جالاکوانێکی تونس: لەگەڵ یاسادا پەروەردەکردنی ژنان و بەرخۆدان گرنگە

حەنان مەحجوبی، چالاکوانی مافی مرۆڤی تونس، پێیوایە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان، لەوانەش توندوتیژی سیاسی، نەک هەر پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسا هەیە، بەڵکو پێویستی بە پەروەردەکردنی ژنان و گرنگی بەردەوامبوونی بەرخۆدان هەیە.

زهور مەشریقی

 

تونس- حەنان مەحجوبی، جێگری سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیالیست ڕایگەیاند، تونس هەمیشە پێشەنگ بووە لە بەرەوپێشبردنی بەهرەمەندی ژنان، جا چ لە سیاسەت، کۆمەڵە، یان بوارە جۆراوجۆرەکانی تری سەرکردایەتی، بەڵام ئاماژەی بە دابەزینی ڕوونی ئامادەبوونی ژنان لە پارتە سیاسییەکان و کاروباری گشتیدا کرد، بەتایبەتی کە ساڵانی دوای شۆڕش ئامادەبوونی بەرچاوی ژنانی بەخۆیەوە بینی، تەنانەت لەڕووی کاندیدبوونەوەشەوە، شۆڕش دەرچەیەکی بۆ پێشاندانی تواناکانیان و خزمەتکردنی میللەت بە شارەزایی خۆیان بۆ ڕەخساند، وتی: ئەوە وەک ئاوەڕۆیەک وابوو کە هەموو وزەکانی ناو ژنانی ئازادکرد، ئەوان بەشدارییەکی بەهێزیان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١١-٢٠١٤دا کرد، پێش ئەوەی بەشداریکردنیان لە پۆستەکانی سەرکردایەتیدا لەم ساڵانەی دواییدا کەمببێتەوە.

 

سەبارەت بەو هۆکارانەی کە بەشدارن لەم دابەزینەدا، جەختی لەوە کردەوە، کە تەنانەت دابەزینێک لە بیرکردنەوەدا هەبووە کە لەلایەن پیاوسالاری و دواکەوتووییەوە گیرۆدە بووە، جارێکی دیکە ژنان بە کەموکورتی عەقڵ و ئایین ناوزەد کران، لەگەڵ گەڕانەوە بۆ دابەشکردنی ڕۆڵەکان، کە جێگەی ژنان لە ماڵەوەیە و منداڵ پەروەردە دەکەن، ئەمە جگە لەو توندوتیژیانەی ژنان تووشی بوون، چ لە پەرلەمان و چ لە دەرەوەی پەرلەمان و ئەو ناوزڕاندن و شێواندنەی لەسەر بنەمای ئەخلاق دروست بووە، وتی: کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری کاتێک ژنێک دادەمەزرێنێت، کە ئەخلاقی ئەو دەکاتە ئامانج نەک کار و خەباتی.

 

بانگەوازێک بۆ چەسپاندنی سەرکردایەتی ژنان لە پارتەکان و کۆمەڵگەدا

ئاماژەی بەوەشکرد، کە یاسای هەڵبژاردنەکانیش بووەتە بەربەست لەبەردەم کاندیدکردنی ژنان و دوای گەیشتن بە یەکسانی، ئەمە نەهێڵدرا، هەروەها ئەم دەستکەوتانەی بە خەبات و چالاکی ژنان زانیوە، بەڵام ئەمڕۆ دوای نەهێشتنی یەکسانی، دوایین هەڵبژاردن پەرلەمانێکی بەرهەمهێناوە کە تێیدا ژنان ئامادەنەبن. جگە لەوەش هەندێک لایەن ڕەتیدەکەنەوە ژن لە فەرمانگەی جێبەجێکردن، یان مەکتەبی سیاسی، یان ئەنجومەنی ناوەندیدا هەبێت.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە پشتیوانیکردن لە بەشداریی ژنان لە سیاسەت و ژیانی گشتیدا پێویستی بە پێش هەموو شتێک هۆشیاری سیاسی هەیە لە گرنگی ڕۆڵی ئەوان، وەک پێویستیەک نەک بابەتی لاوەکی، پێی وایە کە ژنان بە تەنها توانای داکۆکی لە مافەکانیان هەیە، وتی: پارتی سۆسیالیستی کە من سەر بە خۆیم، هەرچەندە ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان نییە، بەڵام ئەمە لە دیدێکی بەکۆمەڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە ژن بە بەشێکی بنچینەی دەزانێت نەک بە شێوەیەکی ناوازە لە کۆمەڵگە، هەروەا جەختی لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی دەرفەتەکانی سەرکردایەتیکردنی ژنان لەڕێگەی هۆشیاری و بودجەی ڕەگەزی کردەوە، چونکە نەبوونی بودجە و پشتیوانی بەربەستێکە لەبەردەم بەشداریکردنی کاریگەریان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت ئەرکی سەرشانییە پشتگیری بۆ ژنان و بودجەی ڕەگەزی بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیرکردنەوەی پیاوسالاری و هەروەها دڵنیابوون لە بوونیان لە مەیدانەکەدا لەکاتێکدا پارێزراون، هەروەها جەختی لە دابینکردنی یاساکان کردەوە بۆ پاراستنیان لە ناوزڕاندن و قەسەکردن، بە تایبەت کە چەکی کۆمەڵگەی پیاوسالاری ئەخلاقی ژنانە.

