ڕۆژنامەنووسێکی مەغریبی: پێویستە ڕۆژنامەنووسان لە ناوچە جەنگییەکاندا بپارێزرێن

سوعاد شاغل، ڕۆژنامەنووسی مەغریبی دووپاتیکردەوە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان هێرشکردنە سەر مافی زانین و ئاشکراکردنی ڕاستییەکانە، پێویستە ڕۆژنامەنووسان لە ناوچە جەنگییەکاندا بپارێزرێن.

حەنان حارت

 

مەغریب-لەو ناوچانەی شەرو ناکۆکی تێدایە ڕۆژنامەگەری یەکێکە لە کارە مەترسیدارەکان، ڕۆژنامەنووسانی دانیشتووی وڵاتانی وەک فەلەستین، سودان، سووریا و یەمەن ڕووبەڕووی زۆرترین هێرش دەبنەوە و دەکرێنە ئامانج، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، بەپێی بەڵگەنامەکانی لیژنەی پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی کوژراو گەیشتووەتە زیاتر لە ١٧٠ ڕۆژنامەنووس، هەروەها ئامارەکانی یونسکۆ دەریدەخەن کە ساڵی ٢٠٢٣ خوێناویترین ساڵ بووە بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ناوچە جەنگییەکان کاریان کردووە.

 

"سەدان ڕۆژنامەنووس لە ناوچە جەنگییەکان دەکوژرێن"

سوعاد شاغل، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ژووری کارگێڕی سەندیکای نیشتمانی باسی لە بەئامانجکردن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسان کرد لە ناوچە جەنگییەکان و داوای لە هەموو ڕۆژنامەنووسانی جیهان کرد بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان بکەن و وتی: لە ناوچە نائارامەکانی وەک غەززە پێشێلکاری زۆر لە دژی ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، چاودێری و کاری ڕۆژنامەوانی لەوێ چەندین ئاستەنگی هەیە،  پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچە جێناکۆکەکان پرسێکی قورسە، سەدان ڕۆژنامەنووس دەکوژرێن و بریندار دەبن، یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی جەنگ نایانپارێزێت، هێزەکانی ئیسرائیل زۆر پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدەن، ئەمەش ئازادی ڕۆژنامەگەری بەرتەسک دەکاتەوە، سەدان ڕۆژنامەنووس لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا بەو شەڕەدا تێدەپەڕن، ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسانی مەغریب چەندین لێدوانی ئیدانەکردنمان بڵاوکردەوە.

 

"رۆژنامەنووسان دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی دەنگی ڕاستییەکان ببڕن"

لە درێژەی قسەکانیدا، سوعاد شاغل ڕایگەیاند، بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان بێدەنگکردنی دەنگی کۆمەڵگە و ڕاستییەو وتی: هەرچەندە یاسای نێودەوڵەتی هەیە بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، بەڵام ئەمە ڕوونادات، بەداخەوە ڕۆژنامەنووسان بەبێ پاراستن کاری خۆیان دەکەن، بە ئامانجگرتنی بە ئەنقەستی ڕۆژنامەنووسان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

 

"ڕۆژنامەنووس ویژدانی کۆمەڵگەیە"

 سوعاد شاغل ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنوسان تەنها کاریگەری لەسەر ڕۆژنامەگەری نابێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش دەبێت، بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنوسان بەئامانجکردنی مافی زانین و ڕاستییەکانە، وتیشی: ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسان پێویستە ئەو کردەوانە شەرمەزار بکەین و لەگەڵ خەڵکی ناوچە جەنگییەکانی وەک فەلەستین، ئۆکرانیا، سودان، یان سووریا و یەمەن بین و پشتگیرییان بکەین، ڕۆژنامەنووسان ویژدانی کۆمەڵگەن.

 

سوعاد شاغل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕێوشوێنی پشتیوانی بۆ ڕۆژنامەنووسان هەیە، گرنگە ڕەنگی نوێی ئیدانەکردن سەرهەڵبدات، دەبینم پێویستە لە لێدوان و ئیدانەکردنەوە بگوازینەوە بۆ پرۆسەی تەرکیزکردن لەسەر کردەوەی دژ بە ڕۆژنامەنووسان، دەتوانین پشتگیری زیاتر بکەین بە نووسینی ڕاپۆرت بە وێنە و بابەتەوە.