دەرگای خەونەکان: ژن چۆن دەتوانێت ئازاد بێت؟
دەرگای خەونەکان (Dream’s Gate) فیلمێکی دیکیۆمێنتاری نگین ئەحمەدی، دەرهێنەری ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لەم فیلمەدا کە لە ئێرانەوە بەرەو باکووری سووریا دەچێت، نگین دەچێتە ناو جیهانی ژنانی کوردەوە کە لە ناو یەپەگەدا دژ بە داعش شەڕ دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
ئامانجی ئەو تەنها تۆمارکردنی شەڕ و ژیانی ئەم ژنانە نییە، ئەو بە کامێراکەیەوە، بەدوای وەڵامێکدا دەگەڕێت بۆ ئەو پرسیارانەی کە لە ناوخۆیدا گەورە بوون: ژن چییە؟ ئازادی بۆ ژن واتای چییە؟ مرۆڤ بۆ ئازادی تاوەکو چەند دەتوانێت بەرخۆدان بکات؟
نگین ئەحمەدی، لە کۆمەڵگەیەکی باوکسالارەوە دێت و دوای جیابوونەوە خۆی لە بارودۆخێکی سەختدا دەبینێتەوە، تێڕوانینی ئەو بۆ ژنانی کوردی ڕۆژئاوا و شێوازی وەستانەوەیان لە بەرامبەر سیستەمە باوکسالارەکاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی لە ئێران بێتە دەرەوە و لەگەڵیاندا بژی، بەم شێوەیە، گەشتەکەی لە بەرامبەر ژنە شەڕڤانەکاندا، دەبێتە گەشتێکی ناوخۆیییش.
تەنها پۆرترەیەک لە ژنانی کوردی لە شەڕدا نییە
لە سەرەتادا ژنانی شەڕڤان ڕێگا نادەن کە ئەو بچێتە ناو جیهانیانەوە، بەڵام وردە وردە نەگین ئەحمەدی نزیک دەبێتەوە لە فەرماندەیەکی ژنی کورد، نەسرین عەبدوڵا، ڕێگەی پێ دەدات کە ژیانی ڕۆژانە و پەروەردەی شەڕڤانان زیاتر ببینێت و تۆماری بکات، دوای ئەم نزیکبوونەوەیە، کامێرا لە ئامرازێکی تۆمارکردن زیاتر دەبێتە هاوڕێیەکی ڕازدار بۆ دەرهێنەر.
دەرگای خەونەکان تەنها پۆرترەیەک لە ژنانی کوردی لە شەڕدا نییە، فیلمەکە لە سەر نرخی ئازادی ڕادەوەستێت، نەگین ئەحمەدی لە تێڕوانینی سەرەتایی خۆیدا ئەم ژنانە وەکو ”سیمبولی هێز و ئازادی” دەبینێت، بەڵام کاتێک لەگەڵیاندا دەژی و ڕۆژەکانی شەڕ، هاوڕێیەتیی، پێكەنین، ترس، تەنهایی و لەدەستدانیان دەبینێت، وێنە سەرەتاییەکەی دەگۆڕێت، بۆ ئەو شۆڕش تەنها وێنەیەکی جوانی دوورەدەست نییە، بەڵکو شۆڕش خاوەنی بەهایەکە.
ئەو پرسیارانەی فیلمەکە بۆمان بەجێدەهێڵێت
ئەم پرسیارە وا دەکات فیلمەکە زیاتر بێت لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری دەربارەی ژنانی شەڕڤان، دەبێتە مێژوویەکی ژنان سەبارەت بە ناسنامە و ئازادی و ترس و هیوا، چونکە دەرگای خەونەکان داوامان لێدەکات ژنانی شەڕڤان وەک وێنەی دوور و بێدەنگ نەبینین، بەڵکو وەک مرۆڤێکی خاوەن ئارەزوو و ترس و خۆشی و دۆستایەتی و لەدەستدان ببینین.
فیلمەکە لە لایەن ژنەوە بەرهەم هاتووە و کامێرا لە دەستی ژندایە
هەروەها، ئەم فیلمە لە لایەن ژنەوە دروست کراوە و کامێرا لە دەستی ژندا یە، کە ئەمەش ڕوانگەیەکی تری دەداتێ، بۆ سەیرکردنی ژیانی ژنانی کوردی لە ناو شەڕ و پێکداداندا، فیلمەکە لە لایەن فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانەوەش نیشان دراوە و لە چالاکییەکانی فیلمەکەدا وەک فلمێکی دیکیۆمێنتاری چاودێری و کەسی پێناسە کراوە، دەرگای خەونەکان بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە دەرەوەی وێنە ئاساییەکانی سەر شەڕ و ژنان، دەنگ و ژیانی ناوخۆیی ئەم ژنانە ببینن، هەڵبژاردەیەکی باشە.