بەڕازیل... ٦٠%ی قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی تەمەنیان لە خوار ١٤ ساڵەوەیە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوێکی ناحکومی، ساڵی ڕابردوو بەڕازیل زیاتر لە ٨ دەستدرێژی سێکسی لە کاتژمێرێکدا تۆمارکردووە، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە .

 

 

ناوەندی هەواڵ- بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ڕێکخراوێکی ناحکومییەوە بڵاوکراوەتەوە، ساڵی ڕابردوو حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی لە بەڕازیل گەیشتە ئاستێکی تۆمارکراو، لە کاتێکدا وڵاتەکە زیاتر لە ٨ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لە کاتژمێرێکدا تۆمارکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆماری پۆلیس و بەڵگەنامە فەرمییەکانی دیکە لە بەرازیل، زیاتر لە ٦٠%ی قوربانییەکانی دەستدرێژی سێکسی تەمەنیان لە خوار ١٤ ساڵەوە بووە و زیاتر لە ١٠%ی قوربانییەکان تەمەنیان لە خوار چوار ساڵەوە بووە، نزیکەی ٧٠%ی دەستدرێژییەکان لە ماڵی قوربانییەکاندا ڕوویانداوە.

هەروەها بەگوێرەی کۆڕبەندی بەرازیل بۆ ئاسایشی گشتی، ساڵی ڕابردوو لە بەڕازیل ٧٤ هەزارو ٩٣٠  حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە، کە نزیکەی ٢.٨%  زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١.

جولیانا مارتینس، ڕێکخەری کۆڕبەندەکە ڕوونیکردەوە کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا، قوتابخانەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بە داخراوی ماونەتەوە و قوربانییەکان لەژێر یەک سەقفدا ماونەتەوە لەگەڵ ئەوانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەریان، لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەکان، ژمارەی سکاڵا تۆمارکراوەکان لەلایەن قوربانییەکانەوە زیادی کردووە، تێبینی ئەوە دەکات کە زۆرێک لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی ڕاپۆرت نەکراون، بۆیە ئەگەری زۆرە بارودۆخەکە خراپتر بێت لەوەی کە داتاکان پیشانی دەدەن.