بەردەوامیی سەرکوتکردنی خوێندکارانی ناڕازی... سزادانی ژنێکی گەنج بە ١٢ ساڵ زیندانی کردن
نەجمە ئەمینی، خوێندکارێکی ناڕازیی خەڵکی شاری مەشهد و دەستبەسەرکراو لە زیندانی "واکیلئاباد"ی مەشهد، بە تۆمەتی "ئەنجامدانی کاری مەیدانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی"، سزای ١٢ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خوێندکاری لە ئێران بڵاو کراونەتەوە، نەجمە ئەمینی، خوێندکاری تەمەن ٢٣ ساڵ و خوێندکاری بەشی ژمێریاری، سزای ١٢ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێنرا.
دەسەڵاتدارانی ئێران چەندین تۆمەتیان ئاراستەی ئەم خوێندکارە کردووە، لەوانە "ئەنجامدانی کاری مەیدانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی"، ئەم سزایە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕش لە مەشهد دەرچووە و پێی ڕاگەیاندراوە.
نەجمە ئەمینی لە ٣١ی کانوونی دووەمدا، لە کاتی پشکنیینەکاندا لە ناوچەی بازاڕی فیردەوسی لە شاری مەشهد، دوا ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و لێدان بووەوە، دەستبەسەر کرا و پاشان بۆ زیندانی واکیلئاباد گوازرایەوە، بە نزیکەی سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسی لە بەشی ئەمنیی زینداندا بەسەر بردووە و ئێستاش لەو بەشەدا کە بە "ئارامش" ناسراوە، دەستبەسەرە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، نەجمە ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکردنیەوە لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەرێکی هەڵبژاردەی خۆی و لە مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بێبەش کراوە، ەروەها ڕووبەڕووی تۆمەتەکانی وەکو ”یاخیبوونی چەکداری"، "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل"، "بێڕێزیکردن بە سەرکردەی گەورەی ئینقلابی ئیسلامی" و "بەریەککەوتن لەگەڵ ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان"، هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا فشارێکی زۆری لەسەر بووە بۆ دەرهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ.
دۆسیەیەکی تر لە دژی ئەم خوێندکارە بە تۆمەتی "قسەی ناشرین بە پێغەمبەر" لە بەردەم لقی شەشەمی دادگای تاوانەکانی خۆراسان ڕەزەوی کراوەتەوە و بڕیارە کۆبوونەوەی دادگا لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.