بۆ نوێنەرایەتی سیاسی ژنان بانگەوازی چالاکی دەکرێت
مادلێن عبێد، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی شارۆچکەی تل تەمر دەڵێت: بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەتدا مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز، داوای لە ژنان کرد دژی دوورخستنەوەیان لە ناوەندەکانی بڕیاردان، دەست بە چالاکیی ناڕەزایەتی بکەن.
سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر- لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی سووریا "ئەنجومەنی گەل)"، کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی کورسییەکانی تەرخانکراو بۆ ژنان نیگەرانی جددی سەبارەت بە داهاتووی نوێنەرایەتی ژنان لە بڕیارداندا دروستکردووە، ئەم کەمبوونەوەیە تەنها لە ئاستی یاسادانان نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی لاوازبوونی ڕۆڵی ژنانە لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەمنی و سەربازیدا.
بەربەستی یاسایی و پاشەکشەی ڕێژەیی
لە ڕوانگەی یاساییەوە، نەبوونی میکانیزمی وەکو پشکی ژنان لە یاسای هەڵبژاردنەکانی سووریادا دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی ئاستی نوێنەرایەتی سیاسی بۆ ژنان، ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ پێشێلکردنی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان (سیداو)ە کە سووریاش واژۆی کردووە، سیستەمی یاسایی ئێستا ناتوانێت مسۆگەری یەکسانی ڕەگەزی لە دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەتدا بکات.
مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی ساڵان هەیە
ئەو پاشەکشەیەی لە ناوەندەکانی بڕیاردا دەبینرێت، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دەرئەنجامی خەباتی ساڵانێکی ژنان، ژنانی سووریا و بەتایبەت ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان کە ساڵانێکە بەرەنگاری ستەم و هەژاری و ئاوارەیی و هەموو جۆرە توندوتیژییەکی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی مەترسیی دوورخستنەوەی تەواو لە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، تا زیاتر ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان دوور بخرێنەوە، پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانیان لە یاسای نوێدا قورستر دەبێت.
هەر لەو پێوەندییەدا مادلێن عبێد، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی شارۆچکەی تل تەمر، گرنگی بەشداری ژنانیان لە پڕۆسەی سیاسی بۆ ئاژانسەکەمان هەڵسەنگاند.
”بۆ کۆمەڵگەیەکی ئارام و دادپەروەر و هاوسەنگ زۆر گرنگە ژنان بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن”
مادلێن عبێد وتارەکەی بەم شێوەیە دەستپێکرد، کە زۆر گرنگە ژنان بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی ئارام و دادپەروەر و هاوسەنگ بونیاد بنێن، هەروەها ژنان ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا، چونکە ژنان خودی کۆمەڵگەن، بوونی ژنان و بەشداری سیاسییان هەنگاوێکی گرنگە، نەک تەنها لە ڕووی شێوازەوە بەڵکو لە ڕووی بڕیاردانی ڕاستەقینەشەوە، ژنان دەتوانن لە کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتی و منداڵان تێبگەن و بیانهێننە ناوەندەکانی بڕیاردان، ئەگەر بڕیارە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بونیاد بنرێت، پێویستە ژنان لە هەموو شتێکدا بەشداربن کە پەیوەندییان بە حکومەتەوە هەیە.
مادلێن عبێد ئاماژەی بەوەدا، کە دوای ١٤ ساڵ لە شەڕ، سووریا لە قۆناغێکی نوێی گواستنەوەی سیاسیدایە و هیوادارە بەشداری ژنان لە پێشوو بەهێزتر بێت و وتی: بوونی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا توانای ئەوانی سەلماندووە بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام و ئاشتیانە، بوونیان لەم چوارچێوەیەدا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندوودا.
”ژنان دەتوانن هاوسەنگی و چارەسەری کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ بکەن”
مادلێن عبێد ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگە هەوڵدەدات ژنان لە پاشخاندا بهێڵێتەوە سەرەڕای ئەوەی ژنان دەتوانن هاوسەنگی خێزان و کۆمەڵگە بکەن، وتی: ئەو ژنانەی دەتوانن خێزان بونیاد بنێن دەتوانن گەلێکیش بونیاد بنێن، چونکە وزەیان هەیە و دەتوانن هاوسەنگی و چارەسەری زۆر پرس بکەن، جا چ پرسی سیاسی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی، پەروەردە و مافەکانی مرۆڤ، بەشداری ژنان لە هەموو مەزهەب و نەتەوەکان لە پرۆسەی سیاسیدا زۆر گرنگە، ئەم بەشدارییە هاودەنگی زیاتر بەرەوپێش دەبات، چارەسەری زیاتر بۆ داهاتوو پێشکەش دەکات و بێ گومان کۆمەڵگە بەهێز دەکات، مێژوو شایەتحاڵی دەستکەوتەکانی ژنانی سووریایە، لە شەڕڤانان و سەرکردەکانەوە تا مامۆستا، ئەندازیار، پارێزەر، زانا و پزیشک، بۆیە ئێستا دەتوانن بڕیاری چارەنووسساز بدەن.
