ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ڕوانگەیەکی نوێ بۆ خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕۆژین مۆکریان جەختی لەوە کردەوە کە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیل، گواستنەوەی خەباتە لە شاخەکانی کوردستانەوە بۆ قۆناغی سیاسی و دیموکراسی، چارەسەرکردنی پرسی کورد بەم شێوەیە دەتوانێت ئاشتییەکی هەمیشەیی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بهێنێتە ئار

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ- کوردستان وەک یەکێک لە ناوچە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بووە، کە هیچیان دانیان بە مافی هاوڵاتیبوونی کورددا نەناوە، بەڵکو هەمیشە تووشی سەرکوتی بەرفراوان بوون، باکووری کوردستان، وەک بەشێکی گەورەی کوردستان کە لەژێر داگیرکاری حکومەتی تورکیادایە، لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاسمیلەکردن و لەناوبردنی کولتووری بووەتەوە و حکومەتە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە هەوڵی پاککردنەوەی ناسنامەی کوردیان داوە لە ڕێگەی جینۆساید و کۆمەڵکوژی و زیندانیکردن و گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیای ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەم بەشەی کوردستان.

 

هەروەها کورد لە سەردەمی جیاجیادا خەباتی بەرفراوانی بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆی ئەنجامداوە و هەرجارەیان ڕووبەڕووی شکست بووەتەوە جگە لە سەرکوتکردنی توندی هەریەک لەو ڕاپەڕینانە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، سەرکردەکانیان ڕووبەڕووی لەسێدارەدان و کوشتنیش بوونەتەوە.

 

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ درێژەدان بە خەبات لە سەردەمێکدا دامەزرا کە گەلی کورد بە توندی سەرکوت کرابوو و حکومەتی تورکیا ناسنامە و بوونی کوردیان ڕەتکردەوە و زیاتر لە ٤٠ ساڵ بەسەر خەباتەکەیدا تێپەڕیوە، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، وەک دامەزرێنەری ئەم حزبە و ڕێبەری گەلی کورد، لە کاتە جیاجیاکاندا، ڕێگاچارەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگای ئاشتیانە، لە هەمان کاتدا درێژەدان بە خەباتەکانی پێشکەش کردووە.

 

ڕۆژی ٢٧ی شوباتی ئەمساڵ جارێکی دیکە لە زیندانی ئیمرالی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی بۆ پێشخستنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کورد پێشکەشکرا، ڕۆژین مۆکریان، خوێندکاری دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی کۆلێج کۆرکی ئێرلەندا، پرۆسەی بانگەوازی “ئاشتی و دیموکراتیک” هەڵدەسەنگێنێت کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشکەشکرا.

 

لە خۆبەدەستەوەدان لە شوناسەوە بۆ بزووتنەوەی مەدەنی و کۆمەڵایەتی ژنان

لە سەرەتای قسەکانیدا ڕۆژین مۆکریان جەختی لەوە کردەوە کە لێکۆڵینەوە لەم پرسە پێویستی بە شیکردنەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک هەیە لە لایەنی جۆراوجۆری کاتی و ژینگەییەوە ڕایگەیاند: پرسی کورد دەبێت هەم لەسەر ئاستی تورکیا و هەم لەسەر ئاستی ئەو وڵاتانەی دیکە کە سێ بەشەکەی دیکەی کوردستان لێی هەڵکەوتووە، هەروەها لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ڕەهەندە جیهانییەکاندا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی دەستپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٣ و گواستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نەزمی پێشووەوە بۆ فەرمانێکی نوێ، بانگەوازی "ئاشتی و دیموکراتیک"ش دەکرێت لەسەر ئاستی جیهانیش هەڵبسەنگێندرێت.

 

ئەوەشیخستەڕوو، ئەگەر لە ڕوانگەی کرۆنۆلۆژییەوە لەم بانگەوازە بکۆڵینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە تەنیا لە بزووتنەوەی ئاپۆیستی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی باکووری کوردستاندا سنووردار نییە و وتی: پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٧٨ دامەزرا و لە ساڵی ١٩٨٤ لە دژی حکومەتی داگیرکەری تورکیا خەباتی چەکداری دەستپێکرد، لە ساڵانی ١٩٩٠دا لە ژێر کاریگەریی کۆلادا چووە قۆناغە نوێیەکانی گۆڕانکاری و پەرەسەندن بە سۆسیالیزمی زانستی، بە تایبەت لە ڕووسیا، هەروەها ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە خودی حیزب و بەرخۆدانی ژنان لە ناو بزووتنەوەکەدا ڕوویانداوە، لە ساڵی ١٩٩٣ەوە ، ڕێبەری گەلی کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) عەبدوڵا ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەیان ڕاگەیاند کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، بەڵام ئەنجامە خوازراوەکەی بەدەستنەهێناوە.

