٣٠ ساڵ خەبات... گەڕان بەدوای دادپەروەری و بێسەروشوێنەکان بەردەوامە

تەنانەت بەردەکانی مەیدانەکەش هاواریان دەکرد و دەیانوت (کوا ونبوونمان؟) خەباتی سێ دەیەی"دایکانی شەممە" تەنیا لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا سنووردار نییە. خەبات بۆ دادپەروەری بەرجەستە دەکات، بێدەنگی دەسەڵاتی دادوەری و نکۆڵی دەسەڵاتی سیاسی ئاشکرا دەکات.

سەرپیل سافوملو

 

ئیستەنبوڵ-ئایسل ئۆجاک جەختی لە گرنگی مەیدانی گەڵاتەسەرای کردەوە، وەک هێمایەک بۆ کۆبوونەوەی خێزانەکان لەگەڵ ئازیزانە ونبووەکانیان، داوای کرد قەدەغەکردنەکە هەڵبگیرێت و بەڕووی "دایکانی شەممە"دا بکرێتەوە.

 

هەندێکیان بە دوای کوڕەکانیاندا دەگەڕان، هەندێکیان بۆ کچەکانیان، هەندێکیان خوشک و برایان نەبوو، هەندێکیان باوکیان هەبوو... شوێنی کار و ماڵ و شەقام و خوێندنگەکانیان بەجێهێشت، بۆ ئەوەی جارێکی تر نەبینرێنەوە. دوای ئەو بەریەککەوتنە کۆتاییە، ئۆتۆمبێلە سپییەکانی "توروس" و پەیوەندییە تەلەفۆنییە نەخوازراوەکان و دەستگیرکردنەکان و هەڕەشەکان هاتنە ئاراوە. ئەو ڕۆژانەی ئەم ڕووداوە بە ئازارانەیان هێنا دەستیان پێکرد. لەگەڵ هەر ونبوونێکدا وەک ئەوە وابوو کات بۆ ساتێک لە شوێنی خۆیدا وەستابێت. بەڵام کاتێک ناویان لە ساڵنامەکەدا دەرکەوت، کاتژمێرەکە دەستی کردەوە بە تیک لێدان.

 

ئەوانەی بەدوای کەمترین شوێنەواری ئازیزانە ونبووەکانیاندا دەگەڕان، داوای دادپەروەرییان دەکرد، بۆ بەردی گۆڕێک خەباتیان دەکرد، لە مەیدانی گەلاتەسەرای کە وەک یادگاری خۆیان هەڵیانبژارد، بەرەنگاری کات بوون و کۆڵیان نەدا.

 

ماوەی ٣٠ ساڵە "دایکانی شەممە" بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئازیزەکانیان کە لە دەستبەسەریدا بێسەروشوێن بوون. ئەم تەڤگەرەیە درێژترین تەڤگەری نافەرمانی مەدەنیی تورکیایە، داوا دەکات چارەنووسی بێسەروشوێنەکان ئاشکرا بکرێن و بەرپرسانی بێسەروشوێنبوونیان بدرێنە دادگا و ئەوانەی هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.

 

"یەکەم ناڕەزایەتی بۆ حەسەن ئۆجاک بوو"

"دایکانی شەممە" سەرەتا ئەو پرسیارەیان کرد کە "هاوڵاتیانی ونبوومان لە کوێن؟" لە کاتی دانیشتنێکدا لە مەیدانی گەڵەتەسەرای لە ٢٧ی ئایاری ١٩٩٥. ئەمە یەکەم ناڕەزایەتی بوو بۆ داوای دادپەروەری بۆ حەسەن ئۆجاک، کە لە ساڵی ١٩٩٥ لە کاتی دەستبەسەریدا دیارنەما، دواتر تەرمەکەی کە نیشانەکانی ئەشکەنجەدانی لەسەر بوو، لە گۆڕستانێکی بێسەروشوێنان دۆزرایەوە.

 

حەسەن ئۆجاک کاتێک دەستگیرکرا تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو. خێزانەکەی جارێکی تر نەیانبینی. کاتێک پرسیاریان لەبارەیەوە کرد، وەڵامی فەرمی دەوڵەت ئەوە بوو کە "هیچ زانیارییەکمان لەبارەیەوە نییە". دایکی ئیمین ئۆجاک چەندین جار پرسیاری لەبارەیەوە کردووە، بەڵام لێی دراوە، دواتر دەستگیرکراوە، دواتر زیندانی کراوە. دوای ٥٨ ڕۆژ خێزانەکە بۆیان دەرکەوت کە لە گۆڕستانێک بۆ بێسەروشوێنەکان بەخاک سپێردراوە. چیرۆکی حەسەن ئۆجاک بوو بە هێمای خەبات دژی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ. دایکی تا دوا ڕۆژی ژیانی بەردەوام بوو لە شەڕکردن، نەک تەنها بۆ ئەو، بەڵکو بۆ هەموو بێسەروشوێنەکان.

