بەهۆی ئاگری ماڵان و تەشەنکردنی بۆ خوێندنگەکان لە کۆنگۆ ٢٩ خوێندکار گیانیان لەدەستدا

ئاگرکەوتنەوەیەک کە لە ماڵێکەوە دەستیپێکرد و دوو خوێندنگەی شاری بوکاڤۆی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیکی گرتەوە، کارەساتێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ٢٩ قوتابی گیانیان لەدەستداوەو ٢٥ی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە کە لە ماڵێکەوە دەستیپێکردو تەشەنەی بۆ دوو خوێندنگە لە شاری بوکاڤۆی پایتەختی پارێزگای کیڤۆی باشوور لە ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ "DRC" کرد، گەیشتە ٢٩ کەس.

 

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە ماڵێک لە گەڕەکی سیمپوندا لە ناوچەی کادوتو لە بوکاڤو دەستیپێکردووە و خوێندنگەکانی ئوجاما و فوراهای سەرەتایی بڵاوبووەتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە ٢٩ خوێندکار گیانیان لەدەستداو ٢٥ خوێندکاری دیکەش بریندار بوون کە چواریان بە سەختی بوون.

 

دەوترێت ئەو دوو خوێندنگە دارانە بە تەواوی وێران بوون و زیاتر لە ٣٠٠ خانوو لە ناوچەکانی دەورووبەریدا جێگەی نیشتەجێبوونیان نەبووە، بەپێی زانیارییەکان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.