بزووتنەوەی بەهێزی ژنانی ئەفغانستان داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە دەکات
بزووتنەوەی بەهێزی ژنانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، سیاسەتی جیاکارانە و نامرۆڤانەی تاڵیبان داهاتووی نەوەکانی وڵاتەکەی خستووتە مەترسییەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر.

ناوەندی هەواڵ
بزووتنەوەی بەهێزی ژنانی ئەفغانستان سەبارەت بە کردەوەکانی تاڵیبان بۆ سەرکوتکردنی ژنانی وڵاتەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: سیاسەتی جیاکارانە و نامرۆڤانەی تاڵیبان داهاتووی نەوەکانی وڵاتەکەیانی خستووتە مەترسییەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، داخستنی ناوەندە پەروەردەییەکان و بەردەوامی قەدەغەکردنی خوێندن و کارکردنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە شوێنە گشتییەکان و سنووردارکردنی جلوبەرگ و هاتوچۆی ئازادی ژنان و منداڵانی کچ، بووەتە هۆی دوورخستنەوەیان لە کۆمەڵگە و ئەم سیاسەتانە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤن.
وتیان: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان.
ئەوە لە کاتێکدای لە بڕیاری نوێی سەرۆکی حکومەتی تاڵیباندا خوێندنی ژنان لە بەشی مامانی و پەرستاری لە پەیمانگاکان قەدەغەکرا. ئەوەش کاردانەوەی بەرفراوانی ناوخۆی و جیهانی لێکەوتەوە.