پزیشکەکان ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە لە نەخۆشخانەکانی عێراق

لە بەغدا ٪٨٧ پزیشکەکان لە شوێنی کارەکانیان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، هەندێکیان دەمانچەیان بەرامبەر ڕاکێشراوە کە زۆربەیان بەدەست کەسوکاری نەخۆشەکانەوە بووە، پزیشکەکانیش دەڵێن خەڵکی چەکیان هەیە وە کێشە لە سیستەمی چاودێری تەندروستیدا هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

مەریەم عەلی تەمەنی ٢٧ ساڵە، لە ساڵی دووەمی مانەوەی لە نەخۆشخانە وەک پزیشک لە نەخۆشخانەی غازی حەریری لە بەغدا، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن کەسوکاری نەخۆشەوە هێرشی کرایەسەر و بریندار کرا، هێرشبەرەکەی گیرا و زیندانی کرا، بەڵام لەو کاتەوە مەریەم وەک زۆرێک لە پزیشکە عێراقییەکانی دیکە بیری لە جێهێشتنی وڵاتەکەی کردووەتەوە.

 

لە ڕاپرسییەکی ئەم دواییەی پزیشکانی بەغدا دەریخستووە کە لە شەش مانگی پێشووی ئەم ساڵدا ٨٧٪ ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، زۆرینەیان ڕایانگەیاندووە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە توندوتیژییەکان زیادیکردووە و سێ لەسەر چواری ئەو هێرشانەش لەلایەن نەخۆشەکان و خێزانەکانیانەوە ئەنجامدراون.

 

مەریەم عەلی، باسی لەو هێرشەکرد لەلایەن کەسوکاری نەخۆشێکەوە کرابووە سەری، کە تازە چووبووە ژووری بانگهێشتی نەشتەرگەری دەمارەکان، پیاوێک دەستی دەگرێت و پاڵی پێودەنێت بۆ سەر زەوی و چەقۆیەک دەدات لە پشتی، ئاسایشی نەخۆشخانەکە دامەزراوەکەیان داخست و پیاوەکەیان دەستگیرکرد، مەریەم دەڵێت بە بەختێکی نائاسایی، کامێرای سی سی تیڤی کاری کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کاتی هێرشەکەدا پێم وابوو دەمرم، لە شۆکێکی تەواودا بووم".

 

ئاسایش و پاراستن لە ناو نەخۆشخانەکانی عێراقدا لاوازە

مەریەم باسی لەوەشکردووە کە ئاسایش و پاراستن لەناو نەخۆشخانەدا لاوازە، چونکە ئەو پیاوەی هێرشی کردووەتە سەر مەریەم دزێک بووە کە زۆرجار لە نەخۆشخانە دزی کردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئاسایش کە پزیشکە عێراقییەکان لە شوێنی کارەکانیان تووشی ئاستێکی بەرزی توندوتیژی دەبنەوە، مەریەم و هاوکارە ژنەکانی دیکەی چەندین جار گلەییان لە شکاوی قوفڵی ژووری بانگهێشتکردنی نەشتەرگەری کردبوو، بەڵام کەس چاکی نەکردبووەوە.

 

چەندین کەس ڕوو دەکەنە نەخۆشخانە لەبەر نەخۆشێک

لە عێراقدا ئاساییە کە نەخۆشێک دێتە نەخۆشخانەکان لەلایەن هاوڕێ و خێزانەوە پاڵپشتی بکرێت، هەندێک جار تا ١٥ کەس و زیاتریش لەگەڵیدا دێن، کاتێک پزیشک ناتوانێت نەخۆشێکی مردن چارەسەر بکات واهەست دەکرێت هەڵەیەکی کردووە، بۆیە گرژییەکان دەتوانن ببنە توندوتیژی بۆ سەر پزیشکەکان.

 

ڕیاز لەفتا، مامۆستا لە زانکۆی موستەنسریە لە بەغدا دەڵێت: کاتێک نەخۆشەکان دەچنە نەخۆشخانە گرژی و دڵەڕاوکێیان هەیە، پزیشکەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە، چونکە نەخۆشەکان توڕە دەبن و هێرش دەکەنە سەریان.

 

لاوازی ئاسایش بەو واتایە دێت کە چەک لە هێرشەکاندا بەکاردەهێندرێت، نزیکەی ٪٢٠ خەڵکی سڤیل لە عێراق خاوەنی چەکن، ڕیاز لافتا لە ئەزموونی کەسیی خۆیدا دوو ڕووداوی بەبیر دێتەوە کە تیایدا پزیشکان کوژراون، دەشڵێت: خەڵکی عێراق دڵەڕاوکێیان هەیە و دەروونیان ناجێگیرە، چەکدارن، لە هەمان کاتدا کێشە لە سیستەمی چاودێری تەندروستیدا هەیە، هەموو ئەم هۆکارانە بەیەکەوە بەشدارن لە پەرەسەندنی توندوتیژی.

