بازاڕێکی کاتی بۆژنانی دەستڕەنگین کرایەوە

زیاتر لە ٦٠ ژن لە کۆیە بەرهەمەکانیان لە بازاڕێکی کاتیدا نمایش کرد ، کە پێکهاتبوو لەبەرهەمی جۆراوجۆر لە خواردنی کوردەواری و ئەو روپی و شیرنەمەنی و کاری دەستی تا دانولە و زۆریش دەفرۆشرا.

شلێر کۆیی

 

کۆیە- دوێنێ لە فێستیڤاڵێک کە ڕێکخراوی ئۆسکار بۆ پەرەپێدانی تواناکانی خانمان، لە پارکی فاتیح ڕەسوڵ لە کۆیە ڕێکی خستبوو، ژنانی دەستڕەنگینی کۆیە بە ئامادەبوونی میوانێکی زۆر بەرهەمەکانیان نمایش کرد.

 

دیا شێروان، خوێندکاری کۆلیژی یاسا بەکارێکی نوێ بەشداری کردبوو وتی:  لەمێژە دەسمپێکردووە بەشێوەی ئۆنلاین،  بیرۆکەکە نوێیە چونکە بەهەموزمانە بیانیەکان هەیە بەڵام یەکەم جارە من بەزمانی کوردی ئیشم لەسەرکردووە، بیرۆکەکانم خستە سەر زمانی کوری، ئەویش ئەوەیە چیرۆک دەنووسین کە تێیدا تاوانێک ڕویداوە، تاوانبارەکە نادیارە پێویستە تاوانبارەکە ببینیەوە لەناو گومان لێکراوەکان، کە لەناو کەیسەکەدان، واتە دەبیە لێکۆلەری کەیسەکە، یەکەم ڕۆژە فرۆشتنی ڕاستەوخۆ بکەین چونکە ئێمە هیچ فرۆشگاو شتمان نییە تەنها کارەکانمان بە ئۆنلاینە، بۆیە سوپاسی ژنانی ئۆسکار و پارکی فاتح ڕسوڵ دەکەین کە ئەو دەرفەتەی بۆ ئێمە ڕەخساند.

 

سۆزی هیمداد، پیشەی مامۆستایە بە کۆمەڵێک پرۆشەری پەیمانگاکەیان بەشداری کردووە، بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەو بازاڕکردنەوە پەیمانگاکەیان بناسێنن، وتی: سوپاسی ڕێکخراوی ئۆسکار دەکەم کە ئەو دەرفەتی بۆ ژنان ڕەخساندووە، خۆیان وکارەکانیان بناسێنن،ئەوەش زۆر گرنگە بۆ ژنان بەتایبەت ئەوانەی بەهرەیەکیان هەیە و خۆیان کاری سەربەخۆ دەکەن لەناو ماڵەکانیان یان لە شوێنەکانیان، تا خەڵکیش بزانێت و بیانناسێت لەڕێگەی ئەو بازاڕکردنەوە،  پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان پاڵپشتیان بکەن تواناکانیان گرنگی پێبدەن.

 

لەبەرئەوەی خاوەنپێداویستی تایبەتە دەرفەتی نەبووە خوێندن تەواو بکات

جریوە ئەوکچە خاوەن پێداویستیەیە کە لەزگماکیەوە ئیفلیجە، بەڵام خۆی سەرقاڵکردووە بە درووستکردنی موورو ئێکسسوارات، بەهیە خدر، دایکی جریوە وتی: کوڕو کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەتم هەیە، بەهۆی ئەوەی لە کۆیە شوێنی تایبەت نییە بەوان تەنانەت نەیانتوانی خوێندن تەواو بکەن بەهۆی ئەوەی قوتابخانەی تایبەت بەوان نەبوو، هیچ سەنتەرێک نیە، ئەوانەش گەنجن پێویستیان بە شوێنێکە تێیدا کات بەسەر ببەن، بۆیە منیش لەماڵەوە دەرفەتم بۆ ڕەخساندووە خۆی ئەو شتانە دروست بکات بە موورو چونکە جریوە زەینی ڕەونە زیرەکە بۆ ئەوشتانە، و ئێمەش هاوکاریانین.

