٨ی ئادار ئاهەنگ نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی بەرخۆدانە
لە ٨ی ئاداردا جلی ئاهەنگگێڕان لەبەر ناکەم، بەڵکو دەنگی خۆم لەبەر دەکەم.
لەیلا جامع- نووسەر و چالاکوانی ژنان
بۆ ئێمە لە سۆماڵ ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان بۆنەیەکی سیمبولی نییە، نە وتارێکی تێپەیش نییە سەبارەت بە بەهێزکردنی ژنان کە پێشکەش بکرێت و دواتر لەبیر بکرێت، بەلکو ڕۆژێکە کە ئێمە دژی مێژوویەکی دوور و درێژی شەڕ و داڕمانی سیاسی و هەژاری و توندوتیژی ڕەگەزی وەستاوین بۆ ئەوەی بڵێین: ئێمە لە پەراوێزدا نین... ئێمە لە دڵی خەباتی دادپەروەری و ئاشتیداین.
لە وڵاتی مندا ژنان بە دەیان ساڵ شەڕی چەکداری و ناسەقامگیری و ئاوارەبوونی زۆرەملێدا تێپەڕیون، ئەوان باری بژێوی ژیانی خێزانەکانیان و نەبوونی ئاسایش و نەبوونی تەنانەت سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانیشیان لە ئەستۆ گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک مێژووی سۆماڵ دەنووسرێت، زۆرجار باسی شەڕەکان دەکرێت، بەڵام چاوپۆشی لەو ژنانە دەکرێت کە ژیانیان کردە دڵنیای.
لە کامپەکانی ئاوارەیی، لە گوندە دوورەدەستەکان، لە گەڕەکە بەناوبانگەکانی مۆگادیشۆ، ژنان لە هێڵی پێشەوە وەستاون: بەدوای ئاودا دەگەڕێن، چاودێری برینەکان دەکەن، منداڵەکانیان دەپارێزن و هەموو ڕۆژێک دانوستان لەسەر ژیان دەکەن، بەڵام لە بەرامبەردا ڕووبەڕووی توندوتیژیی نەوتراوی ناوماڵ و کۆمەڵایەتی و پراکتیزە زیانبەخشەکانی وەک خەتەنەکردنی مێینە و هاوسەرگیری پێشوەختە و دوورخستنەوە لە بازنەکانی بڕیاردانی سیاسی و پەراوێزخستنی ئابووری کە کارەکانیان نەبینراو و بێ باج دەکات، ئەمانە بابەتی ژنانی گۆشەگیر نین، بەڵکو پرسگەلێکی نیشتمانین کە کاریگەرییان لەسەر داهاتووی هەموو سۆماڵ هەیە.
لە هاوپەیمانی نادا، ئەمساڵ دروشمی "لە کوێ ژن هەبێت، دادپەروەری و ئاشتی هەیە" بەرز دەکەینەوە، من پێم وایە ئەمە دەستەواژەیەکی شیعری نییە، بەڵکو ڕاستیەکی سیاسییە، ئاشتییەکی بەردەوام لە سۆماڵدا دروست نابێت بەبێ بەشداریکردنی ژنان لە دانوستانەکانی ئاشتەوایی و داڕشتنی دەستوور و داڕشتنی سیاسەتی ئابووریدا، هەروەها ناتوانین باسی گەشەسەندن بکەین لە کاتێکدا نیوەی تواناکانی کۆمەڵگە بەدەر بکەین.
ژنانی سۆماڵ خۆیان سەلماندووە کە ئاشتیخوازی سروشتین، ئەوان نێوەندگیری لە نێوان خێزانە ناکۆکەکاندا دەکەن، پشتگیری لە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتەوایی ناوخۆیی دەکەن و پڕۆژەی بچووک ئەنجام دەدەن کە کۆمەڵگە ماندووەکان زیندوو دەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە دەرکردن لە مێزە فەرمییەکان کە بڕیاری چارەنووسسازیان تێدا دەدرێت.
٨ی ئادار ڕۆژێکە بۆ ئەوەی بە ڕوونی بڵێین: داوای پاراستنی یاسایی کاریگەر دەکەین بۆ ژنان لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک، ئێمە داوای نوێنەرایەتی سیاسی ڕاستەقینە دەکەین نەک تەنها سیمبولی، ئێمە داوای سیاسەتی ئابووری دەکەین کە ژنانی کرێکار لەبەرچاو بگرن، بەتایبەتی ئەوانەی لە کەرتی نافەرمیدان، ئێمە داوای پەروەردەیەکی پارێزراو و دادپەروەرانە دەکەین بۆ منداڵانی کچ لە هەردوو ناوچەی شار و گوندەکان، دووپاتی دەکەینەوە کە کەرامەتی ژنانی سۆماڵ جێگەی دانوستان نییە.
هەروەها بەشێکین لە خەباتێکی بەرفراوانتری ناوچەیی، لە فەڵەستینەوە تا سودان و لە یەمەنەوە بۆ کوردستان، ژنانی هەرێمەکەمان خەباتێکی هاوبەش لە دژی شەڕ و داگیرکاری و دەسەڵاتە کۆنەپەرستانەکان و سیاسەتگەلێک کە هەژاری و پەراوێزخستن قووڵتر دەکەنەوە، هاوبەشن. هاودەنگیمان شتێکی خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو فەرمانێکی سیاسی و ڕەوشتییە.
من وەک چالاکوانێکی سۆماڵی ئەمڕۆ نەک لە پێگەی زیانبەرکەوتوو، بەڵکو لە هەڵوێستی بریکارەوە دەنووسم، ئێمە تەنها وەرگری یارمەتی نین، هەروەها تەنها ژمارە نین لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئێمە ژنین کە دیدگایەکمان هەیە بۆ داهاتوویەکی جیاواز: سۆماڵێکی دیموکراتیک و دادپەروەرانە کە ماف و ئازادی بۆ هەمووان دەستەبەر بکات.
لەم ٨ی ئادارەدا داوای بەزەیی ناکەین، ئێمە پابەندبوونی خۆمان بە خەباتی هاوبەش ڕادەگەیەنین، وە بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە کە دەنگی ژنانی سۆماڵ بە دەنگی بەرز و ڕوون و دڕکێک لە دیوی هەموو سیستەمێکی جیاکاری و ستەمکاریدا بمێننەوە.
چونکە بۆ ئێمە ٨ی ئادار تەنها ڕۆژێک نییە لە ڕۆژژمێردا، بەڵکو پانتاییەکە بۆ بەرخۆدان و هیوای نوێبووەوە و بۆ ئیرادەیەکی بێوچان کە دادپەروەری لێرەوە دەست پێدەکات، بە دەنگی ژنێک کە دەڵێت: بەسە، و کاتی گۆڕانکاریش هاتووە.