هەڵمەتی "ئازادی بۆ وریشە مورادی" هۆشداری لە دۆخی نالەباری زیندانی قەرچەک دەدات

هەڵمەتی "ئازادی بۆ وریشە مورادی" هۆشداری دا لە تێکچوونی توندی بارودۆخی ژنە زیندانیانی سیاسی کە لەناکاو لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی قەرچەک لە ورامین گواسترانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

زیندانی قەرچەک لە ورامین، شایەتی تێکچوونی مەترسیدارە لە بارودۆخی زیندانیانی ژن، بەتایبەتی ئەو زیندانییە سیاسیانەی کە بەم دواییە بە زۆر لە زیندانی ئێڤینەوە گواستراونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لە پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ و بارودۆخی دەستبەسەرکردنی دڕندانە و نامرۆڤانە دەکەن.

 

دوای ١٥ ڕۆژ لە گواستنەوەی زۆرەملێی دەیان ژنە زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی قەرچەک لە ورامین، هەواڵەکان سەبارەت بە تێکچوونی توندی بارودۆخی ژیان و تەندروستییان دەرکەوتووە، هەڵمەتی "ئازادی بۆ وریشە مورادی" ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو مەترسییە جەستەیی و دەروونیانەی کە لە ئەنجامی ئەم گواستنەوەیە دروست دەبن، داوای دەستوەردانی بەپەلەی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی کرد.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دۆخی دەستبەسەرکردنی زیندانیانی ژن بەتایبەتی لە بەشی کەرەنتینەی زیندانی قەرچەک بەرەو خراپتر دەچێت، هەروەها باری جەستەیی و دەروونیشیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات، سەرەڕای بەرکەوتنی سنووردار لە نێوان بەشێک لە زیندانییەکان و بنەماڵەکانیان، بەڵام هێشتا بەڕێوبەرایەتی زیندان وەڵامی سکاڵا و ناڕەزایەتییەکانی زیندانیانی نەداوەتەوە.

 

سەبارەت بە وردەکاریی بارودۆخی کارەساتبار لە زیندانی قەرچەک کە ئازارەکانی زیندانییە ژنەکانی زیاتر کرد، لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە تێکچوونی بارودۆخی ناو زیندانی قەرچەک کراوە. وتی: ئەو گەرمایە زۆرە لەگەڵ نەبوونی ساردکردنەوە، ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر ژیانی زیندانییە ژنەکان دروست دەکات، سەرەڕای بەڵێنی فەرمی، تەنها یەک ئەیرکۆندیشن دانراوە، ئەوانی دیکەش بە تەواوی شکاون یان ونبوون.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بە ڕوونی دامەزراوەی زیندانەکان بەرەو خراپتر دەچن، دەستشۆرەکان ستانداردی تەندروستییان نییە، لە ڕۆژانی سەرەتای گواستنەوەکەدا، لافاوی ئاوی ئاوەڕۆ هەبوو کە بە شێوەیەکی کاتی بە چینێکی چیمەنتۆ داپۆشرابوو بەبێ ئەوەی هیچ چاککردنەوەیەکی ڕاستەقینە ئەنجام بدرێت، هەروەها زیندانییە ژنەکان بەدەست نەبوونی کەرەستەی سەرەتایی پاکوخاوێنی دەناڵێنن، ئەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و تێکچوونی دۆخی تەندروستی گشتی زیاد دەکات، لە نەبوونی ئامێری جل شۆردن، زیندانییە ژنەکان ناچار دەبن بە بەکارهێنانی مەنجەڵی چێشتلێنان جلەکانیان بشۆن، دیمەنێک کە ڕادەی پشتگوێخستن و ئازارەکانی ڕۆژانەی ناو زیندانەکە کورت دەکاتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، یەکێک لە دیارترین ئاڵەنگاریەکان کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی زیندانیانی ژن دەبێتەوە، بارودۆخی ناپارێزراوی چێشتخانەکەیە، کە تەنها ئاگردانی گازی تێدایە لە کاتێکدا ئامێرێکی گازی پیشەسازی پێوە دانراوە کە بە مەترسی دادەنرێت، لە ترسی ئاگرکەوتنەوە یان تەقینەوە، زیندانییەکان خۆیان لە بەکارهێنانی دوور دەخەنەوە بۆ دڵنیابوون لە پارێزراوی خۆیان، هەروەها زیندانییە ژنە تازە گواستراوەکان ڕێگەیان پێنادرێت بچنە زۆربەی ئەو بەشانەی بەردەستە، چونکە لە یەک کەرتدا سنووردارکراون لەناو زیندانەکەدا، کە دابینکردنی کەمی هەیە،هەروەها چوونە ژوورەوەیان بۆ بەشەکانیتر و شوێنە گشتیەکانی دیکە قەدەغە کراوە، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی دابڕانیان لە زیندانییەکانیتر.

 

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە بارودۆخی نامرۆڤانەی ناو خانەکان کراوە، کە ژوورەکان تەنانەت کەمترین شوێن و هەواگۆڕکێیان نییە و لەڕادەبەدەر قەرەباڵغن، زیندانییەکان ناچارن قەرەوێڵەی سێ قات بەکاربهێنن کە هەریەکەیان پانییان لە ٦٥ سانتیمەتر زیاتر نییە، ئەمەش توانای دانیشتن یان جوڵەکردنیان بە ئازادی لەناو خانەکەدا بێبەش دەکات، ئەمەش ئازاری جەستەیی و دەروونییەکانیان زیاتر دەکات.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لە زیادبوونی بەرچاوی گرژی و ناڕەحەتی دەروونی لەنێو زیندانییەکان کراوە، لە ئەنجامی بارودۆخی سەختی دەستبەسەرکردن، نەبوونی هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتوویان، دابڕانی تەواویان لە جیهانی دەرەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و بێ هیوای لەنێوانیاندا.

 

ئەم هەڵمەتە بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد، داوای دەستێوەردانی خێرا و بەتایبەتی ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بۆ کۆتایی هێنان بەم پێشێلکارییە پەرەسەندووانە و ئازارە بەردەوامەکانی زیندانیانی سیاسی ژن لە زیندانی قەرچاکدا کرد.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا هەڵمەتی "ئازادی بۆ وریشە مورادی" دەسەڵاتی بە فشاری سیاسی سیستماتیکی لەسەر زیندانیانی سیاسی ژن تۆمەتبار کرد، بە لەبەرچاوگرتنی گواستنەوەی زۆرەملێیان بۆ زیندانی قەرچەک، بەتایبەتی دوای هێرشی سەربازی بۆ سەر باڵی ژنانی زیندانی ئێڤین، ڕێکارێکی سزایی بە ئامانجی زیادکردنی ئازار و فشارە دەروونییەکانیان، ئەم کارە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی مافی مرۆڤ پێکدەهێنێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نابێت چاوی لێبکات.