ئەنجامنامەی دیداری ڕاوێژکاریی تاژێ ڕاگەیاندرا

ئەنجامنامەی دیداری ڕاوێژکاریی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" بڵاوکرایەوە و ڕاگەیاندرا کە تا ڕزگارکردنی تەواوی ژنانی دیلکراوی کۆمەڵگەی ئێزدی و "بە جینۆساید ناساندنی فەرمانی ٧٤ـەمین لە لایەن عێراقەوە، تێکۆشانی تاژێ بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی هەڵمەتی تاژێ بە درووشمی "بۆ دادپەروەری و ئازادی، تۆش ببە بە دەنگی دیلگیراوانی فەرمانەکە" لە هۆڵی 'پێکەوە ژیان' کە دەكەوێتە نێوان خانەسۆر و سنوونێ، بە بەشداریی ژنە دیلە رزگاربووەکان، ئەندام و بەڕێوەبەرانی تاژێ و ئەندامی دامەزراوەکانی ژنانی شنگال، لە ٥ی ئەیلوولدا دیدارێکی ڕاوێژکاری ئەنجام درا. لە دیدارەکەدا خاوەنداریکردن و بەرزکردنەوەی تێکۆشان بۆ ڕزگارکردنی دیلەکان تەوەری سەرەکی بوو.

 

کۆمیتەی ڕاوێژی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی ئەنجامنامەی دیداری ڕاوێژکاری بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.

 

ئەنجامنامەکە بەم شێوەیەیە:

"هەڵمەتی ڕێکخراوی ژنانی ئێزدی تاژێ و سەمەژێ بە درووشمی 'بۆ دادپەروەری و ئازادی، تۆش ببە دەنگی دیلەکانی فەرمانەکە' لە ١٧ـی تەمووزی ئەم ساڵدا دەستیپێکرد. بەتایبەتی بۆ ڕزگارکردنی ژنانی ئێزدی، بێسەروشوێنکراوان و ناساندنی جینۆسایدی سەر کۆمەڵگەکەمان لە ئاستی نێونەتەوەیی و عێراقدا بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، ڕۆژەڤ دانرا و هۆشیاری دوروست کرا.

بەتایبەتی بۆ ئەو سیاسەتەی کە لەسەر ئێمەی کۆمەڵگەی ئێزدی بەڕێوە دەچێت، گفتوگۆمان کرد و هەڵوێستی پێویستمان نیشان دا، ئەم هەڵمەتە و دیداری هەڵمەتەکە خاوەنی گرنگی و واتاگەلێکی گەورەن. ئازار و برینی قووڵی کۆمەڵگەکەمان، دیلە رزگاربووەکانمان کە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە بە سیاسەتی تایبەت لە خاکەکەیان دابڕێنراون، سیاسەت و شەڕی سپی لەسەر دیلەکان و کۆمەڵگەی شەنگال بەڕێوە دەبەن.

 

ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە دەوڵەتی عێراق دان بەم فەرمانەدا بنێت و یاساکانی پێویست جێبەجێ بکات. تاوەکو ئەم فەرمانە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە وەکو جینۆساید نەناسێنرێت، ئێمە تێکۆشانی خۆمان درێژە پێ دەدەین. هەروەها سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتانی ئەورووپاش جینۆسایدیان پەسەند کردووە، هیچ کارێکیان بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی نەکردووە، هەم دەوڵەتی عێراق و هەم هێزە دەرەکییەکان دەیانەوێت کۆمەڵگەی ئێزدی پارچە پارچە بکەن. بەتایبەتیش لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی هێزە دەرەکییەکانەوە دەیانەوێت کچ و منداڵی ئەو خێزانانەی کە ئازاری گەورەیان چەشتووە، لە خاک و وڵاتەکەیان داببڕن.

 

بۆ ئەوەی کۆمەڵگە و ژنە ئێزدییە دیلەکان و ڕزگاربووەکان تێکۆشانی یاسایی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیان بگەیەننە ئەنجام، دەبێت دۆسیەی یاسایی خۆیان بە بەردەوامی و کاریگەری ببەنە پێشەوە. بۆ ئەوەی جارێکی تر فەرمان بەسەر کۆمەڵگەدا نەیەتەوە، پێویستە لە هەموو کەس زیاتر ئەو دیلانەی ڕووبەڕووی دڕندەیی بوونەتەوە، تێکۆشان بکەن. دەبێت دیلەکان خۆیان لە هەستی قوربانیبوون رزگار بکەن و ببنە خاوەن‌ئیرادە و تێکۆشانی ژنانی ئێزدیخان. ئەو دڕندەییەی کە ئەزموونیان کردووە، دەبێت بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی و ڕای گشتی بە باشی باس بکەن و کاردانەوەکانی پاراستنی مافی ژنان زیندوو بکەنەوە.

