ڕێبەر ئاپۆ و زیندانییانی ئیمراڵی لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا دیداریان کرد

ڕێبەر ئاپۆ و عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە لە ئیمراڵی دیداریان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا کرد.

ناوەندی هەواڵ- ئەمڕۆ بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، ڕێبەر ئاپۆ و عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش، کە لە زیندانی جۆری Fـی ئاسایشی باڵای ئیمراڵی زیندانی کراون، دیداریان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا کرد.

 

لە سەردانەکەدا برای ڕێبەر ئاپۆ،  محەمەد ئۆجالان و برازاکەی عومەر ئۆجالان، برای کۆنار، عەلی کۆنار، برای یەڵدرم، پۆڵات یەڵدرم، خوشکی ئاکتاش، سەبیحە ئاکتاش، چوونەتە ئیمراڵی.

 

عومەر ئۆجالان ئەندامی پەرلەمانی دەم پارتی ڕەحا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی، بڵاوکردەوە؛ لە پەیامەکەدا وەها هاتووە: "سڵاو لە حەماسەتی گەورەی گەلەکەمان بۆ لە ئامێزگرتنی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە جەژنی نەورۆزدا دەکەم، و دووبارە پیرۆزبایی نەورۆز و جەژنی ڕەمەزان لە گەلەکەمان دەکەم."

 

ئەم دیدارە لەکاتێکدا دێت، کە چەندین ساڵە ڕێگری دەکرێت لەوەی بنەماڵە و پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ سەردانی ئیمراڵی بکەن.