"لۆمەی کۆمەڵگە و ترس دەبێتە هۆی چارەسەر نەکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان"

نەشمیل رەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونیەکان دەڵێت: تاکەکانی کۆمەڵگە پێویستە هۆشیاریان دەربارەی نەخۆشییە دەروونییەکان هەبێت، کاتێک توشی دەبن لە لۆمەی کۆمەڵگە نەترسن و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن.

سلێمانی

 

نەخۆشیە دەروونیەکان لە  ناو کۆمەڵگەدا ڕوو لە هەڵکشان دەکات، بەتایبەت لە ناو گەنجەکاندا ئەمەش  بەهۆی ڕەخساندی ئەو بارودۆخە نا سەقامگیریە ئابووری و سیاسیەی کە بۆ هاوڵاتیان خوڵقاندوە بۆتە هۆکاری تێكچوون و نائارامی دەروونی کۆمەڵگە، هەروەها سیاسەتی داگیرکاری و بەکاڵابردنی ژنان کاریگەری کردۆتە سەر ژنی گەنج، هەموو ئامانجیان تەنها بووە بە ڕووکار هەموو ئەمانە بۆ سیاسەتی بێدەنگکردن و مێشک وەستانی گەنجان ئەنجام دراوە لە کۆتایدا کۆمەڵگەیەکی دەروون تێکشکاو دروست بووە.

 

نەشمیل ڕەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونیەکان، سەرەتا نەخۆشی دەروونی شیکردەوە و وتی: نەخۆشی دەروونی واتا بوونی گرفتێک یان شێواویەک لە بیر کردنەوە، لە ڕەفتارەکانی کەسێکدا لە هەمان کاتدا کاریگەری دەبێتە سەر بەڕێوەبردنی ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی.

 

"بە دەرکەتنی هەر نائارامی و دڵەڕاوکێیەک پێویستە چارەسەری پزیشکی وەربگیرێت"

نەشمیل ڕەسوڵ، ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک تاکێک درکی بە نائارامی و تێکچوونی باری دەروونی و ڕەفتارەکانی خۆی کرد، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بکات، وتیشی: وەک چۆن کەسێک توشی نەخۆشیەکانی تر دەبێت، نەخۆشی دەروونیش بەهەمان شێوە نەخۆشیەکی ڕاستەقینەن تاکەکانی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی نەخۆشیە جیاوازەکانی دەروونی دەبێتەوە، کار لە مێشک و بیردنەوەی دەکات، لەبەر ئەوە گرنگە بە زووترین کات چارەسەر دەروونیەکان وەربگرێت، بە چەند نیشانەیەکی جیاواز دەردەکەویت کەسێک نەخۆشی دەروونی هەبێت یاخود نا.

 

"هۆکارەکانی نەخۆشیە دەروونیەکان دەگەرێتەوە بۆ چۆنیەتی ژیان کردن و بارودۆخی کۆمەڵگە"

نەشمیل ڕەسوڵ، باسی لە هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشیە دەروونیەکان کرد وتی: نەخۆشی دەروونی وەک نەخۆشیە جەستەیەکان کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازی هەیە، لێرەدا، ئەکرێت بوترێت بەشێکی نەخۆشیەکە بۆماوەییە، بەڵام مەرج نییە ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە لە دایک و باوەکەوە بۆ منداڵەکان، لەگەڵ ئەوەشدا گرفتی کۆمەڵگە و گۆڕانگاریە سەردەمیەکان، گرفتە ئابورییەکان، فشاری دەروونی هۆکارە بۆ دەرکەوتنی هەندێک نەخۆشی دەروونی، وتی: نەخۆشی دڵەڕاوکێ لەم سەردەمدا زیادی کردووە، لە ٢٠٪ خەڵک تووشی دڵەڕاوكێ بوون، هەروەها نەخۆشی خەمۆكی لە ئێستادا بە بەراورد بە هەموو نەخۆشیەکانی دیکە بەربڵاوترین نەخۆشییە، تاکی کۆمەڵگە زۆربەی کات لە تەنیایدا دەژی خۆیان لە تێکەڵ بوون لەگەڵ سروشتدا دورخستۆتەوە زیاتر پەیوەستن بە سەردەمی تەکنەلۆژیا، گرنگی نەدان بە وەرزش و کات بەسەربردن بە تەنها هەمووی هۆکار بۆ بەرزبونەوەی ڕێژەی نەخۆشیە دەروونیەکان لە هەموو جیهاندا.

