تای خوێنبەربوون؛پەتایەک هەرەشە بۆسەر مرۆڤایەتی

بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای تای خوینبەربوون لە پارێزگاکانی عێراق، هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ پێشگرتن لە پەتاکە دەکات و لە هەڵەبجەش کە رووبەرێكی فراوان لە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری هەیە، دەستکراوە بە ئامادەكاری وەک ڕشاندنی دەرمان و پاککردنەوەی ئاژەڵەکان.

ڕێژنە سەلام 

 

هەڵەبجە-پەتای کۆنگۆ یاخود تای خوێنبەربوونیشی پێدەڵێن، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە سەرهەڵدەدات کە زیندەوەرێکی بچوک "گەنە" هەڵیدەگرێت، ئەم ڤایرۆسە  لە شارەکانی ئەفریقا و بەلقان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا، ساڵانە زیاد دەکات و بڵاوە. نەخۆشییەکە لە ڕێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٤لە جەنگى جیهانی دووەمدا سەریهەڵداوە، ٤٠% ئەو کەسانەی تووشی دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. لەدوای تۆماركردنی ژمارەیەک حاڵەتی تای خوێن بەربوون لەپارێزگاكانی عێراق ، هەرێمی كوردستان كەوتووەتە  ئامادەكاری بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم جۆرە پەتایە.

 

لە سونوری پارێزگای هەڵەبجە بە هۆی زۆری بەروبوومی ئاژەڵەوە پزیشکانی ڤێرتەرنەری هۆشیاری دەدەن لە خواردنی گۆشت و بەرهەمی سپی و لەو بارەیەوە پزیشک دڵنیا فاروق، بەڕێوەبەری ڤیرتەرنەری پارێزگای هەلەبجە وتی: نەخۆشی تای خوێنبەربوون نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە، لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ئەم نەخۆشییە لە رێگەی مشەخۆرەکانەوە دەگوزرێتەوە بۆ ئاژەلەکان و پاشانیش ئاژەڵەکان بۆ مرۆڤ واتە نەخۆشیەکی هاوبەشە لە نیوان ئاژەڵ و مرۆڤ.

 

کام ئاژەڵ توشی تای خوێنبەر بوون دەبێت؟

پزیشک دلنیا فاروق سەبارەت بەو ئاژەڵانەو وردەکاری توش بوون بە پەتای تای خوێنەبەربوون وشێوازی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئاژەڵانە توش دەبن کە گیا خۆرن وەک  رەشە وڵاخ، مەڕ و بزن و کەروێشک، ئەم نەخۆشیە  ئەوکەسانەی توش دەبن  ١٠٪ بۆ ٤٠٪ دەبێتە گۆی گیان لەدەستدان، لە وەرزی بەهاردا  بڵاو دەبیتەوە،  چونکە ئیستا وەرزی  گەنەیەو وەرزی گەرمایە، لە رێگەی لێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵەکە، وە هەروەها لە رێگەی گەرادانان و کۆگایەک دەبیت بۆ زیاد بوونی پەتا، دووجار حالتی زیاد بوون زیاد دەکات، چونکە دەگوازریتەوە بۆ ئاژەڵەکەو وە هەروەها زیادیش دەبیت.

 

وتیشی:پێویستە ئەم نەخۆشیە خۆمانی  لێ بپاریزین، خاوەن ئاژەڵەکان ئاژەڵەکانیان و شوێنی مانەوەیان بەدەرمانی تایبەت بشۆن.

 

چۆن ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێن بەربوون بکەین؟

سەبارەت بە شێوازی دەرمان کردن دڵنیا فاروق پزیشکی ڤیرتەرنەری وتی: ئیستا لە بەرێوەبەرایەتی ڤیرتەرنەری ٧ تیممان هەیەو بەردەوام سەردانی ئەو شوێنانە دەکات، کە  ئاژەڵیان هەیەو پاکییان دەکەەوە، لە هۆڵەکان و  بۆ گەورو قاعەکان شۆردنەوە بۆ ئاژەلەکان دەکات.

 

"پێویستە بەهەموو لایەک رێگری بکەین ئامادەکاریمان کردووە"

لە کۆتایی قسەکانیدا پزیشک دڵنیا فاروق وتی: پێویستە خاوەن ئاژەڵەکان، جل وبەرگی تایبەت لەبەر بکەن و جلی سپی و قۆل دریژ لەبەر بکەن، هەروەها  ئەو ئاژەلانەی مشەخۆری دەرەکیان هەیە جیا بکرینەوە لەو ئاژەلانەی سەلامەتن،چارەسەریان بۆ بکرێ ، 

 

 هاوڵاتیان و  فرۆشیارانی گۆشتیش پێویستە بە دەستکێشەوە دەستکاری گۆشت بکەن و ئەو ئامێرو  تەختەیەی بۆ ورد کردنی گۆشت بەکارد دێت، جوان بشۆردرێت و بۆ خواردنی تر بەکار نەهێندرێت، چونکە ڤایرۆسەکە لە رێگەی بڕینەوە دەگوازریتەوە، شیر و گۆشتیش پێوییستە زۆر بکوڵێندرێت.

 

لە ماوەی ڕابردودا و بەتایبەت لە پارێزگای کەرکوک چەندین حالت بە پەتای خونبەربوون تۆمار کراون، لایەنە تەندروستیەکان داواکارن کە حاڵەتی ئامادەباشی بگیڕێتە بەر.

 

نیشانەکانی نەخۆشییەکە چییە؟
١-لە ٣-٧ رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەون و  نەخۆشییەکە تایەکی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی ئازاری هەیە، بەتایبەت  ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەکە تووشی سکچوون و رشانەوە ببێت، لە قۆناغەکانی کۆتایشدا خوێن بەربوون دەستپێدەکات.
٢-نەخۆشەکە لە دەموو لووتییەوە خوێن بەردەبێت، پاشان لە پشتیشی پەڵەیەکی خوێن بەربوون دەردەکەوێت، لەوکاتەشدا دەبێت چارەسەر بکرێت.

 

ڕێگاکانی خۆپاراستن:
١-دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەرشەقامەکان بە نایاسایی.
٢-ئەو کەسانەی گۆشت فرۆشن، دەبێت سەرجەم رێنماییە پزیشکییەکان پەیڕەوبکەن، وەک بەکارهێنانی دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوکات بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەوەی نزیک نەبنەوە لە ئاژەڵەکان، ئەو کەسانەش کە سەردانیان دەکەن بەمەبەستی کڕین دەبێت بە ئاگابن.
٣-نەچوونی مرۆڤ، بۆ ئەو شوێنانەی کە گەنە و مێرووەکانی لێیە.