 

سەبارەت بە یاسای ژمارە ٥٨ی ساڵی ٢٠١٧ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سیاسییە، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم یاسایە دەرئەنجامی بزووتنەوەیەکی بەهێزی ژنان بووە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، وتی: ئەم بزووتنەوەی پێشەنگە لەڕووی ماف و دەستکەوتی بەدەست هێنراوەوە نموونەییە، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاساکە نەیتوانیوە توندوتیژی کەم بکاتەوە، داوای پەسەندکردنی یاساکە دەکات و بە گشتگیری دەزانێت و چارەسەری هەموو جۆرە توندوتیژییەک بکات، جا پەیوەندی بە ژنانی سیاسەتمەدارەوە هەبێت یان ژنان بە گشتی، کە کوشتنەکان بە ڕێژەیەکی "ترسناک و سەرنجڕاکێش" بەرز دەبنەوە.

 

سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە سۆسیالیزم بۆ ژنان، ئاماژەی بەوەشکرد، سۆسیالیزم تەنها لە خاوەندارێتیکردنی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو سیستمێکی هەمەلایەنەیە کە لەگەڵ پیاوان لە هەموو بوارەکاندا، بە بێ پۆلێنکردن، بە یەکسانییەکی تەواو و کاریگەر و بەبێ جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز، سیستەمێکە دادپەروەری بۆ ژنان بەدەست دەهێنێت و ئەگەر جێبەجێ بکرێت، دەبینین چۆن ڕۆڵی ژنان لە کرداردا پێشەنگ و دیار دەبێت نەک تەنها لە دروشمەکاندا.

 

"ئەوان تووشی دوو توندوتیژی دەبن چونکە ژنن"

سەبارەت بە دەستدرێژی و کوشتنی بێ جیاوازی و گۆشەگیری کە بەسەر ژنان لە سووریا و سودان و غەززە و یەمەن دێت حەنان مەحجوبی ڕوونیکردەوە، کە ئەوان ڕووبەڕووی دوو توندوتیژی دەبن، چونکە پێش هەموو شتێک ژنن، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە ناوچەی شەڕ لە چوارچێوەی توندوتیژی سیاسیدا دەژین، هەروەها بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئەو دەنگانەدایە کە بەهۆی توندوتیژی و توندڕەوی و جیاکاری و تۆقاندنەوە بێدەنگ کراون، زۆر گرنگە ئازارەکانیان بگەیەنن و پێشێلکارییەکان بۆ جیهان ئاشکرا بکەن، بە تایبەت کە ژنانی ئەو ناوچانە ئینتەرنێتیان نییە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پێشێلکارییە ڕاستیانەی تووشی دەبن، هاوشێوەی ئەوەی لە ئەفغانستان و سووریا و فاشر لە سودان ڕوودەدات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەرکی مرۆیی و ژنان پێویستی بە بەردەوامی هاودەنگی و قسەکردنە لەسەر ئەم پێشێلکارییانە، جا چ لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بێت یان لە میدیاکانی پاڵپشتی لە پرسەکانی ژنان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەزگاکانی دیکەی میدیایی هەندێک ئەجێندا بەرەوپێش دەبەن، وتی: هەندێکجار بەرگەی گوێگرتن لەو توندوتیژی و دەستدرێژی و دیلبوونە ناگرین کە ژنان لەم بوارانەدا تووشی دەبن، جا چ ئەوانەی ئەزمونی دەکەن، هەروەها پاڵپشتیی ئێمە لە ئاشکراکردنی تاوانەکان و دەربڕینی هاودەنگی و داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکاندایە کە پارێزگاری لە ژنان و منداڵان دەکەن لەکاتی شەڕ و ململانێکاندا، نابێت واز لە پشتگیریکردنیان و قسەکردن بۆیان بهێنین، چونکە ئێمە دەنگی ئەوانین تا ئاشتی دەگەڕێتەوە، بۆیە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنیان.

