چرۆ حەمەشەریف: پێویستە ژنان پشت و پەنای یەکبن

چرۆ حەمەشەریف عەبدوڵا، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و جێگری مەڵبەندی یەکێتی شارەزوور، لەسەر گرنگی بەشداریی ژنان لە کایە ئیداری و حکومییەکان و پشتیوانیی ژنان بۆ یەکتر دەڵێت: ژن پێویستە پشت و پەنای ژن بێت، چونکە ژن لە ژن زیاتر تێدەگات.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-بەشداریی ژنان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەو یەکە ئیدارییەکان تەنها بە بوونی ژن لە پۆستەکان کۆتایی نایەت، بەڵکو پشتیوانیی یەکتر و دروستکردنی ژینگەیەکی هاوکاری، یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە کایە سیاسی و ئیدارییەکاندا.

 

چرۆ حەمەشەریف عەبدوڵا، ، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و جێگری مەڵبەندی یەکێتی شارەزوور،  کە ئەزموونی کارکردن لە بواری سیاسی و ئیداری هەیە، سەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: لە ماوەی کار و چالاکییەکانی، ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو هاوکاری و پشتیوانیی کردوون و ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەردەوامیی کارەکەی داناوە.

 

بەپێی بۆچوونی ئەو، ژنان زۆرتر لە یەکتر تێدەگەن و ئەو تێگەیشتنە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ هاوکاری و پشتیوانیی بەهێزتر لەنێوانیاندا، ژنان دەبێت لە کایە حیزبی و حکومییەکاندا یەک دەنگ بن و لە پێناوی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژن، پشتگیریی یەکتر بکەن.

 

بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵبوون

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەی ژنان لە بواری کاردا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جۆراوجۆر دەبنەوە، بەڵام بەڕێوەبردنی خێزان و کاری دەرەوەی ماڵ بە یەکەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی لە پۆستە ئیداری و سیاسییەکاندا کار دەکەن، دەتوانێت چالشێکی گەورە بێت وتی: لە ماوەی کارەکەمدا هەوڵم داوە لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگانەدا بەرەوپێش بچم، تەنانەت زۆرجار بە ئۆتۆمبێل بۆ بەغدا گەشتم کردووە، لە کاتێکدا بارودۆخی ڕێگاوبانەکان لە کوردستان و عێراقدا ئاسان نەبووە، لە هەمانکاتدا، وەک ژنێکی خێزان‌دار، بەرپرسیارییەکانی ماڵ و منداڵیشم لە ئەستۆ بووە، بەڵام خۆشەویستیی کار و دڵسۆزی بۆ ئەو کارە، یەکێکە لە هۆکارەکانی بەردەوامبوون و تێپەڕین بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا.

 

"کارەکەت بەقەد منداڵەکەت خۆش بوێت"

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان لەناو قسەکانی چرۆ حەمەشەریف پەیوەندیی نێوان ژیان و کارە وتی: ژنان خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ منداڵەکانیان هەیە، بەڵام بۆ سەرکەوتن لە بواری کاردا، پێویستە مرۆڤ کارەکەشی بە هەمان دڵسۆزی و خۆشەویستییەوە بەڕێوە ببات، هیچ شتێک جێگەی منداڵ ناگرێتەوە، بەڵام خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ کار دەتوانێت ژن یارمەتیدەر بێت بۆ بەردەوامبوون و بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە کایەی پیشەییدا.

 

"سەرکەوتنی یەک ژن دەبێت ببێتە دەستپێک بۆ پێشخستنی ژنانی تر"

چرۆ حەمەشرید عەبدوڵا بانگەوازی لە ژنان کردو وتی: لە هەر پۆست و پێگەیەک بن، چ حزبی و چ حکومی، پشتگیریی یەکتر بکەن و بە ژنانی تر وەک ئەندامێکی خێزان بڕوانن، سەرکەوتنی ژنێک نابێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی دەرفەتی ژنێکی تر؛ بەڵکو دەبێت سەرکەوتنی یەک ژن ببێتە دەستپێک بۆ پێشخستنی ژنانی تر، کاتێک ژنێکی تر لە پێگەیەکی کاردا لەو باشتر و توانادارتر بێت، پشتیوانی‌کردنی ئەو ژنە نەک زیانە، بەڵکو بەشێکە لە سەرکەوتنی خۆی.

 

هەڵەبجە؛ نموونەی بەشداریی ژنان

لە کۆتایی قسەکانییدا چرۆ حەمەشەریف عەبدوڵا بە ئاماژەدان بە ژنانی هەڵەبجە وتی: ژنانی ئەم شارە لە بواری ئیداری و بەڕێوەبردندا ئەزموون و توانای بەرچاویان هەیە، ئەگەر ژنان بتوانن پشتیوانی و هاوکاریی یەکتر بەهێزتر بکەن، ئەوا دەکرێت ڕۆڵی ژنان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان و کایە حکومی و سیاسییەکاندا زیاتر ببێت و بەشدارییەکەیان کاریگەرتر بێت.