چیا یاسین: ژنان لە خێزانەکاندا بە چەندین پلە لە خوارووی پیاوانەوە تەماشا دەکرێن

چیا یاسین، چالاکوانی بواری ژنان دەڵێت: ژنان لە ناو خێزانەکاندا بە پلە دوو تەماشا دەکرێن، ئەمە ڕێگە بۆ کوشتنەکانی ژنان خۆشدەکات.

هێلین ئەحمەد 

سلێمانی_ لە کاتێکدا شەقامەکانی شارە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕن لە جوڵە و ژیانی ڕۆژانە، لە پشت هەزاران دەرگای داخراو چیرۆکێکی تر هەیە؛ چیرۆکی ژنانێک کە بە بێدەنگی لەگەڵ ترس، هەڕەشە و توندوتیژی دەژین، هەندێکیان هەرگیز دەرفەتی گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان نابینن، چونکە ژیانیان پێش دەنگیان کۆتایی پێدێت، لە زۆر وڵاتی ناوچەکە، کوشتنی ژنان هێشتا لە ژێر ناوی شەرەف یان کێشەی خێزانی، دەشاردرێتەوە، ناونیشانێک کە چالاکوانانی مافی مرۆڤ پێی دەڵێن هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی تاوانێکی ئاشکرا، زۆرێک لە کوشتنەکان کاتێک ڕوودەدەن کە ژنێک هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دەدات؛ وەک داوای جیابوونەوە، ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری یان تەنانەت چالاکی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

 

 

هێشتا ژن وەک شەرەفی خێزان دەبیندرێت

 شارەزایانی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوەدەکەن هێشتا لە هەندێک کۆمەڵگە ژن بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە وەک “نوێنەری شەرەفی خێزان” دەبینرێت، هەر هەنگاوێکی جیاواز دەتوانێت ببێتە هۆی توندوتیژی، لەگەڵ هەوڵەکانی هەندێک وڵات بۆ گۆڕینی یاساکان، بەڵام ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا کەلێنی گەورە لە پاراستنی ژناندا هەیە، لە زۆر حاڵەتدا، قوربانییان ناتوانن بە ئاسانی سکاڵا تۆمار بکەن، یان لە ترسی تۆڵەسەندنەوە پاشگەز دەبنەوە، هەروەها کێشەکە تەنها یاسا نییە، کێشەکە ئەوەیە کە هێشتا هەندێک کەس توندوتیژی بەرامبەر ژنان بە بابەتێکی ئاسایی دەبینن، پاشان ژنان لە کەمپەکانی ئاوارەکان و ناوچە نائارامەکان زیاتر تووشی دەستدرێژی، هاوسەرگیری بە زۆر و توندوتیژی دەبن، ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن کە زۆرجار ئەو تاوانانە تۆمار ناکرێن، چونکە قوربانییان ترسیان هەیە یان پشتگیری پێویستیان نییە.

 

"ئەقڵیەتی پیاوسالاری بۆتە هۆکاری کوشتنی ژنان" 

چیا یاسین، چالاکوانی بواری ژنان و پسپۆڕی میدیا ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرێک لە دابونەریت و کولتوورەکان بەسەر ژناندا سەپێندراوە، بۆتە ئاستەنگییەک لەبەردەم تواناکانی ژنان وتی: ئەو ئەقڵیەتە پاوانخوازییەی لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەسەر ژناندا سەپێندراوە، ژنان زیاترو زووتر دەخاتە بەردەم توندوتیژی و کوشتن و ئەشکەنجەدانی ژنان، ئێمەی ژنی کورد بەشێکین لەو ئاستەنگی دابونەریتانە، زۆرێک لە ژنان ڕوبەڕووی ئاستەنگی ژیان و کارکردن و خوێندن و جەندین سێکتەری دیکەی ژیانکردنن دەبنەوە، پاشان ژنان لە خێزانەکاندا بە چەندین پلە لە خوارووی پیاوانەوە تەماشا دەکرێت، هۆکارەکان بۆ هاندانی ئەقڵیەتی پیاوسالاری تا ببێتە کۆشتنی ژنان زیاتر دەبێت، بەدرێژای چەندین ساڵ کوشتنەکان لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی سیاسیی و سیستمی سەرمایەاریداڕەنگدەداتەوە، ئەو ئەقڵیەت و دەسەڵآتدارییە بە بەردەوامی  هەوڵی لەناوبردن و کوشتنی ژنان زیاتر دەکات. 

 

لە کۆتایی قسەکاندا، وتیشی: ئێمە دەبێت کۆمەڵگە هۆشار بکەینەوە تەنها بە ناوەندێک یان چەند کەسێک ئەنجام نادرێت، دەبێت بە دەستەکۆمەڵی کار بۆ هۆشیارکتدنەوەی کۆمەڵگە بکەین، پێویستە لە ڕێگەی یاسادانەرو جێبەجێکردنی یاساکانەوە، هەروەها پەروەردە پێویستە لە ناو خوێندکاراندا هەبوونی یاسا و مافەکان بڵاوکاتەوە تاکەکانی ناو خێزانێک هۆشیار بکاتەوە بتوانن لە ڕێگەی وانەوتنەوەکانەوە هۆشداری بەرامببەر تاوان و کوشتنەکانی ژنان بخەنەڕوو، مافی منداڵەکان بەرامبەر توندوتیژییەکان بخاتەڕوو، هەبوون و بڵآوکردنەوەی هۆشیارییەکان لە لایەن مامۆستایان کەسانی هۆشیارەوە کارێکی گرنگە، تا داهاتوویەکی دیار بۆ نەوەی نوێ و کۆمەڵگەکەمان هەبێت.