باشترین خۆپارێزی لە کۆلێرا خواردنەوەی ئاوی کوڵێنراو و دەست شوشتنە

پزیشک سۆما محەمەد، پزیشکی هەناوی باس لە نەخۆشی کۆلێرا دەکات، کە تووشی ڕیخۆڵە دەبێت و وشکبوونەوەی جەستە دروست دەکات، بۆیە باشترین ڕێگەی خۆپاراستن بە شوشتنی دەستەکان و خواردنەوەی شلەمەنی و ئاوی کوڵاو دادەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک سۆما محەمەد، پزیشکی پایەبڵندی هەناوی، دەربارەی كۆلێرا و مەترسیەکانی بۆ تەندروستی هاوڵاتیان، چەند زانیارییەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، کە کۆلێرا لە دێر زەمانەوە لە کوردستان هەیە و لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند شەپۆلێکی، بە تایبەت لە وەرزی هاویندا دەرکەوتووە.

 

سۆما محەمەد باسی لەوەکرد، کۆلێرا ،ئەو نەخۆشییە بەکتریایەیە کە تووشی ڕیخۆڵەکان دەبێت، دەبێتە هۆی سکچوونی خێرا و وشکبوونەوە، لە هەندێک خەڵکیشدا گورچیلە وەستان و بێهۆشی و مردن ڕوودەدات، ئەگەر بێت و چارەسەری پێویست لەکاتی خۆیدا وەرنەگرن.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی پزیشکەکە بڵاوی کردووەتەوە، بە نزیکی لە ٪١٠ی ئەوانەی تووشبووی کۆلێران بە خراپی تووشی دەبن و ڕەنگە زەرەر لە ژیانیان بدات، ئەمەش بەهۆی وشکبوونەوەی خێرا و وەستانی لەناکاوی گورچیەلەکانەوە ڕوودەدات.

 

ئەو پزیشکە هۆکاری تووشبوونی نەخۆشیەکە بەم شێوەیە دەخاتەڕوو؛

هۆی تووشبوون بەو نەخۆشیە بریتیە لە جۆرێکی بەکتریا کە پێی دەوترێت  (Vibrio cholerae)، ئەم بەکتریایە لەڕێی دەمەوە (feco-oral ) واتە لەڕێی خواردن و خواردنەوەی پیسبوو دەچێتە ڕیخۆڵەی مرۆڤەوە، بە خێراییەکی زۆر لە ڕیخۆڵە باریکەدا گەشە و زیاد دەکات و جۆرێک لە ژەهری بەکتریاکە دەڕێژێت کە دەبێتە هۆی سکچوون و دەردانی خێرای ئاو و خوێکانی جەستە، وەک پۆتاسیۆم و سۆدیۆم و کلۆری ناو ڕیخۆڵە، لەڕێی پیسایی نەخۆشەکە.

 

هۆکاری گواستنەوە؛

-ئاوی خواردنەوەی پیس (وەک دەوترێ لەکوێ پیسی سەرچاوەی ئاو هەبێ کۆلێراش دەبێ).

-خۆراکی پیس بوو

-سەوزەی ئاودراو بە ئاوی پیس

-دەستی چڵکنی کەسێک کە نەی شتبێت و دەستی دابێت لەسەرچاوەکانی خواردن (وەک لە رێستورانت و خواردنگاکان)

-یان راستەوخۆ لەڕێی پیسایی و ڕشانەوەی نەخۆشی تووشبوو بە بەکتریای کۆلێرا.

 

نیشانەکانی تووشبوون:

زۆربەی تووشبوانی کۆلێرا یان بێ نیشانەن، یان لەسەرەتادا هاوشێوەی هەر تووشبوونێکی ترن بە بەکتریا یا ڤایرۆس، کە تووشی ڕیخۆڵە دەبن و دەبنە هۆی هەوکردنی ڕیخۆڵەکان، لەو نیشانانەش بریتین لە:

-سکچوونی وەک ئاو (بڕێکی زۆر سکچوون و سکچونەکە وەک ئاوی لێ دێت )

-گەدە تێکچوون و هێڵنج و ڕشانەوە

-تینوێتی و دەم ووشکی

-ئازاری جەستە و داهێزران بەهۆی نەمانی ئاوو خوێکان لە جەستەدا

-وشکبوونەوەی پێست و جەستە و چاو بە قولایی داچوون.

-هەندێک جار وشک بوونەوەکە ئەوەندە توندە، دەبێتە هۆى:

لەکار کەوتنى گورچیلەکان.

خێرا بوونی لێدانی دڵ

دابەزینی پەستانی خوێن

بێ هۆشی و مردن

 

ئەو پزیشکە دەڵێت، نیشانەکان بەو شێوەیەن، بەڵام مەرج نییە هەموو نیشانەکان بەیەکەوە هەبن لە هەمان نەخۆشدا، بەلام مادام حاڵەت تۆمار کرا، هەر کەسێک سکچوونی هەبێ و پیسایییەکیەی وەک ئاوی برنج شل و لینج و سپی بێت، دەبێت وا دابنێرێت تووشبووی کۆلێرایە.

