"بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێری تێکۆشان گەورە بکەن"

ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەڵامی بانگەوازی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان دایەوە و ڕایانگەیاند کە لە ڕێگەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییەوە، خاوەنداری لە کەرامەت و ئازادی گەل دەکەن.

یارا خەلەف

 

ڕەققە- خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی شەهبا-عەفرین و هێرشەکانی سەر ناوچەکە بانگەوازی خۆپاراستن و سەفەربەری ڕاگەیاند.

 

عەرەب، کورد، سریان، تورکمان و نەتەوەکانی دیکە بە پێشەنگایەتی ژنان دوای ئەو تێکۆشانەی کە ساڵانێک بەردەوام بوو، دەستکەوتی زۆریان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەبوو و پێکەوە کار بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە دەکەن، ئەو ژنانە پەیامی خۆیان بۆ سەفەربەرییەکە ڕاگەیاند و وتیان: بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی لە هەموو لایەک خۆیان دەپارێزن.

 

"سەفەربەری گشتی پێویستییەکی بەپەلەیە"

هادیە ئەحمەد لە دێرەزوورەوە وتی: لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، سەفەربەری گشتی پێویستییەکە و دەبێت هەموومان بەرگری لە خاکی خۆمان بکەین، ڕاگەیاندنی سەفەربەری گشتی لەلایەن خۆبەڕێوەربەرییەوە وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکانمان دەدات، ئامانجیان تەنها خاک نییە، بەڵکو لەناوبردنی شوناس و کولتووری خەڵکە، پێویستە هەموومان ئاگاداری ئەم هەڕەشەیە بین و یەکڕیز بین، پاڵپشت و هاوکاری هەموو یەکەکان بن، شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی تەنیا شەڕی سەربازی نییە، شەڕی ئازادی و ئیرادەی گەلە، پێویستە ئامادەبین بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانمان، بانگەوازی هەموو لایەک دەکەم کە بەشداری ئەم بەرخۆدانە بکەن، هەموو هەوڵ و دەنگێک لەم شەڕەدا گرنگە، پێویستە وەڵامی سەفەربەری گشتی بدەینەوە، چونکە ئەمە بانگەوازێکە بۆ هۆشیاری و خۆپاراستنمانە، پێویستە یەکبگرین بۆ پاراستنی خاکەکەمان و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی پارێزراو.

بانگەوازی بۆ یەکڕێزی

بوسەینا عەبدۆ، وتەبێژی دەستەی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕایگەیاند: هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ئەمڕۆوە دەستی پێنەکردووە، ساڵانێکە بەردەوامە، سەرەتا بە داگیرکردنی جەرابلوس، عەفرین، گرێ سپی، سەرێکانی، ئیدلب و ناوچەکانی دیکە دەستیپێکرد و ئێستا بە داگیرکردنی ناوچەکانی دیکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات کاریگەری خۆی لەسەر خاکی سووریا فراوانتر بکات و دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت و خەونەکانی خۆی لەڕێگەی ئەم چەتانەی کە پارەی بۆ دابین دەکات، عوسمانییەکی نوێ بەدیبهێنێت، دەوڵەتی تورکیا یارمەتی ئەم چەتانە دەدات بۆ بڵاوکردنەوەی پشێوی و قەیران لە سەرتاسەری سووریادا، پێویستە هەموو خەڵک لە دژی ئەم هێرشە داگیرکارییانە کۆببنەوە و خاکەکەیان بپارێزن.

"بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی تێکۆشان و بەرخۆدان گەورە بکەن''

هیند داغستانی، ئەندامی بڕێوەبەری ئەنجومەنی گەلی دیموکراتیک، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هێرشانە پلانی دەوڵەتی تورکیان بۆ داگیرکاری و وتی: ئەم پلانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە جێبەجێ دەکرێت و دەیەوێت خاکی سووریا لە حەلەبەوە تا موسڵ داگیربکات، هەر بۆیە داوا لە گەل دەکەین بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی تێکۆشان و بەرخۆدان گەورەتر بکەن، بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژییە دووبارە نەبێتەوە، پێویستە ئارامی گەل بپارێزین و لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکگرتوو بین.