"پێویستە یاسا بۆ پاراستنی مافی کرێکارانی ناوماڵ دابین بکرێت"

ئایە سالم لە کۆمەڵەی میسری بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە چەتری یاسایی هەبێت بۆ مافەکانی کرێکارانی ناوماڵ.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- لە زۆربەی وڵاتان ژنانی کرێکار بەبێ ئاسایشی کار کار دەکەن، ژنانی کرێکاری ناوماڵ کە کارەکانیان خراپ بەکاردەهێندرێت و بەهۆی کارکردنیان لە ماڵەکاندا تووشی نەخۆشی دەبن، کۆمەڵەی میسر بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە حەلوان کار بۆ مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ژنانی کرێکاری ناوماڵ دەکات، ئایە سالم، بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمەڵەکە، سەبارەت بەو کیشانەی ڕووبەرووی کرێکارانی ناوماڵ دەبێتەوە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسەکەمانی دایەوە.

 

گرنگی کارکردنی کۆمەڵەی میسر بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان چییە؟ ئێوە چ کارێک دەکەن جیاواز لە کۆمەڵەکانی تر؟

لە سەرەتادا کۆمەڵەکە باس لە کێشە و مافەکانی ژنان دەکات، یەکەم: مافی کرێکارانی ناوماڵ ئێمە کار لەسەر چەندین پرۆژە دەکەین، پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دابین دەکەین بۆ کرێکارانی ناوماڵ، هەروەها بەرنامەی پەروەردە لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ و مافەکانیان پێشکەش دەکەین، لەبەر ئەوەی یاسا  مافی ئەوانی تێدانییە مافەکانیان هەمیشە بە شێوەی جۆراوجۆر پێشێل دەکرێن، لە سەرەتادا ئێمە لەگەڵ کرێکارانی ناوماڵ کار دەکەین.

 

شاری حەلوان تایبەتە، کێشەکانی ژنان لێرە چین؟

لە حەلوان ئەو قەیرانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی داخراوە، بۆیە ژنان ناتوانن خۆیان دەرببڕن، لەبەر ئەم هۆکارە، کاتێک ژنان ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە، نازانن لەکوێ سکاڵا بکەن، پێیان وانییە سکاڵاکان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە، ئەمەش وادەکات بەبێدەنگی بمێننەوەو لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانیان داوای پشتیگری نەکەن.

 

ئایا یاسا مافی ژنانی کرێکاری ناوماڵ لەخۆدەگرێت؟

یاسا پارێزگاری لە ژنانی کرێکاری ناوماڵ و ژنانی جوتیار ناکات، لەبەر ئەم هۆکارە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان پێشێل دەکرێت، زۆر کەس رووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە، هەتا دەتوانین  هەوڵ دەدەین مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بپارێزین، خاوەن ماڵەکان ڕێز لە کارەکانیان ناگرن لەبەر ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێکی کارکردن لەگەڵ خاوەنی ئەو خانووەدا نییە کە ئەو تێیدا کار دەکات، وەک خزمەتکار ناودەبرێن، ئێمە دەمانەوێت وشەی "کرێکارانی ناوماڵ" بەکاربهێنین لەجیاتی ئەو وشە شەرمەزارکەرە، کارمەندانی ناوماڵ تۆمەتبار دەکرێن بە دزین یان هەر بابەتێکی تر  لەبەر ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێکی کرێکاری نییە، داهاتووی ئەوان وێران دەبێت.

 

چۆن کرێکارانی ناوماڵ لەو پێشێلکارییانە بپارێزرێن؟

لە دوایین پڕۆژەی ئێمەدا، مەبەستمان ئەوە بوو کە کارمەندانی ناوماڵ هۆشیاربکەینەوە دەربارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی کرێکاری ناوماڵ سەرەرای ئەوەی هیچ تاوانێکیان نەکردووە کەوتوونەتە ناو زیندان، پێویستە یاسا و ڕێساکان هەبن کە مافی کرێکارانی ناوماڵ مسۆگەر بکەن، پێویستە ئاسایشی کار هەبێت بۆ پاراستنیان لە ڕووی کۆمەڵایەتی یان تەندروستیەوە، کرێکارانی ماڵەوە دەتوانن پارێزراو بن لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک، وەک بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، ئەگەر ئاسایشی کار هەبێت.

 

ڕێکخراوەکانی ژنان چ ڕۆڵێکیان هەیە بۆ کرێکارانی ناوماڵ؟ چ پلانێکتان هەیە بۆ داهاتوو؟

کاری هۆشیارکردنەوە زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگە و کرێکارانی ناوماڵ، چونکە دەبێت زانیارییان هەبێت لەسەر مافەکانیان، دەتواندرێت پاڵپشتی دارایی و دەروونی لە ڕێگەی پرۆژەوە دابین بکرێت، ئەمساڵ کۆمەڵەکە لە زانکۆدا هەوڵی بەهێزکردنی هەڵمەتی هۆشیاری دەدات سەبارەت بە مافەکانی کرێکارانی ناوماڵ، یەکەیەکی نوێمان دامەزراندووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، داواکاری لەو کەسانە وەردەگرین کە پێویستیان بە پشتیوانی هەیە و پێداویستییەکانیان دیاری دەکەین و خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەین.