"ئارامی دەروونی هاوتای چارەسەری کیمیاییە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە"
سارا جەمیل، پزیشکی نەخۆشیەکانی شێرپەنجە، تووشبووانی شێرپەنجە پێویستیان بە چارەسەری وەرزشی و دەروونی هەیە، وەرزشکردن بە ڕێژەی لە ٪٦٠ تووشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- شێرپەنجە بریتیە لە تێکچوونی خانەکانی لەش، کە لەش لە ترلیۆنەها خانە دروستبووە. مرۆڤێکی تەندروست خانەکانی لەشی ڕۆژانە دروست دەبن و پاشان گەشە دەکەن، کاتێک هەڵەیەک لە سیستمی خانەکاندا دروست دەبێت، وادەکات خانەکان بە زووی گەورە ببن و دروستبوونی خانەکان زۆر دەبن و مردنیان کەم دەبێت و دەبێتە هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجە.
لە ئەمڕۆدا تووشبوون بە شێرپەنجە ڕۆژانە ڕوو لە زیادبوون دەکات، هەروەها ڕووبەڕوو بوونەوەی شێرپەنجە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە ئاسانی دەربازبوونی نییە، بەهۆکاری ناهۆشیاری دروست لە بارەی نەخۆشیەکەوە و دابین نەکردنی دۆخێکی دەروونی ئارام و هاوکاری دەروونی بە تووشبووانی شێرپەنجە.
"پشکنینی سەرەتای کارێکی گرنگە بۆ زوو تێپەڕاندنی شێرپەنجەی مەمک"
سارا جەمیل نیزامەدین، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، باس لە دیاریکردنی شێرپەنجەی مەمک دەکات، کە سەرەتا بەبێ هەبوونی ئازار و نیشانەکانی شێرپەنجە دەست پێدەکات، پاش تەشەنەکردنی گرێکان لە ڕێگەی چەندین نیشانەی ڕووکەشیەوە تووشبوو هەست بە شێرپەنجە دەکات، دەشڵێت: سەرەتای شێرپەنجە زۆرێک لە نیشانەکان دەرناکەوێت، بەڵام پاش گەورەبوونی شێرپەنجە و بڵاوبوونەوەی چەندین نیشانە دەردەکەوێت، دەرکەوتنی برین، گرێ، دەردانی چەندین شلەی مەترسیدار لە گۆی مەمکی تووشبوودا و دروستکردنی برین لە گۆی مەمک بەشێک لە نیشانەکانن، بەڵام هەبوونی ئەم نیشانانە هەندێکجار گرێ و برینی بێ زیانیان پێدەڵێن، واتە هیچ زیانێکی شێرپەنجەیان بۆ تووشبوو نییە، جیاکردنەوەی تووشبوو لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە ڕێگەی پشکنینەکان لە لایەن پزیشکانی پسپۆڕەوە ئەنجام دەدرێت، پێویستە بەردەوام لە ڕێگەی پشکنینی پێشوەختەوە ئاگاداری شێرپەنجەی مەمک بین، بەکارهێنانی ئامێرەکان بۆ پشکنین کارێکی گرنگە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست، پێویستە پشکنینی سەرەتای لە ڕێگەی خۆمانەوە ئەنجامی بدەین.
ئەو پزیشکە ئاماژە بە چۆنیەتی پشکنینی سەرەتای بۆ شێرپەنجەی مەمک دەکات و دەڵێت: پشکنینی سەرەتای لە ڕێگەی دەستەکانەوە ئەنجام دەدرێت، سەرەتای پشکنین لەبەر ئاوێنەیەکدا دەوەستین دەستەکان بۆ سەرەوە بەرز دەینەوە، تا بزانین گۆڕانکاری لە شێواز و ڕەنگ و قەبارەیدا ڕووینەداوە، پاشان دەست دەجوڵێنین بۆ سەر کەمەر و بەرزی دەکەینەوە، کە دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسولکەکان و بە باشی گرێکان دەردەکەون، لە ڕێگەی لەپی دەستمان بە شێوەی بازنەی بە شێوەی بازنەی دەسوڕێنین، تا بە تەواوی گرێکان بەردەستمان دەکەوێت، پاشان هەبوونی هەر دەرچەیەکی ژەنگاوی یان سوور دەبێتە نیشانەیەک بۆ سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ، ئەنجامدانی ئەم تێستە لە گەرماودا باشتر نیشانەکان دەردەکەون.