 

دوای یەکەمین ناڕەزایەتی، بنەماڵەی ئەو کەسانە دوای دەستگیرکردنیان بە زۆر بێسەروشوێن بوون، دەستیان کرد بە داوای زانینی چارەنووسی ئازیزانیان. لەگەڵ زیادبوونی گرنگیدان بەو پرسە، هاوڵاتیانی زیاتر پەیوەندییان بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤەوە کرد بۆ تۆمارکردنی سکاڵای فەرمی. بە تێپەڕبوونی کات، خێزانەکانی بێسەروشوێنان زیاتر بەشداری ناڕەزایەتییەکانی گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای بوون و ئەمەش وایکرد کە ببێتە هێمای داواکارییەکانیان بۆ دادپەروەری.

 

قەدەغەکردن و سەرکوتکردن

ناڕەزایەتییەکانی "دایکانی شەممە" چەندین جار لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان کرایە سەر. دایکان لەسەر زەوی ڕاکێشران و ئەوانەی بەدوای کەسوکارە ونبووەکانیاندا دەگەڕان، داوای لێپرسینەوەیان لە تاوانباران دەکرد، لێیان دەدرا، ئەشکەنجە دەدران و دەستگیر دەکران.

 

لە ١٧٠هەمین کۆبوونەوەی "دایکانی شەممە"دا، ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە قەدەغە کرا بە بیانووی ئەوەی "لە شوێنێکەوە ڕێنمایی وەردەگرن". بۆ ماوەی ٣٠ هەفتە نەیانتوانی ناڕەزایەتییەکانیان ئەنجام بدەن و ڕووبەڕووی توندوتیژی پۆلیس بوونەتەوە. لە کۆبوونەوەی ٢٠٠هەمدا بە تەواوی کۆتایی بە دانیشتنەکان هێنرا. دوای ١٠ ساڵ دابڕان، "دایکانی شەممە" دەستیان بە ناڕەزایەتییەکانیان کردەوە و لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ دەستیان بە دانیشتنەکەیان کردەوە و درێژەدان بە خەباتیان بۆ ڕاستی و دادپەروەری.

 

"کارەکانی پەرلەمان تەنها لە دەرکردنی ڕاپۆرتێکدا سنووردار بوو"

ڕۆژی ٥ی شوباتی ٢٠١١ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ "دایکانی شەممە" ئەنجامدا و تێیدا بەڵێندرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە پەرلەمان دابمەزرێنێت. بەم پێیە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی تورکیا ڕاپۆرتێکی لەسەر چارەنووسی جەمیل کیرباییەر بڵاوکردەوە، کە لە ١٣ی ئەیلوولی ١٩٨٠ لە کاتی دەستبەسەریدا بێسەروشوێن بوو.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرای کردووە کە جەمیل کیرباییەر دوای دەستبەسەرکردنی کوژراوە و تەرمەکەی شاردراوەتەوە. بەڵام کارەکە هەر لەوێ وەستا و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی کە بە زۆر بێسەروشوێن بوون یان لێپرسینەوە لە بەرپرسان نەکرا.

 

هەفتەی ٧٠٠

لە ماوەی هەفتەی ٣٠٠ و ٤٠٠ و ٥٠٠ی ناڕەزایەتییەکانی "دایکانی شەممە"دا، کۆبوونەوەی گەورەتر بە بەشدارییەکی زیاترەوە ڕێکخرا. بەم پێیە ئامادەکاری بۆ ناڕەزایەتی هەفتەی ٧٠٠ کرا.

 

لە ٢٥ی ئابی ٢٠١٨ هێزە ئاسایشییەکان ڕایانگەیاند کە وەزارەتی ناوخۆ ناڕەزایەتی "دایکانی شەممە"ی قەدەغە کردووە، ناتوانرێت لەبەردەم خوێندنگەی گەلاتەسەرای بەڕێوەبچێت. قەدەغەکردنەکە سەپێندرا و پۆلیس توندوتیژی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی کۆبوونەوەکە، لە ئەنجامدا ٤٦ کەس دەستگیرکران. دواتر دەستگیرکراوەکان دادگایی کران و دوای ساڵانێک دۆسیەکە بە بێتاوانی کۆتایی هات.

 

لە هەفتەی ٧٠٠ەوە کۆبونەوەی "دایکانی شەممە" لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای قەدەغە کراوە. ئەوان بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان، بەڵام بە قەبارەیەکی سنووردار، تەنها ١٠ کەس ڕێگەیان پێدراوە لەبەردەم بەربەستەکانی پۆلیس دانیشتن ئەنجام بدەن.

