زیادەڕەوی لە ڤیتامینەکاندا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت
بە زیادبوونی ڤیتامینەکان لە ناو لەشدا هۆکارە بۆ ژەهراوی بوونی جەستە

ناوەندی هەواڵ
ڤیتامین ئەو پێکهاتەیەی لەشی شیردەرەکان بە شێوەیەکی سروشتی ناتوانێت درووستی بکات، بەڵکو لە ڕێگای خۆراکەوە دەتوانێت بە دەستی بهێنێت، بە تایبەتی لە ڕێی میوەکانەوە، ١٣ جۆر لە ڤیتامین هەیە وەک: ڤیتامین A، B، C، D، E و ڤیتانین K، وە لە ناو ڤیتامین Bـیەکاندا چەندین جۆری هەیە.
زۆربەی کات ڤیتامینەکان لەلایەن پزیشکانەوە دەدرێتە هاوڵاتیان، بەهۆکاری نەبوونی ڤیتامین لە لەشدا، بەڵام هەندێک لە هاوڵاتیان بە بێ ڕێنمای پزیشکی ڤیتامینەکان بەکار دەهێنن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دروست دەکات، لە ڕاپۆرتێکی "ئەلێکس بیسمیرتنی" پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەستەوەری و بەرگری جەستە ئاماژەی بەوە داوە، زیادەڕەوی کردن لە خواردنی ڤیتامینەکان دەبێتە هۆی زیاد بوونی لە ڕادە بەدەری ڤیتامینەکان، کە ئەمە لە خودی کەمی ڤیتامینەکان مەترسیدارترە.
وە ئاماژەی بەوەشکردووە زیادەڕەوی کردن لە خواردنی ڤیتامین D و ڤیتامینA بۆ تەندروستی مەترسیدارە، زۆر لە مۆڵتی ڤیتامینەکان وەک تەواوکەری خۆراکی دەخورێن نەوەک دەرمان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیان گەیاندن و ژەهراوی بوونی جگەر، بیسمیرتنی پێیوایە کەمی هەندێک لە ڤیتامینەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر سیستەمی بەرگری جەستە نییە، بەڵام کاریگەریی دەکاتە سەر تەندروستی گشتی جەستە.
ئاماژەی بەوەشکردووە زیادە ڕەویکردن لە بەکارهێنانی ڤیتامینەکان دەبێتە هۆی سەر لە گێژەوە هاتن و بێتاقەتی و شەکەتبوون، لەگەڵ زیادبوونی ڤیتامین D تووشی ڕشانەوە دەبێت، واتە هەموو نیشانەکانی ژەهراویبوونی لەسەر دەردەکەوێت.
ت.پ