٢٤ی نیسان؛ گێڕانەوەی ژنان لەسەر جینۆسایدی ئەرمەنەکان

ئەرمەنییەکان کە وەک تۆوی هەنار هێمای نیعمەت و ژیان بوون، لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥دا بەسەر ئەم خاکەدا بڵاوبوونەوە؛ وە دوای ١١٠ ساڵ هێشتا برینی ئەو ڕۆژە دەسوتێت.

ساریا دێنیز

 

ناوەندی هەواڵ - ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم خاکانە بەدرێژایی سەدەکان شاهیدی کۆمەڵکوژی بە ناو و مێژوو و ناسنامە و ئایین و مەزهەبی جیاواز بوون. لەم کۆمەڵکوژییانەدا هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا، هەزاران کەسیش کەمئەندام بوون. مرۆڤەکان شاهیدی ئەو ساتانە بوون کە هەرگیز لە یادەوەرییەکانیاندا نەسڕدرانەوە و ئەو ساتانەیان وەک برینێکی خوێنبەربوون لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرت تا کۆتایی تەمەنیان.

 

"پێکەوە ژیان" دەستەواژەیەکە کە بە ئاسانی لە زمانەوە دەڕژێت؛ دەستەواژەیەک کە هەندێک جار ئارەزووی دەکەن و هەندێک جار پەشیمان دەبنەوە. بەڵام هەندێک ئەم سادەییەیان لەگەڵ گرێی ڕق و کینەدا تێکەڵ کردووە کە ناتوانرێت بکرێتەوە و بەردەوامن. زۆرێک لەو کۆمەڵکوژییانەی کە پشتگوێ خران و وا بیردەکرانەوە لە بێدەنگیدا لەبیر دەکرێن، لە ڕاستیدا دەرگای کارەساتەکانی ئەمڕۆیان کردۆتەوە.

 

ژنانی ئەرمەنی و ئێزیدی و عەلەوی

ژنانی ئێزیدی هەر لە دەوروبەری ئەم کاتە و لە نزیک ئێمە کۆمەڵکوژ کران؛ لە بازاڕەکاندا دەفرۆشران، دەستدرێژییان کراوەتە سەر. تەنانەت کۆرپەکانیان دزراون و لە دیجیتاڵ میدیادا فرۆشراون، وەک خزمەتکار دەبرێنە ناو ماڵەکانەوە. وە ئێستا نۆرەی ژنانی عەلەوییە.

 

لەگەڵ گۆڕینی حکومەت لە سووریا، عەلەوییەکان کراونەتە ئامانجی هێرشەکان. عەلەوییەکان کە لەبەر چاوی جیهان کۆمەڵکوژ دەکرێن، دەیانەوێت دەنگیان ببیسترێت. ئەو ژن و منداڵانەی لە غەززە کە دەکرا لە هەر ساتێکدا بۆردومان بکرێن، دەیانەوێت دواجار جیهان بیانبینێت.

 

چونکە تۆوی هەنار پەرش و بڵاو بوو

لە کاتێکدا جیاکاری لە هەموو ڕەهەندەکانیدا بەردەوامە، لاپەڕەکانی مێژوو جینۆسایدێکی دیکەیان بیردەخەنەوە: ٢٤ی نیسانی ١٩١٥؛ پشتگوێخستنی ئەم جینۆسایدە بەردەوامە لە عەقڵیەتێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەسەر بنەمای "پاراستنی دەوڵەت بە هەر نرخێک بێت" کاردەکات. سەرەڕای دەیان بەڵگەنامە و ئەزموونی زیندوو و شایەتحاڵی شایەتحاڵەکان، هێشتا ئەم ڕاستییە نەناسراوەتەوە و پێی دەوترێت جینۆساید. ئەرمەنییەکان کە هەناریان بە هێمای نیعمەت دەزانی، لە سەرەتای ساڵ و لە ئاهەنگی هاوسەرگیری و لە کاتی کردنەوەی کارێکدا دەیانشکاند و ئاواتی زۆری وەک تۆوی هەنار دەیانویست. لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥دا خۆیان وەک تۆوی هەنار بەسەر خاکەکەدا بڵاوبوونەوە. هەرچی ئەوانی بە گەلانی ترەوە گرێدابوو، لەناوچوون. بەڵام ئەوەی ڕوویدا هەرگیز لەبیر نەکرا؛ بەرهەمەکانی ساڵانێک بەردەوام بوون. ئەوەی لە جینۆسایدەکەدا ڕوویدا، کابوسێکە کە لە شارەکانی دیکەدا دەگێڕدرێتەوە، تەنانەت بۆ نەوەکانی ڕزگاربووانیش.

 

کوشتنی بەکۆمەڵ ڕوویدا

١١٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا تێپەڕیوە. ژنانی ئەرمەنستان لە کاتی ئەم جینۆسایدەدا ڕووبەڕووی دەربەدەری و مردن و لەشفرۆشی زۆرەملێ و برسێتی و توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە. جینۆسایدەکە کە بە دەستگیرکردنی نوخبەی ئەرمەنستان لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥ دەستی پێکرد، بە شێوەی کوشتنی بەکۆمەڵ بەسەر دانیشتووانەکەدا بڵاوبووەوە. دەڵێن دوای ئەو بەروارە هیچ بنەماڵەیەکی ئەرمەنی بێ ئاسەواری ئەو کۆمەڵکوژییە نەماوەتەوە. ئەرمەنییەکان وەک تۆوی هەنار بە هەموو گۆشەکانی جیهاندا بڵاوبوونەوە؛ هەندێکیان دوای ساڵانێک یەکتریان دۆزیەوە. دەوترێت لە نێوان بەهاری ساڵی ١٩١٥ تا پاییزی ١٩١٦ لانیکەم ٦٦٤ هەزار کەس و ئەگەری هەیە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس کوژراون.

 

دەستدرێژیکردن ئامرازێک بوو بۆ جینۆساید

دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵانی ئەرمەنی وەک ئامرازێک لە جینۆسایدەکەدا بەکارهێنرا. هەندێک لەو تاوانانە بەڵگەدار بوون؛ زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەو تاوانانە دەکەن. کەسایەتییە دیارەکانی ئەو سەردەمە نامەیان بۆ بەرپرسانی وڵات دەنارد و داوای پاراستنی ژنان و منداڵانیان دەکرد. شایەتحاڵان دەڵێن ئەو ژنانە دوای دەستدرێژیکردنە سەریان کوژراون. هەروەها هەندێکیان دوای ئەوە خۆیان کوشتووە. دەستدرێژی سێکسی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە جینۆساید تۆمار کرا.

لە سەردەمی جینۆسایددا، ژنان درانە بیابانەکانی سووریا. لە بازاڕەکانی شامدا ژن و منداڵی ڕووت نمایش دەکران و دەخرانە زیادکردنەوە. لەو سەردەمەدا فرۆشتنی ژنان بە سەرچاوەیەکی "گرنگ" بۆ داهات بۆ پیاوان دادەنرا.

 

هێشتا ئەگەری دادگاییکردن ماوە

بەشێک لە بەرپرسان و خەڵکی سڤیلی عوسمانی لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لە دادگاکانی "دیڤان حەرب"ی عوسمانی و لە دادگاکانی ماڵتا دادگایی کران بەهۆی ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵکوژییەکان. ئەم دادگاییکردنانە جێگەی مشتومڕێکی زۆر بوون. زۆرێک لە تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە. هەندێکیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، بەڵام زۆربەیان بێتاوان دەرچوون. ئەمڕۆ دوای ١١٠ ساڵ مشتومڕی یاسایی بەردەوامە و دەوترێت ئەگەر جینۆسایدەکە بناسرێت، تاوانباران هەر دەتوانن دادگایی بکرێن.

 

تاوانەکانی ڕق و کینە بەردەوامن

لە تورکیە، بەکارهێنانی دەستەواژەی "جینۆسایدی ئەرمەنییەکان" هێشتا بە تاوان دادەنرێت. زۆرێک لەو کەسانەی کە ئەم دەستەواژەیەیان بەکارهێناوە، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە نەتەوەی تورک بە ئاشکرا" دادگایی کراون. لە کاتێکدا کە جینۆسایدەکە ڕەتدەکرێتەوە، بەڵام ئەوانەی تەحەددای ئەم ئینکارییە دەکەن بە "خیانەت" تۆمەتبار دەکرێن. تاوانەکانی ڕق و کینە لە دژی گەلی ئەرمەنستان بەردەوامن. لە خاکێکدا کە وشەی "ئەرمەنی" زیاتر وەک سووکایەتییەک بەکاردێت نەک وەک ناوی نەتەوەیەک، ئەو هێرشانەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە، ڕەنگە درێژەپێدەری هەمان ئەو توندوتیژییە بێت کە ئەمڕۆ لە تورکیا یان سووریا دژی ناسنامە و بیروباوەڕی دیکە ئەنجام دەدرێت. خەباتی ژنان لە دژی ڕژێمە پیاوسالارەکان کە بە هەمان عەقڵیەت سووتەمەنی پێدەدرێت، بەردەوامە.

 

لەدەستدانی خێزان

لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ چەندین چیرۆک ماونەتەوە. ئێمە هەندێک لە چیرۆکی ژنانمان کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی بیرمان بخاتەوە و لەبیرمان نەچێت.

 

ئاورۆرا ماردیگانییان

ئاورۆرا ڕزگاربووی جینۆسایدەکە بوو. لە ساڵی ١٩٠١ لە شاری دێرسیم، لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند لەدایک بووە. لە سەرەتای جینۆسایددا، خوێندکارێکی بەئەمەک و پێشەنگی کەمانچەژەن بوو. شایەتحاڵی کوشتنی باوک و براکەی بووە. لەگەڵ دایکی و خوشکەکانیدا لە بیابانەکانی سووریادا بە زۆر دەربەدەر کران. بە حەرەمی سەرۆک عەشیرەتێک فرۆشرا. ڕزگاری بوو، کۆنترۆڵکرایەوە و جارێکی دیکە فرۆشرا. دیسان ڕایکرد.

 

لە دوایین هەڵهاتنیدا بە خواردنی ڕەگی ڕووەک بۆ ماوەی ١٨ مانگ لە ژیاندا ماوەتەوە. بە پێی ڕووت گەیشتە ئەرزروم. ڕیکلامێکی لە ڕۆژنامەکاندا دانا بۆ دۆزینەوەی خوشکەزاکەی کە درابوو بە خێزانێک لە ئەمریکا. ئەو ڕیکلامە سەرنجی پەیامنێرانی ڕاکێشا و چیرۆکەکەی ئاشکرا بوو.

 

لە داهاتی فیلمەکە پاڵپشتی ٦٠ هەزار منداڵی بێ باوکی کردووە

چیرۆکەکانی لە نیویۆرک و لۆس ئەنجلۆس بڵاوکرانەوە و دواتر بوون بە کتێب. وێنەی ئەو بە جلی نەریتی ئەرمەنی لەسەر بەرگی کتێبەکە دانرابوو. کتێبەکە کرا بە فیلمێک کە لە ٢٣ وڵاتدا نمایشکرا. لەم فیلمەدا بە ناوی ساختە ئاورۆرا ماردیگانیەن ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە. هەرگیز خوشکەزای خۆی نەدۆزیوەتەوە، بەڵام داهاتی فیلمەکەی بەخشیوە بۆ پاڵپشتیکردنی ٦٠ هەزار منداڵی بێ باوکی ئەرمەنی. یەکێک بوو لە یەکەم کەسەکان کە دەستدرێژی بەکۆمەڵیان ئاشکرا کرد.

 

ماری بیلێریان

ماری بێلێریان لە ساڵی ١٨٧٧ لە شاری ئەستەنبوڵ لەدایک بووە، ڕۆژنامەنووس و شاعیر و مامۆستا و چالاکی مافی ژنان بووە. لە قوتابخانەی هونەری پێرێ خوێندوویەتی و لە ڕۆژنامەی "ئارولوک" بە ناوی ساختەی "کالیپسۆ" لەبارەی ژیانی ژنانی ئەرمەنی نووسیوە. پاشان بوو بە پەیامنێر بۆ "هینچاک"، ئۆرگانی پارتی سۆسیال دیموکراتی هینچاک. بۆ ڕێکخستنی ژنان گەشتێکی بۆ شارە جیاوازەکان کردووە. لە ١٥ی تەمموزی ١٨٩٠ وەک پەیامنێر ڕوماڵی یەکەم ڕێپێوانی گەورەی دژی عەبدولحەمید کرد.

 

لە کۆتاییدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ساڵانێکی زۆر بە نهێنی لە میسر ژیاوە. دوای ڕاگەیاندنی دەستووری دووەم لە ساڵی ١٩٠٨، گەڕایەوە ئەستەنبوڵ، بەڵام لە جینۆسایدی ساڵی ١٩١٥دا کوژرا. تا ئێستا شوێنی مردنی نادیارە.

 

زابۆڵ یەسەیان

زابۆڵ یەسەیان لە ساڵی ١٨٧٨ لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی شاری ئیسکەندەر لەدایک بووە. شاهیدی هەژاری و ستەم و کۆمەڵکوژی بوو. لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس فەلسەفە و ئەدەبیاتی خوێندووە. لە بڵاوکراوە فەرەنسی و ئەرمەنییەکان وتار و شیعری بڵاوکردۆتەوە. لە ساڵی ١٩٠٢ گەڕایەوە ئەستەنبوڵ و لە ڕۆژنامە ئەدەبیەکانی ئەرمەنستاندا نووسیویەتی. لە لیستی مەترسیدارترین ئەرمەنەکانی یەکێتی و پێشکەوتندا هاتە دەرەوە و دوورخرایەوە.

 

لە بولگاریا و میسر و فەرەنسا و وڵاتانی دیکە ژیاوە. دوای جەنگی جیهانی یەکەم کاری لەسەر کاروباری پەنابەران و منداڵانی بێ باوک کردووە. ساڵی ١٩٣٣ چووە ئەرمینیای سۆڤیەت. پێدەچێت لە ساڵی ١٩٤٣ لە سیبیریا کوژرابێت.

 

زارۆهی کاڤۆلاجیان

زاروهی یەکەم پزیشکی ژنی ئەرمەنی بوو لە تورکیە. بەهۆی قەدەغەکردنی خوێندنی پزیشکی ژنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە ئەمریکا خوێندوویەتی و لە ساڵی ١٩٠٣ دەرچووە، دەگەڕێتەوە بۆ تورکیە و لەگەڵ باوکیدا پزیشکی دەکات. لە جەنگی جیهانی یەکەمدا یارمەتی بریندارانی دەدا. دواتر لە کۆلێژی ئەمریکی ئەسقدار وانەبێژ بووە. شاهیدی ڕۆژانی تاریکی مێژوو بوو.