باری دەروونیی پزیشکێکی دەستبەسەرکراو لە ئێران تێکدەچێت

سەکۆی ”ئێران وایەر” تێکچوونی باری دەروونیی زەینەب سلێمانی، پزیشک لە زیندانی ”دەولەت ئاباد” ڕاگەیاند، بەهۆی ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیدا، بێ ئەوەی تا ئێستا هیچ تۆمەتێکی فەرمی ئاراستە کرابێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە سەکۆی ڕاگەیاندنی ”ئێران وایەر”ەوە بڵاو کراوەتەوە، زەینەب سولەیمانی، پزیشکی منداڵان دەستبەسەر کراوە و لە ئێستادا لە زیندانی ”دەولەت ئاباد” لە ئەسفەهان لە ژێر چاودێریدایە، ئەمەش بەهۆی پێشکەشکردنی هاوکاری بە خۆپیشاندەران لە مانگی كانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا.

 

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زەینەب سولەیمانی، پزیشک لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا دەستبەسەر کراوە و زۆرینەی ماوەی دەستبەسەرکرانی لە ژوورێکی تاکەکەسیدا بەسەر بردووە.

 

ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردووە، کە لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تاوەکو مانگی تشرینی یەکەمی ئێستا، سێ جار بۆ نەخۆشخانەی ”فارابی” بۆ نەخۆشییە دەروونی و دەمارییەکان لە ئەسفەهان گواستراوەتەوە.

 

ڕاپۆرتەکە لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە گواستوویەتیەوە و وتی: لە مانگی كانوونی دووەمدا خەریکی دەرکردنی پارچەی گوللـە بووە لە جەستەی بریندارەکاندا، بۆیە دەستبەسەریان کرد، باری دەروونیی زۆر تێکچووە، پێش دەستبەسەرکردنی هیچ کێشەیەکی دەروونی نەبووە، دیارە لە کاتی مانەوەی لە ژووری تاکەکەسیدا ناچاریان کردووە دەرمان بخوات، تا ئێستا سێ جار بۆ نەخۆشخانەی دەروونی گواستراوەتەوە.

 

جەختی لەوە کردووە، کە زەینەب سولەیمانی، پزیشک لە مانگی تەمموزی ئەم ساڵدا بۆ بەندی گشتی گواستراوەتەوە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی باری دەروونییەوە، دیسانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گەڕێنراوەتەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئێستادا، بۆ جاری سێیەم بۆ نەخۆشخانەی دەروونی و دەماری لە ئەسفەهان گواستراوەتەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی زەینەب سولەیمانی کراون، لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە بێ دیاریکردنی چارەنووسی لە بەندیخانەدا ڕاگیراوە، تا ئێستا هیچ دادگایەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی بەڕێوە نەچووە.