 

"هۆشیاری خێزان و کۆمەڵگە پاڵنەری باش دەبێت بۆ چارەسەری نەخۆشیە دەروونیەکان"

نەشمیل ڕەسوڵ، پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونیەکان، ئاماژەی بەوە کرد، دوو تێڕوانین هەیە بۆ نەخۆشیە دەروونیەکان، خێزان هەیە زۆر کراوەن هەر گۆڕانکاریەک لە دەرووندا ڕووبدات سەردانی پزیشک دەکەن ڕێگە نادەن نەخۆشیەکە زاڵبێت وتیشی: هەندێک خێزان هەیە کاتێک ئەندامێک لە خێزانەکەی دوچاری نەخۆشیە دەروونیەکان دەبێتەوە، گرفتی تێکشکانی دەروونی بە عەیبە دەبینن، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ دورکەوتنەوەی نەخۆش بۆ وەرگرتنی چارەسەر، چونکە بە شەرمی دەزانن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی لۆمە کۆمەڵگە نەبنەوە، چونکە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ هەر تاکێک چارەسەری دەروونی وەربگرێت بە جۆرێکە کە ئەو تاکە  ناچالاک و مێشک ناتەواوە، هەندێک لە خێزانەکان وا بیر دەکەنەوە لە ڕێگەی ڕۆحییەوە چارەسەری نەخۆشیە دەروونیەکان دەکرێت و پەنای بۆ دەبەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا نەشمیل ڕەسول ئەوەشی ڕوونکردەوە، زۆر کات حاڵەتی ئالودەبوون لە کەسێكدا بەهۆی بەکار هێنانی ماددە کحولیەکان دروست دەبێت و کەسەکە کۆنترۆڵی دەروونی لە دەست دەدات، کاتێک پێویستی بە چارەسەر بە ڕێگەی تەندروستی هەیە کۆمەڵگە لۆمەی دەکەن، بۆیە لە چارەسەرکردن خۆی بە دوور دەگرێت و لە چوارچێوەی دەروونێکی نا تەندوستدا دەمێنێتەوە، لە کۆمەڵگە دوردەکەوێتەوە و دووچاری گۆشەگیری دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە خاوەنی کۆمەڵێک گەنجی دەروون نا ئارام دەبێت و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو نابێت.

 

"هەندێک کات بە پێی تەمەنە جیاوازەکان نەخۆشییە دەروونییەکان دەردەکەون"

لە درێژەی قسەکانی نەشمیل ڕەسوڵ باسی لەوەکرد، نەخۆشیە دەروونیەکان تەمەنێکی دیاری کراوی خۆی هەیە، نمونەی نەخۆشیەکانی تر یەکێک لەوانە توشبوی ئۆتیزم کە زۆربەی کات لە تەمەنی ٣ ساڵدا لە منداڵاندا نیشانەکانی دەردەکەوێت، یاخود ئەوکەسانەی نەخۆشی بیرکۆڵیان هەیە لە منداڵیدا دەردەکەوێت، بەڵام هەندێک نەخۆشی لە تەمەنی نەوجەوانیدا دەردەکەوێت وەک دڵەڕواکێ و خەمۆکی، هەندێک کاتیش نەخۆشیەکان لە تەمەنی ٢٠ تا ٣٠ ساڵدا نیشانەکانی دیاری دەدات، جگە لەوەش حالەتەکانی لە بیرچوونەوە لە کەسێکی بەتەمەندا دەردەکەوێت.

 

" خێزانەکان و کۆمەڵگە ڕێگرن لە گەڕاندنەوەی تاکێکی دەروون شێواو بۆ باری ئاسایی خۆی"

لە کۆتایدا نەشمیل ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەکرد، ڕێژەی توشبوونی نەخۆشییە دەروونییەکان لە ژنان و پیاواندا جیاوازە بۆ نمونە ڕێژەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لە ژناندا بەڕێژەیەکی زیاتر ڕوودەدات بە بەراورد بە پیاوان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە ناجێگرییەی لە هۆڕمۆنەکانی ژناندا بەتایبەت ژنانی دووگیاندا دروست دەبێت کە پێویستی بە چارەسەری تایبەت هەیە.

 

نەشمیل ڕەسوڵ، باسی لە ڕێگریەکان لە کاری چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان کرد و وتی: بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگە کە نەخۆشی دەروونی هەبێت ڕێگریەکان زۆرن، نەبوونی پاڵپشتی خێزانەکان، نەبوونی ڕەخساندی دوبارە تێکەڵ بوونی کەسی توشبوو بۆ ناو کۆمەڵگە دوای چارەسەر وەرگرتن، ئەمانە وادەکاتە نەخۆش کاتێکی زیاتری بوێت بۆ باشبوونی دۆخی دەروونی، بۆیە پێویستە خێزانەکان بە شەرمی نەزانن و لە لۆمەی کۆمەڵگە نەترسن بۆ دووبارە گەڕانەوەی دەروونیکی ئارام، هەروەها تاکەکانی کۆمەلگە گرنگە هۆشیارییان هەبێت دەربارەی نەخۆشییەکانی دەروونی تا بتوانن هاوکاری یەکتر بن، پێویستە ژنان لە کاتی هەستکردن بە نا ئارامی دەروونی زیاتر گرنگی بە لایەنی دەروونی خۆیان بدەن، بە ڕاوێژکردن بە پزیشکی دەروونی چارەسەر وەربگرن و زاڵ بن بەسەر هەموو ئاستەنگەکانی بەردەمیان، گرنگە هەمووان بزانن نەخۆش دەروونی وەک هەر نەخۆشیەکی دیکە چارەسەری هەیە.