 

"تەنانەت تا ئێستا نەمانتوانیوە بەردی سەریان پێ بدەین"

ئایسل ئۆجاک خوشکی حەسەن ئۆجاک ڕوونیکردەوە کە خەباتی "دایکانی شەممە" تەنیا گەڕان بەدوای ونبووەکاندا نەبوو، بەڵکو مێژوویەکی ٣٠ ساڵەی قەدەغەکردن و نکۆڵی و نادادپەروەری و بەدواداچوونی مافەکانیش بوو. وتیشی: لەکاتەکانی وەک ئەمانەدا ئاوڕێک لە دواوە دەدەینەوە و لەخۆمان دەپرسین چیمان بەدەست هێناوە و چیمان بەدەست نەهێناوە، هێشتا نەمانتوانیوە بەردی سەری ئەو کەسانە دابنێین،کە لە دەستبەسەرکردندا دیارنەماون، نە توانیومانە بەرپرسانی ئەو پێشێلکارییانە بخەینە دادگا. بەڵام دڵنیاین کە پەیامێکی زۆر بەهێزمان ناردووە، ئەم کەسە ونبووانە لەبیر ناکەین، ڕێگەش نادەین خەباتی ئەوان لەبیر بکرێت.

 

"گەڵەتەسەرای... ئەو شوێنەی کە ئێمە بوونی خۆمان تێیدا دەردەبڕین"

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئەوانی لەگەڵ خێزانەکانی دیکە کۆکردۆتەوە تەنها ئازار نەبووە، بەڵکو هیوای یەکگرتنەوە لەگەڵ ئازیزانیان، بەدواداچوون بۆ دادپەروەری و ئەو هاودەنگییە بووە کە ئەو هیوایەی بە زیندووی هێشتووەتەوە وتی: گەڵەتەسەرای بۆ من تەنها مەیدانێک نییە؛ ئەو شوێنەیە کە لەگەڵ بێسەروشوێنەکانماندا کۆدەبینەوە. دەنگی دایکم کە داوای دادپەروەری بۆ حەسەن دەکات، لەو گۆڕەپانەدا دەنگی دایەوە. ڕەنگە بۆ یەکەمجار ئەو دایکانەی منداڵەکانیان لەدەستدابوو هەلێکیان دۆزیبێتەوە کە لە باوەشی یەکتردا بگرن و فرمێسکی یەکتر بسڕنەوە و خەم و پەژارەی خۆیان هاوبەش بکەن. گۆڕەپانەکە نوێنەرایەتی ئەو شوێنە دەکات کە ونبووەکان تێیدا یاد دەکرێنەوە، وە داننان بە بوونیان، جەختکردنەوە لەوەی کە لەبیریان ناچێتەوە، لە هەمان کاتدا ئەو شوێنەیە کە دەوڵەت چاوەکانی لێ دادەخات بۆ ئەوەی خەباتی ئێمە نەبینێت.”

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەلاتەسەرای ئەو شوێنەیە کە ئێمە بوونی خۆمان ڕادەگەیەنین، هەربۆیە بۆ ئێمە پیرۆزە، لەوێ بوون مانای ئەوەیە، ‘ئێمە لێرەین، هەرگیز واز لە گەڕان بەدوای کەسە ونبووەکانماندا ناهێنین.’ ئێمە چەندین جار تووشی ستەم و دەستگیرکردن بووین، بەڵام هەمیشە گەڕاینەوە چونکە دەزانین حەسەن لەوێیە، فەهمی لەوێیە، جەمیل لەوێیە، تا ئەوان لەوێ بن، ناتوانین بیر لە شوێنێکی دیکە یان گۆڕەپانێکی دیکە بکەینەوە. بێگومان ئێمە هیوا خواستی  بتوانین ئەو گوڵانەی بە دەستمانەوە لە سەر گۆڕی مرۆڤە ونبووەکانمان دابنێین نەک لەسەر زەوی لەمەیدانی گەلاتەسەرای.

 

"تەنانەت دوای کۆبوونەوەکەش پرسەکان چارەسەر نەکراون"

ئایسل ئۆجاک چاوپێکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ساڵانێک لەمەوبەر لە کۆشکی دولماباخچسە لەگەڵ کەسوکاری بێسەروشوێنەکان بەبیر دێنێتەوە. گوێی لە نیگەرانییەکانیان گرت و بەڵێنی دا، لەوانە کە دۆسی ئەوان بەشێک دەبێت لە کارنامەی حکومەتەکەی و هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کەیسەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەنرێت. سەرەڕای هەندێک ڕێوشوێنی سنووردار، هیچ چارەسەرێکی ناوەڕۆکی نەگەیشت.