 

تا ئێستا شاهیدی قۆناغی جۆراوجۆری ئەم پرۆسەی ئاشتییە بووین، بەڵام بەداخەوە دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان و دەستگیرکردنی، پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی دیموکراسی و سیاسی وەستا. لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بە پێشنیاری کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی وەک ستراتیژی نوێی بزووتنەوەکە، فۆڕمی چارەسەرکردنی پرسی کورد گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چووەتە قۆناغێکی نوێوە. بەڵام بەهۆی ئاستەنگی ناوخۆیی و دەرەکییەوە ئەم پرۆسەیە نەهاتە ئاراوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ هەوڵێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستیپێکرد، کە دوای نزیکەی ١٠ بۆ ١٣ مانگ بە هۆکاری جیاجیا ڕاگیرا.

 

ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ڕابردوو کرد و وتی: لە ساڵی ١٩٧٨ کە پارتی کرێکارانی کوردستان دامەزرا، تەنها ٦٪ی گەلی کورد لە باکووری کوردستان بە زمانی زگماکی خۆیان قسەیان دەکرد، ھەندێک تا ئەو جێگایەی کە نکۆڵی لە ناسنامەی خۆیان بکەن، ھەندێکیان لەبری ئەوەی منداڵەکانیان وەک کورد پەروەردە بکەن، بە تورکی پەروەردەیان دەکەن، بەڵام ئێمە لەو قۆناغەی خۆبەدەستەوەدان تێپەڕین و گەیشتوینەتە بزووتنەوەیەکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و ژنان، ئەم بانگەوازە بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی سەرەتا دەبێت لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا بکۆڵدرێتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەگەر ئاماژە بە نوسین و پەرتوکەکانی ڕێبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم بانگەوازە لە ڕاستیدا گواستنەوەی خەبات لە شاخەکانی کوردستان و شەڕە چەکدارییەکانەوە بۆ قۆناغێکی سیاسی و دیموکراسی دەبێت.

 

"نابێت چاوەڕێی حکومەتە ئیمپریالیستەکان بین کە بارگرانی نەزمێکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخەنەڕوو"

ڕۆژین مۆکریان بە ئاماژەدان بە بارودۆخی هەڵئاوساوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو هۆکارانەی وایکردووە لەم قۆناغەدا بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک هێندە گرنگ و جێی سەرنج بێت وتی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە قەیرانێکی درێژخایەندا بووە؛ ئەمەش بەو واتایە کە ئێمە هەمیشە شاهیدی شەپۆلێکی شەڕی ناوخۆ بووین، لەم ناوچەیەدا جینۆسایدی فرەچین و فرە ڕەهەند ڕوویداوە، کە کاریگەری بەرفراوانیشی لەسەر ژینگە هەبووە، ئێمە بینیمان کە چۆن هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەسەڵاتیان بەدەستهێناوەو حکومەتە تاکڕەوەکان چۆن توانیویانە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا هەژموونی خۆیان بچەسپێنن، بەڵام ئێستا لە گواستنەوە بۆ نەزمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خاڵی سەرەکی ئەم بانگەوازە ئەوەیە کە نابێ چاوەڕێی زلهێزە ئیمپریالیستەکان بکەین کە جارێکی تر بڕیارمان بۆ بدەن. چونکە ئەم بڕیارانە جگە لە شەڕی زیاتر یان بەهێزکردنی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان هیچی تر ناهێنن، وەک ئەوەی ئێمە لە سوریا شاهیدین.

 

پێشکەشکردنی پێناسەیەکی جیاواز بۆ ئاشتی

ئەم بانگەوازە کە لەسەر بنەمای تیۆرییەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دامەزراوە، پێناسەیەکی جیاواز بۆ ئاشتی پێشکەش دەکات؛ ئاشتییەک کە کۆمەڵگە بکاتە ناوەند و لەسەر بنەمای پرۆسەیەکی دیموکراتیک درێژخایەن و ڕزگاری ژن و عەلمانیەت و ژینگەپارێزی و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی-سیاسی بێت، ئەو ئاشتییەی ئۆجالان باسی دەکات، بە واتای ئاسایی نییە، نەبوونی شەڕ بە تەنیا بەس نییە و ئاشتییەک کە تەنیا بە سەرکوت و زۆرەملێ دامەزرا، ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەم ئاشتییە لەسەر بنەمای دانپێدانانی یەکتر و ئازادی کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد لەسەر بنەمای ئازادی ژنان دامەزراوە. جیاوازی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە ئاشتی بە سادەیی وەک کۆتایی شەڕ تێناگات، بەڵکو وەک بەدیهێنانی ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی تێدەگەین.