 

بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە لەسەرەتادا لە نیشانەکانەوە دەستپێدەکات، لەگەل کۆمەلێک پشکنینی تاقیگەیی وەک: Stool Culture For VC,PCR (Polymerase Chain Reaction), Rapid Diagnostic Tests.

 

وەک چارەسەر پزیشک سۆما محەمەد دەڵێت:

- لە حاڵەتى وشکبوونەوەى کەم و هەبوونی نیشانەی کەم، دەکرێت نەخۆشەکە خۆى لە ماڵەوە چارەى خۆى بکات، باشترین چارە بریتییە لەخواردنەوەى موغەزیی گیراوە (ORS).

 

کیسەیەک لە موغەزییەکە تێکەڵى لیترێک ئاو (کە کوڵێنرابێت و ساردکرابێتەوە) دەکرێت، دواى هەر سک دەرچوونێک پەرداخێکى یا دوانی لێدەخورێتەوە.

 

- هەر کەسێک نەتوانێت بڕی پێویست ئاو و موغەزی بخواتەوە، میزى کەم ببێتەوە، ڕشانەوەشی زۆر بێت، پەستانى خوێنى داببەزێت، دەبێت خێرا سەردانی نەخۆشخانە بکات و چارەسەری پێویست وەربگرێت.

 

- تا بکرێت خواردنى شەکر و شیرینەمەنى و چا کەم بکرێتەوە، چونکە میزکردن زیاد دەکەن و بەوەش وشکبوونەوە زیاد دەکەن.

 

- دەرمانى دژەبەکتریا تا ڕاددەیەکى زۆر ڕۆڵی هەیە لە چارەسەرى و پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆرەوە بنووسرێت، نەک لەخۆوە بەکاربێت.

 

- ئەو خواردنانەی لەكاتی تووشبوون بەپەتای سكچوون و ڕشانەوە بەكاردەهێنرێت دەبێت ژەمی سوک بن و ئاسان بێت بۆ هەرسكردن وەک شۆربای مریشك و سەوزەواتی كوڵاو و نەعنا یان نیسك یان برنج.

 

 -ئەوەی گرنگە لەكاتی سكچوون و ڕشانەوە، خواردنی ئەو خۆراكانەیە كە بەپۆتاسیۆم دەوڵەمەندن گرنگترینیان: ئەڤۆگادۆ، شووتی، قەیسی،هەنار، پرتەقاڵ، مۆز، تەماتە، سپێناخ، خەیار، پەتاتە، چەوەندەر ، نیسك، و ماسی.

 

خۆپاراستن:

-لەبەر ئەوەی گرنگترین هۆی گواستنەوەی کۆلێرا بریتیە لە ئاوی پیسبوو، بۆیە ئاو بکوڵێنن بۆ سەرووی پلەی ٧٠ی سیلیزی، تەنانەت فیلتەرەکانی ئاوی ماڵانیش کە بەکاردێن پرۆسەکەیان بریتیە لە لە فلتەری فیزیکالی و ناتوانن بەکتریاکە لەناوبەرن.

 

-خواردن و خواردنەوەی سارد و نەکوڵاو لە دەرەوە مەخۆن.

-دووركەوتنەوە لە خواردنی ساردەمەنیەكان و ئەو شەربەتە دروستكراوانەی پاكوخاوێنی و ئاوی بەكارهاتوو و كەرەستەكانی جێی دڵنیایی نیە.

 

-پێویستە هەموو خۆراكەكان داپۆشراو بن و سەوزە و میوەكان پێش خواردنیان زۆر بەباشی بشۆرێتەوە و پاكبكرێتەوە، بەدانانی بۆ ماوەیەك لەناو خوێ یان سركە، گەر بکرێ ئەم ماوەیە سەوزە مەخۆن (چونکە نازانیت بە ئاوی پیس ئاو دراوە یان نا)

 

-دەستشووشتنی باش بەتایبەتی پێش نان خواردن و دوای بەكار‌هێنانی توالێت و خۆ بەدوورگرتن لە هەموو بەركەوتنەكان لەگەڵ كەسانی نەخۆش.

-بێ دەست شوشتن نان مەخۆن و دەست بۆ دەمتان مەبەن.

-ئەو کەسانەی تووش بوون بە کۆلێرا لە پیساییەکەیاندا بڕێکی زۆر لە و بەکتریایە هەیە، دەبێت لە شوێنێک پیسایی بکەن بە هیچ جۆرێک تیکەڵ بە ئاوی خواردنەوە نەبێت، ئەگینا دەبێتە هۆی زیاتر بڵاو بوونەوەی بەکتریاکە.