 

لە ساڵی ٢٠٠٥دا گروپێک لە ١٠ پزیشک لە پارێزگای کەربەلا لە باشووری بەغدا کوژراون

ڕیاز لافتا دەڵێت ئەو خێڵانەی لەژێر سیستەمی خێڵەکی عێراقدا کاردەکەن شێوازێکی نوێیان بۆ زەوتکردن پەرەپێداوە، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پزیشكان و خێزانه‌كانیان ده‌كه‌ن به‌هۆی هه‌ڵه‌ی راسته‌قینه‌ یان هه‌ڵبه‌ستراوه‌وه‌، داوای "سزای عه‌شیره‌تی" ده‌كه‌ن، كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر لە ١٤٥ ملیۆن دیناری عێراقی بۆسەر پزیشکەکان.

 

پزیشکێکی نەشتەرگەری دڵیش دەڵێت: ئەم جۆرە کێشانە وایکردووە پزیشکەکان خۆیان بە ئەنجامدانی کردەوەی پزیشکی بێسوود لەسەر نەخۆشەکان سەرقاڵ بکەن تەنها بۆ ئەوەی ئەندامانی خێزانەکەیان ئارام بکەنەوە، کاتێک تەرمی مردوو دەبینیت و ١٠ کەس لە تەنیشتتەوە وەستاون، ئەگەر بڵێیت مردووە دەتکوژن، بۆیە، شۆکی دی سی پێدەدەیت بە ئامێری وەستاندنی دڵ ڕەنگە دوو، سێ، چوار جار ڕەنگە ١٠ جار، دەزانی هەڵەیە، بەڵام چارەیەکی دیکەت نیە، ڕێوشوێنی خۆپارێزی دەگرینەبەر، کاتێک چاوەڕێی مردنی نەخۆشێک دەکەین، بانگهێشتی پاسەوان دەکەین.

 

نەشتەرگەری دڵ ڕێژەی مردنی زۆرە، ئەگەر نەخۆشەکە بمرێت ئەوا پزیشکەکان کێشەیان بۆ دروست دەبێت بۆیە کەمترین پزیشک ئەو بوارە هەڵدەبژێرن

 توندوتیژیەکان وایکردووە پزیشکان بە کۆمەڵ وڵات بەجێبهێڵن، توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٧ دەریخستووە کە ٪٧٧ پزیشکە گەنجەکان بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە، لە ساڵی ٢٠١٩دا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، پێشتر ٢٠ هەزار کەس کۆچیان کردووە، کە توندوتیژییەکان هۆکارێکی سەرەکییە، توێژینەوەیەکی دیکەش دەریخستووە کە ساڵی ڕابردوو ١٦١ کارمەندی چاودێری تەندروستی کوژراون.

 

نەک بە تەنها پزیشکەکان تووشی توندوتیژی دەبن، بەڵکو هاوکارەکان، خێزان، هاوڕێ یان خزمەکانیشیان ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها سزا و هەڕەشە خێڵەکییەکان هۆکاری دوورکەوتنەوەی پزیشکەکانن لە نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکان، دەرچووانی نوێی پزیشکیش خۆیان لە ڕێگا پیشەییەکانی مەترسیدار وەک نەشتەرگەری دەمار و پزیشکی فریاگوزاری بەدوور دەگرن.

 

حكومه‌تی عێراق هه‌وڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌ی‌ داوە به‌ خستنه‌ڕووی یاسای پاراستنی پزیشك له‌ ساڵی ٢٠١٠ كه‌ ڕێگه‌ی به‌ پزیشكان داوە ده‌مانچه‌ی ده‌ستی هه‌ڵبگرن بۆ كاركردن، ریاز لافتا ئەمە بە گاڵتەجاڕی دەزانێت، چونکە پێیوایە بەرزبوونەوەی خاوەندارێتی چەک لە پلەی یەکەمدا لە پشت توندوتیژییەکانەوەیە، پزیشکەکان دەڵێن، تەنها ئاسایشی سەرتاسەری یارمەتیدەر دەبێت، کاتێک خەڵک ڕێز لە یاسا دەگرن و لێی دەترسن، ئەوا ئەم توندوتیژییە خۆی لەناودەچێت.

 

سەرچاوە: The Guardian