بانگهێشتکردن و هەڕەشەکردن لە چالاکانی ژن لە شاری سنە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ژنان

لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی ژناندا، هێزەکانی فەرەج لە شاری سنە چەندین چالاکی مەدەنییان بانگهێشت کردووە، لەوانە سورەیا خدری، سیمین چایچی، بەهار زەنگیبەند و بەڵێننامەی نووسراویان گرتووەتە بەر و هۆشدارییان داوە لە بەشداریکردن لە هەر کۆڕ و کۆنفڕانسێک.

ناوەندی هەواڵ- دوێنێ پێنجشەممە، ٦ی ئاداری ٢٠٢٥، لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی ژنان، هێزەکانی فەرەج (فەرماندەیی جێبەجێکردنی یاسای کۆماری ئیسلامیی ئێران) چەندین چالاکی مەدەنی و ژنانی سوننەیان بانگهێشت کرد و بەڵێننامەیەکی نووسراویان لێ وەرگرت کە بە بۆنەی ٨ی ئادار لە هیچ کۆبوونەوە و کۆنفڕانسێکدا بەشداری نەکەن.

 

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سورەیا وخدری، سیمین چایچی و بەهار زەنگیبەند لەو کەسانەن کە دوێنێ پێنجشەممە ٦ی ئادار بانگهێشتی فەرماندەیی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران کران. ئەم چالاکوانانە دوای هەڕەشە و بەڵێننامە ئازاد کران.

بانگهێشتکردنی چالاکوانانی ژن لە سەروبەندی ٨ی ئاداردا دێت، لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوودا فشارە ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە مەراسیمەکانی پەیوەست بەم ڕۆژە زیادی کردووە.