زیانەکانی سزای جەستەیی منداڵان چین؟

هەندێک لە دایکان و باوکان پێیان وایە باشترین ڕێگا بۆ پەروەردەکردنی منداڵ "لێدانە"، بە پێچەوانەوە زانایان سەلماندوویانە بە هۆی سزای جەستەییەوە منداڵ ڕووبەڕووی کێشەی جەستەیی و دەروونی دەبێتەوە و دواجار کەسێکی نامۆیی لێدەردەچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

زۆرێک لە دایک و باوکان پێیان وایە هەڵەی منداڵەکانیان بە زیانگەیاندن بە جەستە و لێدانیان چارەسەر دەکەن، لەو باوەڕەدان لێدان لە منداڵ باشترین ڕێگایە بۆ دروستبوونی پەروەردەیەکی تەندروست.

 

بەڵام بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە گۆڤاری  eresmamی ئیسپانی بڵاوکراوەتەوە، شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە سزای جەستەیی منداڵان ڕەفتار و هەڵەکانیان باش ناکات بەڵکو هەستێکی نەرێنی دروست دەکات لەسە منداڵەکان، هەروەها کاریگەری خراپ لەسەر گەشە و هاوسەنگی دەروونیان دروست دەکات.

 

توێژینەوەکان دەریان خستووە خراپترین ڕێگا بۆ پەروەردەی منداڵان "لێدانە"

ژمارەیەک لێکۆڵینەوە کە دەکاتە ٦٩ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پرسە لەلایەن شارەزایان و زانایانەوە ئەنجام دراوە، تازەترینیان لە The Lancet بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە هیچ بەڵگەیەک نییە دەریبخات منداڵان لە ڕێگەی لێدانەوە پەروەردەیەکی تەندروست وەردەگرن بەڵکو زیانی زۆر بە جەستە و دەروونی منداڵەکە دەگەیەنێت، هەروەها لێکۆڵەران بە دەستدرێژی جەستەیی ناوی دەبەن.

جگە لەوەی زیان بە گەشە و دەروون دەگەیەنێت دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە هەست بە کەمی بکات، ڕق و ترس لە ناخی منداڵەکەدا دروست دەکات، هەروەها کاردەکاتە سەر متمانە بەخۆبوونی منداڵەکە، لە دواڕۆژدا متمانەی بە خۆی نامێنێت، لەگەڵ کۆمەڵگا و کەسانی دیکە پەیوەندی کۆمەڵایەتی خراپ دەبێت.

 

منداڵ لەوکاتەی بە جەستە سزای هەڵەکانی وەردەگرێت هەستی تاوانباری لەلا دروست دەبێت بەرامبەر بەو هەڵەیەی ئەنجامی داوە، تەنانەت لەگەڵ دایک و باوکی هەست بە نامۆ بوون دەکات هیچ کات ئامادە نییە باس لە ئەزموون و ڕای خۆی بکات لە نێو کۆمەڵگاو خێزانەکەیدا.

 

گفتوگۆکردن باشترین ڕێگایە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ منداڵ

گفتوگۆکردن باشترین ڕێگایە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ، وا لە منداڵەکە دەکات هەمیشە هەست بە سەلامەتی بکات هەست بکات هەمیشە پشتیوانێکی هەیە بەو هۆیەشەوە زیاتر حەز بە بیستنی ئامۆژگاری و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی دەکات.

 

گفتوگۆکردن زیاتر پەیوەندی دروست دەکات لە نێوان خێزان و منداڵ، هەروەها لایەنی سۆزداری زیاد دەکات لەلایەن منداڵەکانەوە بۆ خێزانەکانیان، لەم ڕێگەیەوە منداڵەکان دەتوانن ڕەفتاری باش و خراپ جیابکەنەوە و دواجار لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەفتارە باشەکان بەرجەستە بکەن و پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ کەسانی چواردەوری دروست بکەن.

 

ت.پ