١٠ ژنی بەهایی زیندانی کران

دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتی سیستماتیکی بەرانبەر ژنانی بەهایی ئەنجام دەدەن و لەو چوارچێوەیەشدا، ١٠ ژنی بەهایی لە ئەسفەهان بەبێ ئامادەبوونی خۆیان بە زیندانییکردن سزا دران.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە دەستگیرکردن و سزادانی ژنانی بەهایی لە ئێران ڕایگەیاند، ١٠ ژنی بەهایی پاش سەردانکردنیان بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەسفەهان، دەستگیرکران و بۆ زیندانی دەوڵەت ئاباد بۆ ماوەی سزاکەیان گواسترانەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، سیم کارتەکانی هەر ١٠ ژنەکە بە فەرمانی دادگا بلۆک کراوە، هەروەها بەکۆی گشتیی ٩٠ ساڵ زیندانییکردن و ٩٠٠ میلیۆن تمەن پێبژاردن بەسەر هەر ١٠ ژنەکە سەپێندراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ژنانە بەبێ ئامادەبوونی خۆیان و بەتۆمەتی “پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت و هاوکاریکردنی گرووپە نەیارەکانی دژ بە ئێران” لە لایەن دادگای ئێرانەوە سزا دراون.

 

باس لەوەشکراوە، ئەو ژنانە بریتین لە، یەگانە ڕۆحبەخش، ئارەزوو سوبهانیان، شانا شۆقی فەر، نەدا عیمادی، نەدا بەدەخش، مۆژگان شاهڕەزایی، پەرستوو حەکیم، نەگین خادەمی، یەگانە ئاگاهی، بەهارە لەتیفی.

 

جێگای ئاماژەیە، پێشتر چالاکوانانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نامەیەکیان ئاڕاستەی ئێران کرد و داوایان کرد، واز لە چەوساندنەوە و هەراسانکردنی ژنانی بەهایی بهێنێت.