ڕاپرسییەک: ٩٧.٧٩٪ی کوردی باکوور داوای خوێندنی کوردیی دەکەن
بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ناوەندی سۆسیۆ پۆلەتیک، زۆرینەی ڕەهای کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا، دەیانەوێت بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و یەک لەسەر چواریشیان دەتوانن زۆر بە باشی بە کوردی قسە بکەن.

ناوەندی هەواڵ
ناوەندی سۆسیۆ پۆلەتیک بۆ لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان، لە کۆتایی مانگی تەمووز ڕاپرسییەکی ئەنجامداوە و بەگوێرەی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، ٩٧.٧٩٪ـی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا داوا دەکەن، بە کوردی بخوێنن لە ناوەندەکانی خوێندندا.
لە ڕاپرسییەکەدا، کە لە ٢٣ شاری باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجام دراوە، دەردەکەوێت ٢٣.٥٪ی بەشداربووان دەتوانن زۆر بە باشی بە کوردی قسە بکەن.
وەک لە راپرسییەکەدا دەردەکەوێت، زۆربەی ئەو کەسانەی ناتوانن بە باشی بە زمانی دایکیان قسە بکەن، ئەو کەسانەن گەنجن و ئاستی خوێندەوارییان بەرزە.
بەگوێرەی ماددەی سێیەمی دەستووری تورکیا، تاکە زمانی فەرمیی تورکیا تورکییە و ڕێگەش بە گۆڕینی ئەو ماددەیە و ماددەکانی یەکەم و دووەمی دەستوور نادرێت.