 

دوای کۆبوونەوەکە، خێزانەکان ڕووبەڕووی سیاسەتی تەواو پێچەوانە بوونەتەوە، ئاماژەی بەو هێرشانە کرد کە لە ماوەی هەفتەی ٧٠٠دا ڕوویانداوە. لە ماوەی هەفتەی ٧٠٠هەمینماندا فشارەکان لەسەر ئێمە پەرەی سەند. مافی کۆبوونەوەی ئاشتیانەمان ڕەتکرایەوە، ناچار بووین ڕووبەڕووی زنجیرەیەک دۆسیەی یاسایی ببینەوە. گەمارۆدانی مەیدانی گەلاتەسەرای کە خێزانەکان بۆ یادکردنەوەی بێسەروشوێنبوونیان تێیدا کۆدەبنەوە، تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

 

"هەموو دانیشتنێک لاپەڕەیەکە لە خەبات بۆ ڕاستی"

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا سنووردارکراون بە ئەنجامدانی ڕاگەیاندراوی ڕۆژنامەوانی کە سنوورێکیان لە ١٠ کەس زیاتر نەبێت. کۆبوونەوەی "دایکانی شەممە" لە مەیدانی گەلاتەسەرای دووەم درێژترین تەڤگەری نافەرمانی مەدەنییە لە مێژووی جیهاندا، ئەمەش وایکردووە کە تەنها بەشێک لە مێژووی تورکیا نەبێت، بەڵکو ڕووداوێکی خاوەن ڕەهەندە جیهانییەکانیش بە هەمان شێوە. کاتێک ئاوڕێک لەم ٣٠ ساڵەدا دەدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە تەنها مێژووی ونبووەکان نەبووە، بەڵکو مێژووی دادپەروەری و دیموکراتی و خەبات بۆ مافەکان لە تورکیاشدا بووە. خەبات بۆ مافی ژیان، بێدەنگی دەسەڵاتی دادوەری، نکۆڵی دەسەڵاتی سیاسی و توندوتیژی پۆلیس مێژووی خەباتی دایکانە بۆ بەرگریکردن لە منداڵەکانیان.

 

"داواکارییەکانمان ڕوون و ئاشکران"

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو داواکاریانەی کە "دایکانی شەممە" لە ٢٧ی ئایاری ١٩٩٥دا وروژێنراون، هەمان ئەو داواکاریانەن کە ئەمڕۆ وروژێنن. وتیشی: داواکارییەکانمان لەو کاتەدا ڕوون و ئاشکرا بوون، تا ئەمڕۆش هەروا ماون. داوا دەکەین چارەنووسی ئەو کەسانەی لە دەستبەسەرکردندا بێسەروشوێنن ئاشکرا بکرێن، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن لە دیارنەمانیان، مافی گەیشتنمان بە مەیدانی گەلاتەسەرای مسۆگەر بکرێت، هەموارکردنی یاسایی بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، هەموو ئاڵەنگاریەکان ڕێگری لە لێپێچینەوە لە مەیدانی گەلاتەسەرای بکرێت.

 

تاوانباران دوور بخرێنەوە. جەختی لەسەر پیرۆزی مافی ژیان کردەوە. بەرگریکردن لە مافی ژیان لە ئەستۆی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەدایە. کەسی ونبوو تەنها ئەندامێکی خێزان نییە کە لەدەستچووبێت، بەڵکو زیانێکە بۆ هەموو ئەم میللەتە. ئەو خۆشەویستانەی ئێمە لەدەستمان داوە، مامۆستا، پارێزەر، ناوەند، ڕۆژنامەنووس، کاریکاتێریست بوون. ئەوان نوێنەرایەتی دیوی گەشاوەی ئەم کۆمەڵگەیەیان دەکرد. ئەو خەباتەی ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەین بۆ ئەو کەسانەیە کە ڕووناکی بوون لەبەرامبەر تاریکیدا،بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ئەم نیشتمانە لە تاریکییەکی گەورەتردا نوقم بێت، پێویستە یادەوەرییان بە زیندووی بهێڵینەوە و نەهێڵین خەباتیان لەبیر بکرێت. هەرکەسێک دەتوانێت لە هەڵوێستی خۆیەوە پشتیوانی ئەم خەباتە بکات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەمەوێت بەڕوونی بیڵێم: مەیدانیگەلاتەسەرای ئەو شوێنەیە کە لەگەڵ هاوڵاتیانی ونبووماندا کۆدەبینەوە، هەروەها دەبێت بەڕووی "دایکانی شەممە"دا بکرێتەوە، مەیدانەکان ئەو شوێنانەن کە هاوڵاتیان داواکارییەکانیان بەرز دەکەنەوە و ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن. نابێت هیچ مەیدانێک گەمارۆ بدرێت. دەبێت دەنگی هەمووان ببیسترێت. بۆیە بە توندی داوا دەکەم داواکارییەکانمان بەدیبهێنرێت، با هەموومان دووبارەی بکەنەوە: کوا کەسە ونبووەکانمان؟"