا ڕەمەزان، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە بە ئامانجی شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگەیە و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی ڕوونی هەبێت بەرامبەر بەو پێشێلکارییانە و پاراستنی خەڵکی مەدەنی، پێویستە مافەکانی ژنان و منداڵان بەتایبەتی دەستەبەر بکرێت و بپارێزرێت.
ئەو ژنانەی کە ڕۆڵیان هەیە دەکرێنە ئامانج
سەنا ڕەمەزان ڕایگەیاند، نەک تەنها خەڵکی مەدەنی بەڵکو ئەو ژنانەی کە ڕۆڵی گرنگ لە کۆمەڵگادا دەگێڕن لە هێرشەکاندا دەکرێنە ئامانج، کەرەم ئەحمەد، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە ڕەققە، بووە ئامانجی هێرشی دەوڵەتی تورکیاو وتی: کەرەم ئەحمەد سەرچاوەی ئیلهام بوو بۆ ژنانی ناوچەکە، بەئامانجکردنی ئەو دەریدەخات کە داگیرکەری تورکیا ژنان، کە ڕۆڵی گرنگیان لە کۆمەڵگادا هەیە، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەبینێت.
سەنا ڕەمەزان ڕایگەیاند، ژنان کاردانەوەی توند لە دژی هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا نیشان دەدەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەم هێرشانە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک بە زۆر لە ماڵەکانیان ئاوارە بکرێن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تێکدەدەن، ئەمەش ئازاری خەڵکی مەدەنی زیاتر دەکات.
ژنان لە پێناو ئاشتی و دادپەروەریدا خەبات دەکەن
سەنا ڕەمەزان باسی لەوەکرد، ژنان درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن بۆ ئازادی خۆیان و ئەوانەی خۆیان لە پێناو خەباتدا کردە قوربانی و وتیشی: تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی بۆ هەموو جیهان ڕادەگەیەنین، کاردەکەین بۆ وەستاندنی شەڕەکان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ڕێگری لەو هێرشانە بکەن و بەرپرسیارێتی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئەستۆ بگرن، ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە تەنها بە پێکەوە کارکردن لە پێناو ئاشتی و دادپەروەریدا بەدەست دێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەنا ڕەمەزان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ژنان یەکبگرن و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکەوە کاربکەن بۆ گەیشتن بە دادپەروەری.