بەشداربووانی کۆنفڕانس: ئێمە داوای حکومەتێکی یەکگرتوو و لامەرکەزی دەکەین کە مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات

کۆنفرانسی هاوپەیمانی ژنان هەڵوێستی ژنانی یەکخست و بەڵێنیدا خەبات بۆ زامنکردنی مافەکانی ژنان و پێکهاتەکانی دیکە بەپێی یاسا چڕتر بکاتەوە.

سیلڤا ئیبراهیم 

 

حەسەکە- ڕۆژی  ٢٠ی ئەیلول، کۆنفرانسی هاوپەیمانی ژنان لە ژێر دروشمی "هاوپەیمانی ژنان بناغەی بنیاتنانی دادپەروەری و دیموکراسییە لە سوریایەکی یەکگرتوو و لامەرکەزیدا"، لە شاری حەسەکە لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو، کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتی کۆنفرانسی ئەستێرەکان و کۆبوونەوەی ژنانی زێنۆبیا بەڕێوەچوو، بە بەشداری نزیکەی ٦٠٠ میوان لە پاشخان و پێکهاتەی ئایینی جیاواز لە سوریا. 

 

کۆنفرانسەکە مەودایەکی یەکگرتووی بۆ گفتوگۆ و هاوپەیمانی ڕەخساند، کە هێڵکاری ڕێڕەوی سوریایەکی نوێی داڕشت کە تێیدا ژنان سەرکردایەتی و پێگەیەکی سەرەکییان هەیە، خۆڕاگری خۆیان بەکاردەهێنا بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی بەکۆمەڵ لە داڕشتنەوەی داهاتوویەک کە لەسەر بنەمای ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی دامەزراوە. 

 

"ئێمە تەنها سیستمێکی دیموکراتیک قبوڵ دەکەین کە لەڕووی یاساییەوە مافەکانمان دەستەبەر بکات" 

لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، ئەلیف حەمو، ڕێکخەری کۆنفرانسی ستار، ڕایگەیاند، کۆنفرانسەکە لە ساتێکی گرنگدا بوو بۆ سوریا، چونکە ژنان و پێکهاتەکانی تری سوریا ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری دەبنەوە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشە کە ناوەندگەرایی دەسەپێنێت و ڕەتیدەکاتەوە دان بە مافەکانی هەرگروپێکدا بنێت، جا مافی ئایینی، خێڵەکی، ئیتنیکی بێت بەتایبەتی مافەکانی ژنان، "ئەم کۆنفرانسە ئامانجی یەکخستنی دەنگی ژنان و هەڵوێستیانە بەرامبەر بە ئەقڵیەتی حکومەتی کاتی". 

 

ئەوان جەختیان لە ڕەتکردنەوەی حکومەتێک کردەوە کە بە شێوەیەکی یاسایی دان بە مافەکانی ژناندا نەنێت، هەروەها هەموو ئەو پەیامانەی لە کۆنفرانسەکەوە سەرچاوە دەگرن، ڕەتکردنەوەی خۆیان لە سیستەمی مەرکەزی دەربڕیوە و داوای حکومەتێکی یەکگرتوو و لامەرکەزی دەکەن کە مافی هەموو پێکهاتەکان زامن بکات. 

 

ڕوونیشیکردەوە، کە ڕاستیەکە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دژ بە ژنان لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشە ئاشکرا دەکات، ئەویش بە ئاماژەدان بە دوو ڕووداوی ڕفاندنی دوو ژنی گەنج لەسەر ڕێگای ڕەقە – حەلەب، لەگەڵ ڕووداوی هاوشێوە لە کەناراوەکانی سوریا، لە دیمەشق و حەلەب و عەفرین، هەروەها وتی: "کۆنفرانسەکە نوێنەرایەتی پەیامێکی ڕوونە بۆ حکومەت، کە بە ئەقڵیەتی ئایینی پیاوسالاری و توندڕەو وڵات بەڕێوەدەبات و هەڵاواردنی ڕەگەزی پراکتیزە دەکات". 

 

ڕوونیشیکردەوە، لە کۆنفرانسەکەدا باس لە نوێنەرایەتی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا کرا، بە ڕەتکردنەوەی ڕێژەی ئێستای ٢٠٪، جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی بۆ ٥٠٪ لە سەرجەم دامودەزگاکان و پۆستە بڕیاردەرەکان کردەوە، نەک تەنها لە هەڵبژاردنەکاندا، هەروەها جەختی لە گرنگی گەڕانەوەی سەلامەتی ئەو ئاوارانەی کردەوە کە بە زۆر لە زەویەکانیان ئاوارە بوون. 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنفرانسێکی ژنان لە سەرانسەری سوریا بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ هەڵمەتی بەرفراوان بۆ گەیاندنی دەنگی ژنان بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاوڵاتی، "ئێمە تەنها سیستمێکی دیموکراسی قبوڵ دەکەین کە مافەکانمان لەڕووی یاسایی و لە هەموو ئاستەکاندا دەستەبەر بکات". 

 

''سەرەڕای پێکهاتە جیاوازەکان، کۆنفرانسی یەکگرتوویی ژنان بەرجەستە بوو'' 

ئەمیرە محەمەد، سەرکردە لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان جەختی لەوە کردەوە، کە کۆنفرانسەکە یەکڕیزی و ئیرادەی ژنان بەرجەستە دەکات سەرەڕای هەمەچەشنی پاشخانی نەتەوەیی و ئایینی، هەروەها دەیسەلمێنێت کە ژنان توانای بڕیاردانیان هەیە و دەتوانن سوریا بەرەو دیموکراسی ببەن. 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" بە سەرکەوتوویی ناوچەکەیان لە مەترسی تیرۆرستی داعش پاراستووە، هەروەها ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پاراستن و ئیدارەدان و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا گێڕاوە، ئێستا بەشدارن لە بڕیاردان لە بواری سیاسی و ئابووری و سەربازی و دیبلۆماسی.