 

نەشمیل حەمید، ساوەری کوڵاندوە وەک دانولە دەیفرۆشت هەروەها زرۆبی درووست دەکات وتی: دانولە خواردنێکی کوردی کۆنەو ئێستا وەرزیەتی بۆیە منیش بیرم کردەوە بیهێنم بۆ ئەو بازاڕەی ئەمڕۆ چونکە ساڵی ڕابردووش جارێکی دی هێنام خەڵک زۆری پێ خۆشبوو بۆیە ئەمڕۆش هێنام.

 

هێلین ئیسماعیل ژنی ماڵەوەیە ئاماژەی بەوەکرد، شەش ساڵە کاری کولیچە دروست کردن دەکات لەگەڵ دایکی، بە ئۆنلاین دەیفرۆشێت و یەکەم جارە بەشداری بازاڕکردنێکی لەو شێوەیە بکات وتی: سوپاس ئەو ڕێکخراو پارکە دەکەم دەرفەتیان بۆ ڕەخساندوین کە ڕاستەوخۆ کاری فرۆشتن بکەین، ئەوەش هاندەرێکە بۆ ئێمەی ژنان کارەکانان بەرەو پێش ببەین، چونکە هەر ژنەو بەهرەیەکی هەیە و گرنگ نییە خاوەن بڕوانامەی یان نەتخوێندووە گرنگە خۆت بدوزیتەوە کارێک بۆخۆت ببینیەوە.

 

"دەمەوێت ژنان بەردەوام بن لە کارەکانیان"

شنۆ جلیل، یەکێک لە میوانانی بازاڕکردنەکە وتی: ئەوجۆرە فێستیڤاڵانە زۆر پێویستن لەهەموو شارەکان بکرێت تا ژنان بەرهەمەکانیان بخەنە ناو بازاڕ ، ئەوەش بۆ ناساندنی بابەتەکان و هەر وەها ناساندنی کولتوورو خاردنی کوردی و جلو بەرگی کوردی، گرنگە، هاوکات داهاتێکە بۆ ژنەکان، ژنانی کورد بەتایبەت ژنانی کۆیە دەستڕەنگین جێدەستیان دیارە،  ئەوەی بینیمان بە گشتی شتەکان جوان بون خواردنەکان تایبەت بوون بەتایبەت شیرینیەکان، نرخەکانیش زۆر گونجاو بوون چونکە زۆر کات نرخەکان لە شارە بچوکەکان کەمترە لەچاو شارە گەورەکان. لەکۆتاییدا دەمەوێت ژنان بەردەوام زن لەکارەکانیان و ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە ببێتە هاندانێک بۆ کاری ژنان ، چونکە زۆربەی ئەو ژنانە هەلی کاریان بۆ نەڕەخساوە و بەشێکیان دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکانن، خۆیا دەستیان بەکاری سەربەخۆ کردووە.

 

نیگار حەمەد، لەدەستەی کارگێڕی ڕێکخراوی ئۆسکار سەبارەت بەچالاکیەکانیان وتی: لە ژماردن نایە تا ئێستا چەند فێستیڤاڵ و بەبازاڕکرنمان بۆ ژنان کردۆتەوەو هەموو وەرزەکان بە پێی گونجان و کاتی هاتنی موچە ئێمە ئەو بازاڕانە بۆ ژنان ساز دەکەین، ئەمجارە زیاتر لە ٦٠ ژن بەشدارە بە شتی جیاوازو جۆراو جۆر، و زۆر دڵم خۆشە دەبینم ئەمڕۆ ئەو هەموو خەڵکە هاتووە وا دەزانم من کاری فرۆشتنم کردوەە هەمووی هی منە ئەوەندە دڵم پێخۆشە، دەمانەوێت ژنان هان بدەین لەسەرکارەکانیان و لەماڵ بێنە دەرەوە بەرەو بە بەهرەکانیان، ئەوژنانە شتەکانیان لەسەر ٨۰ مێز نمایش کردووەو خۆیان زیاتر لە ٦٠ ژنن.