ژنانی قەندیل: شەهید بێریتان هێمای بەرخۆدان و ڕادەستنەبوونە
لە ٣٤هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی گوڵناز کاراتاش "هەڤاڵ بێریتان"، ژنانی بناری قەندیل یادو ناوی ئەو وەک هێمای ئازایەتی، بەرخۆدان و ڕادەستنەبوون دەگێڕنەوە دەڵێن: شەهید بێریتان سیمبولی بەرەنگاربوونەوەو پێشەنگایەتی ژنانە.
قەندیل
گوڵناز کاراتاش، ناسراو بە "هەڤاڵ بێریتان" خەڵکی دێرسیمی باکووری کوردستانە، ئەو لە ژینگەیەکدا گەورە بوو کە تێیدا کێشە سیاسییەکان، فشارە ئەمنییەکان و هەستی نەتەوەیی کاریگەرییان لەسەر ژیانی خۆی و دەورووبەری دانابوو.
گوڵناز لە ساڵی ١٩٨٩دا لە بەشی زانستی ئابووریی زانکۆی ئابووریی ئیستەنبوڵ وەرگیرا. لەوێدا لەگەڵ خوێندکارانی وڵاتپارێزدا بەشداریی چالاکییە بەرهەڵستکارانەکانی کرد و ماوەیەک لە زیندانی بایرامپاشا زیندانی کرا، دوای ئازادبوونی لە ٩ی ئایاری ١٩٩١، بڕیاری بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلادا داو لە چیای جودی پەیوەندی بە ڕیزەکانی گەریلا کرد، لەو قۆناغەدا ناوی بێریتانی بۆ خۆی هەڵبژارد، ناوێک کە دواتر لە مێژووی بەرخۆدانی کورددا جێگایەکی تایبەتی پەیدا کرد.
لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢دا، لە کاتی شەڕەکانی خواکورک، شەهید بێریتان لە گەمارۆی دوژمناندا کەوتە بارودۆخێکی زۆر دژوار، تا دوا ساتەکانی ژیانی بەرخۆدانی کردو لەبری ڕادەستبوون، چەکەکەی شکاندو خۆی لە لوتکەی شاخەکەوە فڕێدایە خوارەوە.
هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا هاوڕێیان و شؤڕشگێران هەڤاڵ بێریتان بەبیردەهێننەوە.
"شەهید بێریتان تا ئێستاش کاریگەری لەسەر هەموو ژنانی کوردستان هەیە"
سەروین جەلال، چالاکوان لە بناری قەندیل قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: شەهید بێریتان تەنها ناوێک لە مێژووی بەرخۆدانی کورددا نییە، بەڵکو سیمبولێکی ئازایەتی، پێشەنگایەتی و ڕادەستنەبوونە، شەهید بێریتان ژنێکی ئازا و بوێر بوو کە لە ساڵی ١٩٩٢دا، لە کاتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانانی ناوخۆییەوە بۆ سەر گەریلاکانی ئازادی لە خواکورک، لە بەرامبەر هێڵی خیانەت و داگیرکاری وەستایەوە، تا دوا فیشەک بەرخۆدانی کرد و ڕازی نەبوو چەکەکەی بکەوێتە دەست دوژمن، ئەو لەبری ڕادەستبوون، چەکەکەی شکاندو خۆی لە لوتکەی شاخەکەوە فڕێدایە خوارەوە؛ کردارێک کە بووە هێمایەکی مێژوویی لە مێژووی بەرخۆدانی ژنانی کورددا، شەهید بێریتان تا ئێستاش کاریگەری لەسەر هەموو ژنانی کوردستان هەیەو بۆ ئێمە ژنان هێمای بەرخۆدانە، ئەو سەلماندی کە پێشەنگایەتی تەنها بۆ پیاوان نییە و ژنانیش دەتوانن پێشەنگ بن..
بە وتەی سەروین جەلال، کاریگەریی بەرخۆدان و پێشەنگایەتی شەهید بێریتان بووەتە هۆی ئەوەی یادی ئەو لە چوارچێوەی دروستبوونی ڕێکخراوە سەربازییەکانی ژناندا بکرێتەوە؛ هەنگاوێک کە بە بۆچوونی ئەو، بەرەنگارییەکی گرنگ بووە لە دژی دەروونناسیی پیاوسالاری و سنووردارکردنی ڕۆڵی ژنان.
"گواستنەوەی مێژووی ژنانی کورد بۆ نەوەی نوێ گرنگە"
دلۆڤان سەباح، چالاکوانی بناری قەندیل، لە باسکردنی یاد و ڕۆڵی شەهید بێریتاندا، بە ژنێکی ئازا پێناسەی کرد کە ژیان و تواناکانی خۆی لە پێناوی باوەڕ و ئامانجەکانی خۆیدا خستە مەیدانی بەرخۆدان وتی: کاتێک ناوی شەهید بێریتان دەبیستم، بیر لەو ژنانە دەکەمەوە کە لە ناو شاخەکاندا، لە سەرما و گەرما، لە ناو زەحمەت و سەختیدا، خۆیان و ژیانیان بۆ گەلەکەیان بەخشیوە.
دلۆڤان سەباح، بە ئاماژە بە سەختییەکانی ژیان لە شاخەکانی کوردستان وتی: ژنانی قەندیل باش دەزانن کە ژیان لەو بارودۆخەدا چەند دژوارە؛ بۆیە یادکردنەوە لە ژنانی وەک بێریتان، ڕێز و خۆشەویستییان بۆ ئەو کەسانە زیاتر دەکات کە لە ڕێگای باوەڕ و ئامانجەکانیاندا بەردەوام بوون، گرنگی گواستنەوەی مێژووی ژنانی کورد بۆ نەوەی نوێ گرنگەو من پێم وایە ئێمە دەبێت یاد و ناوی ئەو ژنانە بپارێزین و چیرۆکی ژیانیان بۆ منداڵەکانمان بگێڕینەوە، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بزانێت ژنانی کورد چ ڕۆڵێکیان لە مێژووی گەلەکەیاندا هەبووە.
"ئامانجی ژنانی قەندیل ژینگەیەکی پڕ لە ئاشتییە"
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئامانجی ژنانی قەندیل ئەوەیە کە منداڵەکانیان لە ژینگەیەکی پڕ لە ئاشتی و سەربەرزیدا گەورە ببن، خۆشەویستیی نیشتمان و پاراستنی خاک و سروشتی کوردستان فێر ببن، بە ڕێزەوە یادی شەهید بێریتان و هەموو ئەو ژنانە دەکەینەوە کە لە پێناوی باوەڕ و ئامانجەکانیاندا گیانیان بەخت کردووە، هیوا دەخوازم ڕۆژێک بێت هەموو ژنانی کوردستان بە ئاشتی و ئازادی بژین.