"ناوەندە فەرمییەکان بوونەتە شوێنی پەردەپۆشکردنی توندوتیژییەکانی دژی ژنان"

توندوتیژی پیاوان سنوری ماڵی تێپەڕاندووە و پەلی هاویشتووە بۆ ناوەندە فەرمییەکانیش، پارێزەرێکیش باس لە کێشەی دادگاکان دەکات و دەڵێت: تەنها یەک دادوەری ژن هەیە بەرپرسیاری کەیسەکانی ژنانە و ئەویش بە هەموو کەیسەکان ڕاناگات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- یاساکان لە باشووری کوردستان دەربارەی پرسەکانی ژنان شوێنی خۆیان نەگرتووە، دەسەڵات بۆ خۆی لە ناوەندە فەرمیەکانیشدا پەیڕەوی یاساکان ناکات و توندوتیژییەکان تیایاندا بوونی هەیە، بەڵام ئەوەی ڕێگریی لە دەنگ هەڵبڕینی ژنان کردووە دەربارەی ئەوەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، بوونی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و چەقبەستووە، ترسە لەوەی دووبارە توندوتیژیان بەرامبەر بکرێتەوە.

 

نیگار عومەر، پارێزەر، ڕوونیکردەوە بە پێی ئەوەی لە دادگاکاندان و ئاگادارن لە کەیسەکان، بۆیان دەرکەتووە حاڵەتەکانی توندوتیژی تادێت ڕوو لە هەڵکشان دەکات، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ هەبوونی ئاستی هۆشیاری ژنان بۆ چوونە دادگاکان و سکاڵا تۆمارکردن، وتیشی: لە ساڵانی ڕابردوو ژنان بەهۆی کەمی هۆشیارییانەوە زیاتر توندوتیژیان بەرامبەر دەکرا بەڵام بێدەنگ دەبوون، لە ئێستادا بەو شێوەیە نییە و دێنە دەنگ.

 

"یاساکان کۆنتڕۆڵی کێشەی کۆمەڵایەتی و پرسی ژنان ناکات"

دەربارەی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و کەموکورتییەکانی، ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەکرد، یاساکان یاسای تۆکمە و گونجاون، بەڵام کێشەکە لە لایەنی جێبەجێکاردایە کەموکورتی تێدایە، چەندین کێشە هەن کە وادەکات کەموکورتی دروست ببێت لەوانە، کێشەی کەمی دادوەرەکان لە دادگاکاندا، نەبوونی دادوەرێکی تایبەت بە کەیسەکانی ژنان و پرسی توندوتیژی کە وادەکات کەیسەکان کاتێکی زۆرتر بخایەنێت، لەو ماوەیەشدا زۆرترین فشار لەلایەن خێزان و هاوژینەکەیەوە بۆ ژنەکە دروستدەبێت، بۆیە هەندێک کات پاشەکشە لە کەیسەکەی دەکات.

 

"لە سلێمانی تەنها یەک دادوەر کار لەسەر کەیسەکانی توندوتیژی دەکات"

نیگار باسی لەوەکرد، ڕاستە نەبوونی دادوەری ژن بەشێکە لە کێشەکانی ناو دادگاکان، بەڵام پێویست ناکات تەنها دادوەری ژن بتوانێت حاڵەتەکانی توندوتیژی چارەسەر بکات، بەڵکو دەبێت فکر و ئەقڵیەتی دادوەرە پیاوەکانیش بە جۆرێک بێت بتوانن کێشەکانی ژنان چارەسەر بکەن و بایەخی پێبدەن، "ئەوەی جێی باسە لە هەموو دادگای سلێمانیدا تەنها یەک دادوەر هەیە کار لەسەر کەیسەکانی توندوتیژی ژنان دەکات، ئەمەش وایکردووە نەپرژێتە سەر کەیسەکان، بۆیە درێژکردنەوەی کەیسەکان فشار و توندوتیژی زیاتر بۆ ژنان دروست دەکات، لە کاتێکدا پرسەکانی ژنان پرسێکی گەرمە و گرنگە دەستبەجێ چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە ئەگەری هەیە کوشتن و خۆکوشتنی بەدوادابێت".

