لە ئەفغانستان ڕێژەی مردنی دایکان و کۆرپە لە کاتی منداڵبووندا زیادبووە
لەگەڵ خراپی دۆخی ئابووری، منداڵبوونی زۆر، ئامادەنەبوونی جەستەیی ژنان بۆ دووگیانی، بوون بە دایک لە تەمەنی بچوکیدا و دەستنەگەیشتن بە بنکە تەندروستییەکان دەبنە هۆی زیادبوونی ڕێژەی گیان لەدەستدانی دایکان و منداڵان.
بەهاران لەهیب
کابول - ئەفغانستان لەڕووی تەندروستیەوە یەکێکە لە وڵاتە دواکەوتووەکان، ساڵانێکە خەڵک بۆ وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی ڕوو لە وڵاتانی دراوسێ دەکەن، بەتایبەتی پاکستان و هەروەها هیندستان دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە بە هاوردە کردنی دەرمانی کوالیتی نزم بۆئەفغانستان دەبێتە هۆی وەرگرتنی چارەسەری بێکاریگەر و کوالیتی نزم.
لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی بەربڵاوی گەندەڵی دارایی لە ئەفغانستان، ژمارەیەکی زۆر زانکۆ دامەزران، هاوکات لەگەڵ بەشەکانی تردا خەڵکێکی زۆر لە بواری پزیشکیدا خوێندوویانە، بەڵام ئاستی خوێندن نزم بووە، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە زانکۆ ئەهلیەکان بەتایبەت بۆ ژنان هەندێک خولی پزیشکی پێشکەش دەکەن کە لەلایەن تاڵیبانەوە ڕێگەیان پێدەدرێت وانە بڵێنەوە. بەڵام زۆرینەی ئەو زانکۆیانە ڕووبەڕووی کەمی پرۆفیسۆری پیشەیی بوونەتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بارودۆخی بواری پەروەردەی پزیشکی باش نییە و تا ئێستاش لە سەرتاسەری ئەفغانستاندا بنکەی تەندروستی بۆ چارەسەری نەخۆش نییە.
ئەم گرفتانە کاریگەری توندتریان بۆژنان هەیە، بەتایبەتی ئەو ژنانەی منداڵیان بووە، هاوکات لەگەڵ خراپی دۆخی ئابووری، منداڵبوونی زۆر، ئامادەنەبوونی جەستەیی ژنان بۆ دووگیانی، بوون بە دایک لە تەمەنی بچووکیدا و دەستنەگەیشتن بە بنکە تەندروستییەکان، هەموو ئەمانەش ڕێژەی گیان لەدەستدانی دایکان و منداڵان زیاد دەکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سندوقی منداڵانی نەتەوەیەکگرتووەکان "یونیسێف"، رێژەی گیان لەدەستدانی دایکان لە کاتی منداڵبووندا بەهۆی نەچوونە لای پزیشک زۆرە، ئەمە لە کاتێکدایە تەنها ٦٧%ی ژنان بۆ منداڵبوون دەچنە لای پزیشکی پسپۆڕی تەندروستی.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە: هەر ژنێک لەکاتی دووگیانیدا پێویستە چوار جار سەردانی پزیشک بکات، بەڵام لە ئەفغانستان تەنها یەک لەسەر سێی ژنان دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەگات.
هەروەهاڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، ڕۆژانە ٢٤ دایک لە کاتی منداڵبووندا گیان لەدەستدەدەن و ١٦٧ منداڵیش بەهۆی نەبوونی بنکەی تەندروستی لە ئەفغانستان گیان لەدەستدەدەن.
لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە، ئەم ڕێکخراوە ڕووبەڕووی کەمی دارایی بووەتەوە، ئەمساڵ ٤٢٨ بنکەی تەندروستی جێگیر و گەڕۆک داخراون و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ژمارەی گیان لەدەستدان زیاد دەکات.
بەڵام وەک هەمیشە وەزارەتی تەندروستی تاڵیبان لەڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کەڕێژەی مردنی دایکان و کۆرپە کەمیکردووە.
"ئەو ژنانەی بۆ منداڵبوون سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن بە دڵخۆشترین ژن دادەندرێن"
لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ پزیشک مورسێل سروش لە پارێزگای پەروان قسەمان کرد و وتی: لە ئەفغانستان ئەو ژنانەی لە کاتی منداڵبووندا سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن بە دڵخۆشترین ژن دادەنرێت، چونکە لەناوەندی پارێزگای پەروان تەنها یەک نەخۆشخانەی حکومیمان هەیە کە جگە لە بەشەکانی تر لە بواری منداڵبوون و ژنانیشدا چالاکە، بەڵام ئێمە سەرەتاییترین ئیمکاناتمان نییە و تەنانەت تەختەکان بەشی نەخۆشەکان ناکەن، بۆیە هەندێکجار دوو نەخۆش لەیەک جێگادا وەرگیراون.
نەسرین غەنی تەمەن ٢٥ ساڵ کە دووگیان بوو بە منداڵی پێنجەمی، بەزەحمەت دەیتوانی بجوڵێت، لە وەڵامی پرسی"بارودۆخت چۆنە؟" وتی: هێشتا تەمەنم١٤ساڵ نەبوو کاتێک هاوسەرگیریم کرد، لەبەر ئەوەی کوڕێکم هەیە، منداڵەکانملە سەر یەکەوە لەدایک بوون".
نەسرین تەنهایەک جار توانی بچێتە لای پزیشک، بنکەی تەندروستی زیاتر لە کاتژمێرێک لێیەوە دوورە،نەسرین بە منداڵێکی کچ دوو گیانییە، هاوسەرەکەی و خێزانکەی بۆیان گرنگ نییە کە منداڵەکە زیندوو یا مردوو لە دایک ببێت، چونکە سێ کچی دیکەیانهەیە.
نەسرین وتیشی: حەزم دەکرد خوێندنەکەم تەواو بکەم و ببمە بەڕێوەبەری قوتابخانە لەیەکێک لە قوتابخانەکانی کچان و یارمەتی ژنانی دیکە بدەم، بەڵام ڕێگەم پێنەدرا ئەم کارە بکەم، ئێستا هەوڵدەدەم کچەکانم خوێندەوار بکەم و ئاواتەکەم بەدیبهێنم.