 

لە دروشمەکانەوە بۆ سەرکردایەتی ڕاستەقینە

سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی غەززە و دەستبەسەرکردنی کەشتی خۆڕاگری کە ژنانی وڵاتانی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو، حەنان مەحجوبی ڕایگەیاند، کە دەستبەسەرکردنەکە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بووە، چالاکوانان بە هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو، خێزانەکانیان کردە قوربانی بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتێک کە هاوڵاتیانی لەبەردەم جیهاندا لەناو دەچن، ئەوەی ڕوویدا ڕووداوێک نەبووە، بەڵکو کردەوەیەکی ڕێکخراوی چەتەی دەریایی بووە کە لایەنێکی دیکەی پڕۆژەی داگیرکاری-ڕەگەزپەرستانە بەرجەستە دەکات، هەروەها ئەو قەوارەیەیە کە دەیان ساڵە دژی گەلانی ئازاد پراکتیزەی دەکات، لە پێش هەموویانەوە گەلی فەڵەستین.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو پرسە لە تەنها هێرشکردنە سەر ئازادی کەشتیوانی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان تێدەپەڕێت، وە پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی سەروەری نیشتمانی تونس پێکدەهێنێت، وتی: هەمان قەوارەیە کە پێشتر کەشتییەکانی ئەو خۆڕاگریەی لە بەندەری سیدی بو سەعید لە تونس وەستاندبوو، هەروەها کردنیە ئامانج بە موشەکێک کە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەڵدرابوون، ئەمڕۆش بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی، کە ئەو چالاکوانانە دەڕفێنێت کە خێزانەکانیان کردە قوربانی بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە و بەشدارییان لە کەشتیی خۆڕاگریدا کردووە، لەنێویاندا تونسییەکان، هەروەها پارتی سۆسیالیست ئەمە بە تاوان و دەستدرێژییەکی ئاشکرا بۆ سەر وڵاتەکەمان و بێبایەخکردنی شکۆمەندی گەلەکەی و پێشێلکردنی مافی ڕەوای خۆی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی دەزانێت.

 

شەرمەزارکردنی ڕەهای پارتەکەی بۆ ئەم کردەوەیە دەربڕی، بە تاوانێکی دەزانێت کە لەلایەن دەوڵەتێکی ناپاکەوە ئەنجامدراوە کە هەموو ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم دەستگیرکراوەکان کرد و هێزەکانی ئیسرائیلی بە تەواوی بەرپرسیار کرد لە باشبوونی جەستەی و دەروونییان، هەروەها داوای لە دەسەڵاتی سیاسی کرد بە بێ دوودڵی ئەرکی نەتەوەیی خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی هاوو\ڵاتیانی خۆی لە ڕێگەی ڕێکاری بەپەلەی دیپلۆماسی و یاسایی لە ناو ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگا نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی ئەم تاوانە ئاشکرا بکات و لێپرسینەوە لە لێپرسراوان بکات.

 

حەنان مەحجوبی، جێگری سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیالیست، داوای لە گەلی تونس و هەموو گەلانی ئازاد کرد کە لە ڕێگەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و هەڵمەتی بایکۆت و هاوپشتی سەندیکا و بزووتنەوەکانی خوێندکاری و لاوانەوە یەکگرتوو بن و خەباتی هاوبەشیان پەرەپێبدەن، تا داگیرکارییەکە ئاشکرا بکەن و لە ڕووی سیاسی و ئەخلاقییەوە لێپرسینەوە لە تاوانەکانی بکەن، جەختی لە گرنگی شەڕەکە کردەوە، کە تەنها شەڕی فەڵەستینییەکان نییە، بەڵکو شەڕی هەموو هاوڵاتیانی ئازادی جیهانە دژی داگیرکاری و ڕەگەزپەرستی و فاشیزم.