 

ئێمە وەکو ژنانی ئێزدی هەم بە چالاکی هەم بە ئیرادەی خۆمان تێکۆشانی هاوبەش بەهێز دەکەین. لەبەرئەوەی ئەو فەرمانانەی ڕوویانداوە، تا ئێستا چارەسەر نەکراون و درکیان پێ نەکراوە. هەم لە گۆڕەپانی عێراق و هەم لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی بە گوێرەی ڕاستیی فەرمانەکە، بەباشی دانی پێدا نەنراوە، لە هەندێک لەو دەوڵەتانەشی کە دانی پێدا نراوە، پێویستییەکانی جێبەجێ نەکراوە. ئەمە تەنها بە تێکۆشانێکی یاسایی بەهێز و بەئامانج دەتوانرێت مسۆگەر ببێت. هەروەها لە ئاستی دەوڵەتی عێراقدا پێویستە ئەو یاسایەی کە بۆ دیلە ڕزگاربووەکان دەرکراوە، بەردەوام لە جێبەجێکردندا بێت و گۆڕانکاری بەسەر ئەم خاڵەدا نەیەت و هەموو خاڵەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکرێن.

 

لە ڕای گشتیی ناوخۆ و دەرەوەدا تەنها لە ڕێی خۆڕێکخستن و بنیادنانی یەکێتییەوە، خۆی بەڕێوەبەرێت و وا لە حکومەتی عێراق و نێونەتەوەیی بکات کە دان بەمەدا بنێت. بۆ ئەم مەبەستەش لە دوورمەودادا تێکۆشانێکی بەهێزی یاسایی پێویستە. هەم لە ئاستی نێونەتەوەییدا، هەم لە ناوخۆدا تێکۆشانێکی بەهێز پێویستە. بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن و تاوەکو هەموویان ڕزگار نەکەین، لە تێکۆشان ناوەستین. بابەتێکی تریش لە مژاری بێسەروشوێنکراواندا، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕاست بکەین، پێویستە گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە تاوەکو بزانین چەند قوربانیمان هەیە. ئەو ژمارەیەی کە بە خەمڵاندن دیاری دەکرێت، ناتوانین وەکو ڕاستی سەیری بکەین.

 

بۆ ڕێکخستنی ئەم ڕاوێژە، ئێمە لەگەڵ ژنانی شەنگالی و هەموو پێکهاتەکاندا کۆبووینەوە و ویستمان پشتیوانی لەم پرۆسەیە بکەین. هەرچەندە پشتیوانی لە ئاستی پێویستیشدا نەکرابێت، ئەوان بەشداری لە ڕاوێژی لەم شێوەیەدا دەکەن. لەم پرۆسەیەدا لەگەڵ زۆرێک لە هۆزەکاندا کۆبووینەوە و درێژەمان بە گفتوگۆ دا تاوەکو ئەوانیش پشتیوانی لەم پرۆسەیە بکەن و ببن بە بەشێک لە تێکۆشان دژی ئەو دڕندەییەی ڕوویداوە.

 

بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی بتوانێت باوەڕیی خۆی بپارێزێت، پێویستە لەسەر خاکی خۆی بژی، لە دەرەوەی خاکەکەت تۆ ناتوانیت پیرۆزییەکانی خۆت بپارێزیت و بیگوازیتەوە بۆ نەوەی نوێ.

 

هەروەها بۆ ئەوەی بتوانین تێکۆشانێکی یاسایی و دەستووری بەڕێوەبەرین، لە ئەورووپاش کاری هاوبەش بەڕێوەدەبەین. ئەم هەنگاوە لە پێنج مانگدا سنووردار نابێت، تاوەکو هەموو دیلەکان ئازاد دەکرێن، گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدەدرێنەوە و ستاتۆی شەنگال مسۆگەر دەکرێت، ئەم تێکۆشانە بەردەوام دەبێت.