"تووشبووان لە دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەبێت چارەسەری وەرزشی وەربگرن"
پزیشک سارا جەمیل ئاماژەی بەوەدا، هۆکارەکانی دروستبوونی شێرپەنجە دیاریکراو نییە، چەندین شێوازی ژیانکردن بۆ ژنان هۆکارە بۆ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، دەشڵێت: بەرکەوتەی ژنان لەگەڵ پیسبوونی ژینگە، پیسبوونی ئاو، کەشوهەوای ناتەندروست، بەکارهێنانی جگەرە، کێشی زیادە و وەرزش نەکردن زیادبوونی ڕێژەی شێرپەنجە لە جەستەدا بەرز دەکەنەوە، هەروەها شێرپەنجەی مەمک بۆ زیاتربوونی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین لە لەشی ژناندا دەگەڕێتەوە، ئەو ژنانەی لە تەمەنێکی زوودا سوڕی مانگانەیان دەستپێدەکات و لە گەورە ساڵیدا دەوەستن، ئەو ژنانەی توانای منداڵبوونیان نییە، یان شیرنادەن بە کۆرپەکانیان، یان ئەو ژنانەی بەهۆی وەستانی سوڕی مانگانەیەوە ناچار دەبن دەرمانی هۆڕمۆنی بەکاربهێنن، بەرکەوتەی زیاتریان لەگەڵ هۆرمۆنی ئیسترۆجیندا زیاتر دەبێت، ئەگەری تووشبوونیان زیاتر دەبێت، هەبوونی زیاتر لە یەک نیشانە پێویستە ژنان بەردەوام پشکنینی پێشوەختە ئەنجام بدەن، شێرپەنجەی مەمک لە سەروو تەمەنی شەستەکانەوە ڕوبەرووی دەبنەوە، بەڵام ژنان لە هەر قۆناغێکی تەمەندا بن ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەیان هەیە، بە گوێرەی ئەو داتایانەی لە تەواوی جیهاندا وەرگیراوە ئەگەری تووشبوون لە ژنانی تەمەن کەمیشدا دەردەکەوێت.
ئەو پزیشکە لە کۆتاییدا قۆناغەکانی چارەسەری شێرپەنجە بە دوو خاڵی گرنگ باس دەکات، دەڵێت: چارەسەرەکانی شێرپەنجە لە قۆناغی مەترسیداردا دەگەڕێین بۆ چارەسەری کیمیایی و بەکارهێنانی دەرمان بۆ تووشبووان تا بتوانن بە زووترین کات تێپەڕاندن بکەن، لە دوای وەرگرتنی چارەسەر پێویستە تووشبوو شێوازی ژیانی لە ڕووی وەرزش و شێوازی خواردن و چوونە دەرەوەی زیاتر بگۆڕێت، ئەنجامدانی وەرزش بۆ ژنان ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە بۆ لە ٪٦٠ کەمدەکاتەوە، تووشبووانی شێرپەنجە زیان بە چواردەوریان ناگەیەنن، بەڵکوو ئەوان زیان بە تووشبووەکە دەگەیەنن، تووشبووی شێرپەنجە بە وەرگرتنی دەرمان بەرگری لەشی دادەبەزێت، بە ئاسانی هەڵگری درم و پەتا کاتیەکان دەبێت، هەروەها هەبوونی بەرگری دەروونی دەبێتە نیوەی چارەسەر بۆ تووشبوو، ئێمەی پزیشک و کارمەندان ئەرکمان هۆشیارکردنەوەی تووشبووانە بە زانیاریەکانمان، تا پێیان بڵێین شێرپەنجە نابێتە هۆکاری مردنیان و دەتوانن بە چارەسەری دەروونی و کیمایی بەردەوامبن لە ژیانکردن، پاشان خێزانی تووشبووانی شێرپەنجە هاوکارێکی گرنگی تووشبوو بکەن، زۆرێک لە ژنان لە دوای تووشبوونیان هاوژینەکانیان پەیوەندی هاوسەرگیریان لەگەڵ هەڵدەوەشێننەوە، ئەمەش بووەتە هۆکارێکی دیکەی بارگرانی بۆ ژنانی تووشبوو، تووشبووان پێویستیان بە خێزانی دەروون کراوە هەیە تا بتوانن چارەسەرەکانیان وەربگرن.