”دەبێت هاوسەنگییەکی دادپەروەرانە لە نوێنەرایەتی سیاسی ژنان لە پەرلەمانی سووریادا هەبێت”
مادلێن عبێد بیری هێنایەوە کە پێویستە هاوسەنگییەکی دادپەروەرانە لە نوێنەرایەتی سیاسی ژنان لە پەرلەمانی سووریا هەبێت و تێبینی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: بینیمان کە پشکی پیاوان لە پەرلەمان زۆر زیاترە لە پشکی ژنان، هەرچەندە ژنانیش دەتوانن ئەو پۆستانە لە پەرلەماندا هەڵبگرن.
نهێنی حکومەتی کاتی بۆ دەرکردنی ژنان لە پرۆسەی سیاسی!
مادلێن عبێد بۆچوونی خۆی سەبارەت بە نهێنی پشت دوورخستنەوەی ژنان لە مەیدانی سیاسی لە سووریا دەربڕی و وتی: دوورخستنەوەی ژنان و نکۆڵیکردن لە ڕۆڵی سیاسییان لە هەوڵی دوورخستنەوەیان لە سیاسەتەوە سەرچاوە دەگرێت لە کاتێکدا حکومەتی کاتی هەوڵدەدات کۆمەڵگەیەکی تەواو پیاوسالاری بەبێ بەشداری ژنان بونیاد بنێت، لە هەمان کاتدا ئەمە ڕێگری دەکات لە ڕکابەریکردنی سووریا لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو کە ڕێز لە ژنان و مافەکانیان دەگرن و بەهێزیان دەکەن و ڕێگری دەکات لە پێشکەوتنی لەو شێوەیە، چونکە دەبینین زۆرێک لە ژنان بە پزیشک و پارێزەر و ئەندازیار و تەنانەت زاناکانیشەوە لە سووریا دەکوژرێن، ئامانج لە کوشتنیان کەمکردنەوەی ڕۆڵی ژنانە لە شوێنی کار و لە شوێنی گشتی و ئامادەبوونیان.
بێ بەشداری ژنان چی لەدەست دەچێت!
مادلێن عبێد سەرنجی بۆ بەشدارینەکردنی ژنان و ئەو دەرئەنجامە نەرێنییانەی کە سەرهەڵدەدەن ڕاکێشا و وتی: بەبێ بەشداریی ژنان لە پڕۆسەی سیاسیدا، دیموکراتیک و گەشەسەندن و بڕیاردانی واتادار نییە، ژنان دیدگایەکیان هەیە بۆ داهاتوو، بەتایبەتی سەبارەت بە منداڵ و خێزان و تەندروستی و پەروەردە، بەبێ بەشداری سیاسی ژنان، نە ناسنامەی ژنان وەک ژن دەناسرێت، نە مافەکانیان لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە دانپێدانراوە، نە ڕۆڵی ئەوان لە خێزاندا دانپێدانراوە، بەم شێوەیە ڕۆڵی ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە پشتگوێ دەخرێن.
داواکارییەک بۆ وڵاتانی بەشدار لە پرۆژەی سووریا
مادلێن عبێد بانگەوازی بۆ وڵاتانی بەشدار لە قەیرانی سووریا کرد و وتی: سووریا چووەتە قۆناغێکی نوێی سیاسییەوە، بۆیە دەبێت ژنان بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن، چونکە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، لە ئێستادا مافی ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە پرۆسەی سیاسیدا وردە وردە کەم دەبێتەوە، ئەوەی کە زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانی بۆ پیاوان تەرخانکراوە، ئەوە دەرخەری متمانەی سیاسی حکومەتی کاتی سووریایە، بۆیە گرنگە وڵاتانی بەشدار لە قەیرانی سووریا دەستوەردان بکەن بۆ ڕێگریکردن لە دابەزینی مافەکانی ژنان، چ لە ئێستادا و چ لە داهاتوودا.
دەست بکە بە چالاکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان
مادلێن عبێد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: داوا لە هەموو ژنانی سووریا دەکەم خۆیان لە خۆپیشاندانەکاندا ڕێکبخەن بۆ داواکردنی مافەکانیان، جا لە بەردەم پەرلەمانی سووریا بێت یان لەبەردەم هەر دامەزراوەیەکدا کە هەوڵی پەراوێزخستن یان نەهێشتنیان بدات.