کانی کۆیە؛ یەکێک لەو ژنە باشوورییانەی کە خیانەتی ناوخۆیی پێ پەسەند نەکرا
هێلین ڕەشید
سلێمانی- کانی کۆیی لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وڵات لە ١٥ی ئابی ١٩٩٦دا دەربارەی دۆخی ژنان دەڵێت: "ئەو ڕاستیەی ئەمڕۆ ژنی کوردی تێدا دەژی، زیاتر لە سەدان ساڵ کۆیلایەتی و چەوساندنەوەیە لە ژێر دەستی پیاو و لەلایەکی ترەوە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەران دایە، دۆخی ژنی لە ڕووی کەسایەتیەوە بە جارێک کەوتووە و هیچ ڕێگەیەکی لەبەردەمدا نەهێشتووەتەوە، ئەو ڕێگە و شێوازانەی تا ئێستا لە تەواوی کوردستاندا بە تایبەتی باشوور لە ژێر ناوی ئازادی ژن پیادە کراوە، لە نزیکبوونەوەی داگیرکەرانەوە تا دەگاتە نزیکبوونەوەی ڕێکخستن و لایەنە دەرەبەگ و کۆنەپەرست و بۆرژوای وابەستە و سۆسیال شۆڤێنەکان، هەموو کێشەی ژنانیان زیاتر بەرەو چەواشەکاری و لادان بردووە. بۆیە هەر تەنیا ڕێگە بۆ ژنان، بە تایبەتی بۆ ژنانی کورد تا بەهۆیەوە ئازاد بین، لە پەکەکەدا بەرجەستە دەبێت.
هەروەها پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی گەریلا تاکە ئومێدی ژنانی کوردستانە، لەم پێناوەدا بانگەوازی لە گشت ژنان و کچانی کورد دەکەم بۆ ڕزگاربوون لە هزر و بیری کۆنەپەرستی و کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگە خۆیان بگەیەنن بە ڕیزەکانی گەریلا و بۆ ئازادی خۆیان شەڕ بکەن، چونکە تا ژن ئازاد نەبێت، وڵاتیش هەر بە کۆیلایەتی دەمێنێتەوە''.
نوریە خدر ناسراو بە کانی کۆیی، لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری کۆیە لەدایکبووە، ئەو بە بیری نەتەوەیی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و بۆ ژنانی شۆڕشگێڕ جۆش کرابوو. کانی بە کەسایەتی ژنە شۆڕشگێڕ (عایشە گوڵ) کاریگەر بوو، کە لەلایەن ڕژێـی بەعسەوە ڕەمی کرا، هێزی بەرخۆدانی لە عایشە گوڵ وەرگرت و لە پەکەکەشدا هێزی بیری ئازادی لە خۆیدا بەرجەستە کرد.
کانی لە قۆناغەکانی خوێندنی ناوەندیدا بوو کاتێک بەشداری ڕیزەکانی پارتی کرێکانی کوردستان-پەکەکە دەبێت، یەکەم خولی پەروەردەی سیاسی و سەربازی لە ساڵی ١٩٩٥ لە ناوچەی بۆتێ بینیوە. لە ساڵی ١٩٩٦یش بۆ بینی خولی پەروەردەی کادری چووەتە هەرێمی زاپ و هەر لەوێش بەشداری چالاکانەی هەبووە لە داستانی بەرخۆدان و خۆڕاگری لە دژی هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر.
ئەو ژنە تێکۆشەرە لە مانگی ١١ی ساڵی ١٩٩٧ لە کاتێکدا لەگەڵ پۆلێک هەڤاڵانی دەیانەوێت لە هەرێمی زاپەوە بڕۆن بەرەو هەرێمی گارە، لە ڕێگەدا دەکەونە بۆسەی هێزەکانی پەدەکەوە و ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت دەبنەوە، لە ئەنجامدا هەڤاڵ کانی و پۆلێک لە هەڤاڵانی گیان بەخت دەکەن و بە سیمبولی نەبەزین ناوی خۆیان لە لاپەڕەکانی مێژووی بەرخۆدانی تیکۆشانی ئازادی دەنووسنەوە.
شۆڕشگێر کانی کۆیی بەسەر هێزە خیانەتکارەکانی وڵاتدا سەرکەوت و داکۆکی لە نرخی ئازادی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان کرد و گورزی کوشندەی لە ئەقڵیەتی بێ ئیرادەی کۆیلایەتی تاکی کورد دا. هەڤاڵ کانی لە یاداشتی سەرجەم هەڤاڵانیدا بە نموونەی ژنێکی شۆڕشگێڕ و خاوەن بیری ئازاد ناو هێنراوە و بەردەوامیش لە هەوڵی پێشخستنی کەسایەتی خۆی و هەڤاڵانیدا بووە، سیمبولی ئەو ڕاستیەیە کە چۆن زهنیەتی پارچەگەرایی و نۆکەرایەتی لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی ڕەگەزگەرایی و ناموس پەرستی خۆی بنیاد دەنێت و بەهەمان شێوەش بە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان کۆتایی دێت.