دادگایەکی ئەڵمانیا بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی چالاکوان زەینەب ئاڵپبۆغا دەدات
دوای ئەوەی دادگای بیلفێڵدی ئەڵمانیا بڕیاری دا لە ٢٦ـی ئاب چالاکوان، زەینەب ئاڵپبۆغا لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتی ئەستەنبول بکرێتەوە، بە بیانووی چالاکییە سیاسییەکانی، کەسوکاری ئەو چالاکوانە لە دادگا تانەیان لە بڕیارەکە دا.
ناوەندی هەواڵ
دادگای بیلفێڵدی ئەڵمانیا، بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی بۆ چالاکوانی کورد زەینەب ئاڵپبۆغادا، کە ٢٢ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و دایکی سێ منداڵە، بەپێی بڕیارەکە لە ٢٦ـی ئاب، ئەو چالاکوانە لە فرانکفۆرتەوە ڕەوانەی ئەستەنبول دەکرێتەوە.
لەو دانیشتنەی کە لە ٢١ـی ئابی دادگای هەرێمیی بیلفێڵد بەڕێوەچوو، لەسەر ئەو بابەتە گفوگح کرا کە زەینەب ئاڵپبۆغا تاوەکو ٢٦ـی ئاب لە کوێ دەستبەسەر دەبێت و ئایا ئازاد دەکرێت یان نا.
دانیشتنەکە کاتژمێر ١٣:٠٠ دەستی پێ کرد، پارێزەری زەینەب ئاڵپبۆغا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەشداریی دانیشتنەکەی کرد، زەینەب ئاڵپبۆغا کە لە دانیشتنەکەدا دەوروبەری کاتژمێر ١٥:٣٠ نەخۆش کەوتوو بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.
کاتێک منداڵەکانی و کەسوکاری هەوڵیان دا لە نەخۆشخانە زانیاری لەبارەی تەندرووستیی زەینەب ئاڵپبۆغا وەربگرن، پۆلیس دەستوەردانی کرد. دوای مشتومڕ، پۆلیسی زۆر ڕەوانەی نەخۆشخانەکە کران. پۆلیس ئەندامانی خێزانەکە و ئەو کەسانەی کە بۆ پشتیوانیی زەینەب ئاڵپبۆغا هاتبوونە نەخۆشخانە، لە دەوروبەری باڵەخانەکە دوورخستەوە.
پاشان، زەینەب ئاڵپبۆغا دوای چارەسەرکردن لە نەخۆشخانە، دیسانەوە برایەوە بۆ دادگا و دانیشتنەکە تاوەکو نیوەشەو بەردەوام بوو، کچەکەی بە ناوی ڕۆزا ڕایگەیاند، دایکی نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە و ناڕەزایەتیی بەرامبەر بەوە دەربڕی کە سەرەڕای خراپی باری تەندرووستیی، دایکیان دیسانەوە بردووەتەوە دادگا، ئایا شتێکی وا بە لای یاساوە ڕەوایە؟ دایکم نەخۆشە و نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە. بۆ ژنێک چەندین پۆلیسیان هێنایە نەخۆشخانە، بێ ئەوەی چارەسەری بکەن.
هەروەها دادگا لەو دانیشتنەدا بڕیاری دا، کە زەینەب ئاڵپبۆغا تاوەکو ٢٦ـی ئاب لە ناوەندێکی دیپۆرتکردنەوەدا دەستبەسەر بکرێت، دوای بڕیارەکەش زەینەب ئاڵپبۆغایان بۆ ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی ئینگێلهایم ئام ڕاین گوازرایەوە.
دوای ئەو بڕیارەیش کەسوکاری ئەو چالاکوانە، لە دادگایەکی باڵاتردا تانەیان لە بڕیارەکە داوەو چاوەڕێی بڕیاری دادگای باڵان.