یەرەژە بانگەوازی بۆ خاوەندارێتی لە کۆمپانیای گزنگی بەربەیان دەکات

یەرەژە، بەرامبەر بە داخستنی دامودەزگاکانی ژنان لە سلێمانی ناڕەزایەتی دەربڕی و داوای پاراستنی ژنانی ڕۆژنامەنووسی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٣١ی کانوونی یەکەم، ئاسایشی سلێمانی، بە بڕیاری حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی سلێمانی، هەریەک لە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) و ڕێکخراوی نوێگەر بۆ پەرەپێدانی هونەر و ڕێکخراوی مەرزیە بۆ دەرخستنی تواناکانی ژنانی بە بێ بوونی بەڵگەیەکی  فەرمی دادگا داخست و هاوکات کارەکانی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، کە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی میدیاییە و بۆ کاناڵی ژن تیڤی بەرنامە بەرهەمدەهێنێت ڕاگرت.

 

یەکێتی ڕاگەیاندنی ژن-یەرەژە، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی سەبارەت بە داخستنی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمپانیای گزنگی بەربەیان کە بەرنامە بۆ ژن تیڤی بەرهەم دەهێنێت، بڵاوکردەوە.

 

یەکێتی ڕاگەیاندنی ژن-یەرەژە، سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەم هێرشانە بۆ سەر ڕیکخراوەکانی ژنان، ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم هێرشە لەسەر بنەمایەکی سیاسییە و لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، کۆمپانیای گزنگی بەربەیان یەکەم کۆمپانیایە لە باشووری کوردستان کە کار بۆ نیشاندانی دەنگی ژنان دەکات و لە ماوەی ٧ ساڵ کارکردنیدا بە ئامانجی دەرخستنی  دەنگی هەموو ژنێک کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبردووە، هەرەوەها چیرۆکی هەموو ژنێکی بە شایستەی تۆمارکردن زانییوە و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر، گوندێک بە گوندێکی تر گەڕاوە و چیرۆک و ئازارەکانی ژنانی تۆمارکردووە.

 

هەروەها تیشک خراوەتە سەر ئەوەیکە لە شوێنێکی وەک باشووری کوردستان کە تەنیا حوکمڕانی و دەسەڵاتی پیاوانە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەیە، کارکردن لە سەر ناسنامەی ژن و بە ئامانجی ئازادی ژن دیارە گەورەترین تاوانە. ئەم بڕیارەش ئاماژەیە بۆ ئەم ڕاستییە. ئەوان نایانەوێت ژنان لە باشووری کوردستان خاوەنی ئیرادە و ناسنامەیەکی بەهێز بن کە دژی سیستمی ئێستا تیکۆشان بکەن.

 

هەر لە کۆتایی ئەم ڕاگەیاندراوەدا یەکێتی ڕاگەیاندنی ژن-یەرەژی پشتگیری خۆی لە ڕاگەیاندووە و بانگەوازی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان لە باشووری کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان دەکات و خاوەندارێتی لەم دەزگا بکەن کە بۆ ماوەی ٧ ساڵە بوویە دەنگی ژنان.