ژنانی خانەنشین: نەبوونی مووچە کاریگەری لەسەرمان هەیە

ژنانی خانەنشین، کە بەشێکیان بەڕێوەبەری خێزانەکانیان و بژێوی دابین دەکەن، بە هۆی دواکەوتنی مووچەوە باری ژیانیان قورستر دەبێت و دەڵێن: پێنەدانی مووچە کاریگەری بەسەر هەموومانەوە هەیە.

شیا کۆیی

 

کۆیە- ماوەی سێ مانگە مووچەی مانگەکانی ١٠-١١-١٢ نەدراوە، ئەمەش ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی قورسکردووە و کاریگەرییەکەی بە تایبەت لەسەر ئەو ژنانەیە کە بەڕێوەبەری ماڵن و بژێوی دابین دەکەن، بە پێی ئەو لیستەی کە بڵاوکراوەتەوە، لە ئەمڕۆوە مووچەی مانگی ١٠ دابەش دەکرێت، بەڵام مووچەخۆران عەوداڵی مووچەی مانگی ١١ و ١٢ن، تا پێداویستییەکانیان پڕ بکەنەوە،

 

ژنانی خانەنشین کە ساڵانێک بێ وچان کاریان کردووە و ئێستا بژێوی ژیانیان تەنها مووچەی خانەنشینییەکەیانە، باس لە کاریگەری نەبوونی مووچە لەسەر ژیانیان دەکەن، کە باری سەر شانیانی قورستر کردووە.

 

فەوزیە ئەحمەد، ژنێکی شاری کۆیەیە و لە سەرەی وەرگرتنی خانەنشینی هاوژینەکەیەتی، وەک خۆی دەڵێت لە ناوچەی پردێوە هاتووە بۆ خانەنشینی، "نەهاتنی مووچە کاریگەری بەسەر هەموومانەوە هەیە، ئەوەی کرێچی بێت چۆن کرێ بدات کە سێ مانگە مووچە نەهاتووە، لەوانەیە ژیانی من لە چاو زۆر کەسدا باشتر بێت، کە مناڵ و نەخۆشیان هەیە، ژیان بۆیان زۆر زەحمەتترە، من کە نەخۆشم شەو خەوم نییە لەبەر ئازار، بەڵام پارەم نییە بچمە لای پزیشک.

 

فەوزیە داوا دەکات گەل هەمووی بە یەک دەنگی بایکۆت بکەن، تا حکومەت بە خۆیدا بچێتەوە و مووچە بدات.

 

ئامینە خدر، ژنێکی دیکەیە و لە چاوەڕوانی مووچە وەرگرتن وەستابوو، زۆر بە دڵ پریەوە دەڵێت: خانەنشینیەکە ئەوها دەماندەنێ و دواکەوتنی مووچەش کاریگەری زۆر هەیە بەسەرمانەوە، کە دەچمە بازار کیلۆیەک تەماتەم پێ ناکڕدرێت.

 

وتیشی: هەموومان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووین، بارودۆخمان زۆر خراپە، لەکاتێکدا دەنگمان پێدان کەچی ئەوهامان لێدەکەن، بۆیە ئەوە هیچ حکومەت نیە و بەزەییان بۆ کەس نییە، منداڵم بە هەتیوی بەخێو کرد ئێستا دەربەدەربوو ڕۆشت بۆ وڵاتانی دەرەوە.