 

"دەسەڵات و حکومەت لە دادگاکاندا کەمتەرخەمی دەکەن"

دەربارەی گرنگی دەسەڵات بۆ کەیسەکانی ژنان و حاڵەتەکانی توندوتیژی نیگاری پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد، "بێگومان ئەگەر دەسەڵات و حکومەت پرسی ژنیان بۆ گرنگ بوایە، نەک تەنها دادوەرێک بەڵکو سێ یاخود زیاتر لە دادوەرێکیان تەرخان دەکرد بۆ ئەو پرسە"، دەشڵێت: ژمارەی پارێزەری بە ئەزموون ئەوانەی داوای دادوەری دەکەن زۆرن، بۆیە حکومەت دەتوانێت گرنگی بدات بەو بابەتە و دادوەر دابمەزرێنێت، بەڵام کاتێک ئەم کارانە ئەنجام نادات لە کەمتەرخەمی خۆیاندایە.

 

"لە ناوەندە فەرمییەکاندا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت"

باسیشی لەوەکرد کە گرنگە لە ناوەندە فەرمییەکاندا پارێزەر هەبێت و ئاگاداری هەموو ئەو کردەوە توندوتیژانە بێت کە بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدەدرێت، چونکە پارێزەرانن دەتوانن چارەسەری کێشەکان بکەن و بە پێی یاساکان ماماڵە بکەن و هۆشیاری بڵاوبکەنەوە لەناو ئەو ناوەندەدا، "زۆر کەس هەن ئاگاداری یاسا و مافی خۆشیان نین".

 

باسی لە حاڵەتێک کرد کە لەناو دادگای سلێمانیدا ڕوویداوە و وتی: "ژنێک شارەزای یاساکانی ناو دادگا نەبوو، کاتێک پێشیلی یاسایەکی کرد بەهۆی ناهۆشیارییەکەیەوە ڕاستەوخۆ لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ درا، بۆ ئەم حاڵەتە پارێزەر پێویستە ڕێنیشاندەربێت"، ڕوونیکردەوە حاڵەتی لەو شێوەیە زۆرن کە لە چوارچێوەی حەڕەمی دادگادا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، چونکە کاتێک ئەو ژنەش هۆشیار نەبێت، بەڵام دادوەر هۆشیارە و ئاگادارە لە نەزانینی بووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە ناوەندە فەرمییەکاندا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت.

 

"پیاوان هەڕەشە دەکەن و لە ناوەندە فەرمییەکاندا ڕێگەیان بۆ خۆشکراوە"

لە باسێکی دیکەدا ئەو پارێزەرە ڕوونیکردەوە کە ژنان هەرچەند توندوتیژیشیان بەرامبەر بکرێت لە ناوەندە فەرمییەکاندا، بەڵام لە ترسی هەڕەشەی بەرامبەر ناوێرن سکاڵا تۆمار بکەن، لەپێناو ئەوەی لە خێزان و شوێنی کارەکەیدا ناوی دەرنەکرێت، وتی "زۆرکات لە ناوەندە فەرمییەکانەوە پەیوەندی بەو پارێزەرانەوە دەکرێت کە لە شوێنی تایبەت بە پرسەکانی ژنان کار دەکەن، پێیان ڕادەگەیەنن لە ترسا ناوێرن بچن بۆلایان و سکاڵا تۆمار بکەن، هەڕەشەیان لێکراوە".

 

لە کۆتایدا بە پێویستی زانی، لە بوارە جیاوازەکاندا گرنگی بە ڕێنمایی یاسایی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بدرێت، بۆ نمونە لە میدیاکاندا بەرنامەی تایبەت هەبێت بە هۆشیاری یاسایی، بچێتە بەشێک لە سیستمی پەروەردە بۆ ئەوەی کچانی گەنج بزانن چۆن ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە.