بەهار مونزیر: درێژەدەری خەباتی یەنار محەمەد دەبین
بەهار مونزیر، بەڕێوەبەری تۆڕی هەشتی مارس دەڵێت: یەنار محەمەد بۆ پارێزگاری کردن لە ژنانی عێراق لە بەغداد نیشتەجێبوو، بەڵام لە لایەن تاریک پەرستەکانەوە تیرۆرکرا، ئیمە درێژەدەری خەباتی دەبین.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ یەنار محەمەد، لە ساڵی ١٩٦٠ لە بەغدا لەدایک بووە، ئەو لە ناو خێزانێکی ئازادیخواز لە شارەکە گەورە بووە و ژیا، کە دایکی مامۆستای خوێندنگە و باوکی ئەندازیار بوو، لە ساڵی ١٩٨٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا لە تەلارسازی تەواوکردووە و لە ساڵی ١٩٩٣ ماستەری بەدەستهێناوە، دوای خوێندنی باڵا و گەشتکردن بۆ کەنەدا، لە پارتی کۆمۆنیستی کرێکاران لە عێراق چالاک بوو، دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ وازی هێنا، لە ساڵی ١٩٩٥، خێزانەکەی لە عێراقەوە گواستیانەوە بۆ کەنەدا. لە ساڵی ١٩٩٨، رێکخراوێکی دامەزراند بە ناوی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنانی عێراق، کە پێشینەی ڕێکخراوی ئازادی ژنان بوو لە عێراق، جگە لەوەی کە خوشکە بچووکەکەی هاوسەری پێشووی چواردە ساڵان هاوسەری پێشووی هێنا، ئەمەش یەکەم جار هانی یانار محەمەد دا کە داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکات، دوای داگیرکردنی عێراق بە ڕابەرایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، یەنار محەمەد گەڕایەوە بۆ بەغدا ، دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق، ڕێکخراوی ئازادی ژنانی لە عێراق دامەزراند کە لە دوای داگیرکردنی ئەمریکاوە چالاک بوو بۆ پشتیوانیکردن لە مافەکانی ژنان، ڕێکخراوەکە پەناگە و خانووی پارێزراوی بۆ ژنان دامەزراند بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی هەڕەشەی توندوتیژی خێزانی و کوشتنی ناموسی لەسەرە، هەروەها سەرپەرشتی چالاکی بەردەوامیان کرد لە دژی قاچاخی ژنانی گەنج و وانە بۆ فێرکردنی ژنانی چالاکوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و داکۆکییان لە یەکسانی ژنان، لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی عێراقی کرد.
هەمیشە لە خەمی پاراستنی ژناندا بوو شەڵتەری دامەزراند
یەنار محەمەد تۆڕێکی شەڵتەری ژنانی دامەزراند لە چوار شاری عێراق کە لە ماوەی ١٦ ساڵدا خزمەتی زیاتر لە ٨٧٠ ژن دەکات، بۆ کارەکانی لەم گروپەدا لە ساڵی ٢٠٠٨ خەڵاتی مافەکانی ژنانی دامەزراوەی گروبەر و خەڵاتی رافتۆی نەرویجی ٢٠١٦پێبەخشرا، هەروەها چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٣٠ ژنی زیندانی کردووە و یارمەتی داون، دوای ئەو چاوپێکەوتنانە کەسێک لە سزای لەسێدارەدان ڕزگار کرا و هەندێکی دیکەش لە گەڕانەوە بۆ ناو بازنەی قاچاخی سێکس ڕزگار کرا، پاشان سەرنووسەری ڕۆژنامەی "فێمینیستی موسەواتی" بوو، لە ساڵی ٢٠١٨، ناوی یەکێک لە ١٠٠ ژنی بی بی سی بوو، لە زانکۆی تۆرۆنتۆ لە پەیمانگای ئۆنتاریۆ بۆ خوێندنی پەروەردە خوێندویەتی و تێزی ماستەری نووسیوە بە ناونیشانی "تیۆریزکردنی خەباتی فێمینیستی لە عێراقی دوای جەنگ ٢٠٠٣-٢٠١٨.
خۆپیشاندەرێکی بەردەوامی مەیدانی تەحریر بوو
لە ساڵی ٢٠٢٠، خۆپیشاندەرێکی بەردەوامی مەیدانی تەحریر بوو لە بەغدا، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠ گەڕایەوە بۆ کەنەدا دوای ئەوەی لە عێراق هەڕەشەی دەستگیرکردنی لێکرا، ڕەخنەی لە یاسادانانی عێراقی گرت کە "یاسای ئایینی شیعە لە یاسای خێزاندا چەسپاندووە، کە بە مێردەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی چاودێری منداڵان دەکات و مافی جیابوونەوە بەبێ ڕەزامەندی ژنەکە دەبەخشێت" و سنووردارکردنی هاوسەرگیری منداڵان کەم دەکاتەوە، دەسەڵاتی تاریکپەرستی لە عێراق ژنێکی ئازادی خوازی پێ قبوڵ نەدەکرا بۆیە، لە کاتژمێر نۆی بەیانی٢ی ئاداری ٢٠٢٦، یەنار محەمەد، سەرۆکی رێکخراوی ئازادی ژن لە عێراق و ئەندامی کۆمیتە ناوەندی رێکخراوەی بەدیلی کۆمۆنیستی، لەلایەن دوو تیرۆرسیتی ماتۆر سوارەوە لە شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆی لەشاری بەغدا تیرۆر کرا، یەنار محەمەد، یەکێک کە هەڵسوڕاوانی بەرجەستەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و سەرۆکی رێکخراوەی ئازادی ژن و کۆمۆنیستێکی چالاک بوو، کە لەگەڵ رێکخراوەی بەدیلی کۆمۆنیستی خەریکی کارو تێکۆشان بوو.
" یەنار کاری بۆ ژنانی ئێزدی و کۆیلەکراو دەکرد، ئەو ژنانەی بۆ ئازادی ژنان تێکۆشان دەکەن تیرۆر دەکرێن"
بەهار مونزیر، بەڕێوەبەری تۆڕی هەشتی مارس سەبارەت بە تیرۆرکردنی یەنار محەمەد ئاژەی بەوەکرد، لە ئەنجامی هەڕەشەی تیرۆر بۆسەر یەنار محەمەد چەندین خەڵات و بڕوانامەی جیهانی پێدراوە، وتی: لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعس بە ڕەگەزنامەی کەنەدییەوە لە عێراق لە وڵاتێکی ژنکوژ و پاوسالارانەدا دەژیا، بە ئامانجی کارکردن لەسەر پرسەکانی ژنان گەڕایەوەو دەستی بە کار و خەباتکرد، یەنار ئەو دەنگە دلێرە بوو کە ڕۆژانە کاری لەسەر بەکۆیلەکردنی ژنان، بەشووردانی منداڵان، توندوتیژییەکان و بەکاڵاکردنیان و کارکردن لەسەر ژنانی ئێزدی ئەنجامدەدا، پاشان لە عێراقدا کاری لەسەر یاسای مدەوەنەی جەعفەری دەکرد ڕۆڵی کارای لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی قەتیسکراوی عێراق هەبووە، پاشان لە سەروبەندی خۆ ئامادەکردن بۆ ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان خۆیان ئامادە دەکرد، کە تیرۆرکردنەکەیان کردە پەیامێک بۆ چالاکوانانی دیکە، ڕۆژێک بەر لە تیرۆرکردنی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چەندین بابەتی گرنگ و هەستیاری سەبارەت بە چالاکییەکانی ٨ی ئادار و بارودۆخی ژنان لە عێراقدا خستوەتەڕوو، دیارە چاودێری لەسەر بووە، لە ماڵەکەی خۆیدا بەرەبەیانێک تیرۆر دەکرێت، تیرۆرستان ئامانجیان ترساندن و کشانەوەی ژنانی دیکەی چالاکوانانە بەڵام دەبینین چالاکییەکانمان فراوانتر دەبێت و ژنان بەردەوامن و پاشەکشە ناکەن لە داواکردنی مافەکانی خۆیان، پاشان یەنار محەمەد، وەک سیمبولێکی ٨ی ئادار کە تێکۆشانی ژنانە مەڕاسیمەکان تایبەت بە ڕۆحی یەنار دەکەین، سەرەڕای تیرۆرکردنی لە بەغداد ڕێگری لە دەربڕینی ناڕەزای چالاکوانان بۆ تیرۆرکردنی یەنار ئەنجامدراوە، پێویستە دەنگی ژنان یەکبێت تا نەتواندرێت ڕێگرییەکان بۆ یەکسانی ژنان ئەنجامبدرێت.
دەربارەی پەیوەندی نێوانی لەگەڵ یەنار محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندییەکە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ لە نەرویج دەگەڕێتەوە، کە ئەندامی ڕێکخراوی ئازادی ژن بوون، وتی: من ٢٢ ساڵ بەر لە ئێستا کارو خەباتمان لە ڕێکخراوەکەیدا لە شاری نەرویج ئەنجامدەدا، لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٥دا سیمینارێکم لەگەڵ گروپەکە ئەنجامدا، تێیدا باسمان لە بارودۆخی ژنان لە پاش نەمانی ڕژێمی بەعس دەکرد، پاشان چەندین سەردامان بۆ ڕێکخراوە نەرویجییەکان کردووە، هەروەها چەند ساڵێک بەر لە ئێستە ڕێکخراوەکەیان لە عێراق مۆڵەتیان پێ نەدابوو، ڕێگریان لە کارو چالاکییەکانی دەکرد، بەڵام ئێمە باگێشتمان کرد، نپێکەوە لە ڕێکخراوێکدا کۆبوونەوەمان ئەنجامدا، لە ڕێگەی کۆنگرەیەکەوە پشتیوانیمان دەربڕی، یەنار محەمەد زۆر دڵخۆشبوو بە کارەکەمان، هەروەها خەڵاتی ڕافتۆی نەرویجی لە پای هەوڵ و ماندوبوونی لە خەبات و مافەکانی ژنادا پێبەخشرابوو.
"ژنێکی پڕ لە ئازادی و بوێری بوو"
لە کۆتایی قسەکانیدا بەهار مونزیر وتیشی: پەیوەندییەکانمان بەردەوام بوو، پاڵپشتی و هەماهەنگی و پیکەوەیمان هەبوو، لە پای هەموو ئاستەنگییەکان دەوەستاینەوە، بۆیە ئێمەی چالاکوانان و ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژنێکی پڕاوپڕ لە ئازادی و بوێرمان لەدەستدا، ئێمەی چالاکوانان بەردەوامین لە داواکردنی بە سزاگەیاندنی ئەو کەسانەی هەڵستاون بە تیرۆرکردنی یەنار محەمەد، بەڵام ئەوکەسانەن بیرێکی کۆنەخوازیان هەیە، بەڕووی ئازادی و داواڕەواکانی ژنان و دەنگهەڵبڕینی ژنان دەوەستنەوە، ژنانی ئازادیخواز و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان تیرۆر دەکەن، ئێمەش بۆ بەرپەچدانەوەی کوشتن و تیرۆرەکان بەردەوام دەبین لە خەباتی یەکسانی و ئازادیمان، هەرگیز ناتوانن دەنگی دلێری ژن کپ بکەن.