 

چارەسەرکردنی پرسی کورد وەک پێویستیەک لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

لە درێژەی قسەکانیدا، ڕۆژین مۆکریان هەروەها لە ڕوانگەی کاتەوە پڕۆسەی ئاشتیی لێکۆڵیەوە و وتی: لە ئێستادا حکومەتەکانی داگیرکەری کوردستان بە حکومەتی تورکیاشەوە، لە ڕووی پرسە ژیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکانەوە ڕووبەڕووی قەیرانی فرە چین بوونەتەوە، وەک بینیمان تورکیا لە ڕێڕەوی ترانزێتی ئەوروپا دوورخرایەوە و زلهێزە ئیمپریالیست و جیهانییەکان حەزیان لەوە نییە کە دەوڵەتێکی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت کە بتوانێت ڕۆژێک دژی بەرژەوەندییەکانیان مامەڵە بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​تورکیە لەژێر فشاردایە بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی خۆی، بەو پێیەی حکومەتی ئەردۆغان بە تەماحەکانیەوە هەوڵی زیندووکردنەوەی سیاسەتی نیوعوسمانی دەدات، ئەمەش شتێک کە جیهانی ڕۆژئاوا ئامادە نییە قبووڵی بکات. بۆیە تورکیە پێش هەموو شتێک پێویستی بە چارەسەرکردنی پرسی ناوخۆیی خۆی هەیە، واتە پرسی کورد.

 

بێگومان نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت، هەرچەندە تورکیە زۆر پێویستی بە چارەسەرکردنی پرسی کورد هەیە، بەڵام بە دوای ئەو چارەسەرەدا نییە کە عەبدوڵا ئۆجالان پێشنیاری کردووە. لەم نێوەندەدا مەسەلەی گرنگ ئەوەیە کە بزووتنەوە لە باکووری کوردستان تا چەند توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە ناسیۆنالیستییەکانی حکوومەتی تورکیای هەیە و تا چ ڕادەیەک دەتوانێت سیاسەتێکی دیموکراسی و کۆمەڵگە ناوەندو ژن مەرکەزی جێبەجێ بکات.

 

بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە "من بە تەواوی لەگەڵ ئەوەدام کە ژێرخانی گواستنەوە و خەبات دابین کراوە و ڕێکخراوێکی یەکگرتوو لە باکووری کوردستان پێکهێنراوە، ئەویش باکوورە وتی: ئەوەی ئێستا لە مەترسیدایە ئەوەیە کە چۆن نەک تەنها ئەم ڕێکخراوە بپارێزرێت، بەڵکو پەرەی پێبدرێت و تەنانەت فراوانتری بکرێت بۆ ناوچە تورکییەکان، چونکە ئێمە لەبەردەم دەوڵەتێکداین، دەوڵەتەکانیش قۆرخکارییان لەسەر ئامرازە فیزیکیەکانی دەسەڵات هەیە؛ سەرچاوەی دارایی و سەربازی و میدیایی و توانای هەڵوەشاندنەوەی تەنانەت ڕێکخراوە یەکگرتووەکانیشیان هەیە. بۆیە پرسی بنەڕەتی ئەوەیە کە چۆن ئەم ڕێکخراوە دامەزراوە بەهێز بکرێت.

 

بۆ پاراستن و پتەوکردنی ئەم ڕێکخراوە، پێویستە کۆمەڵگە ڕۆڵێکی کاریگەر و داهێنەر و کارا لەم پرۆسەیەدا بگێڕێت. ئەگەر کۆمەڵگە هەستی بریکاری هەبێت، ئەوا دەبێتە بەرپرسیار. بەپێی تیۆرییەکانی ئۆجەلان، ئێمە میکانیزمی پێویستمان هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ڕۆڵی خۆی ببینێت، بەڵام گرنگە ئەو میکانیزمانە لە قۆناغی تیۆری تێپەڕن و بگەنە قۆناغی جێبەجێکردن.

 

میکانیزمەکانی ئێستا بۆ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی گشتی لە پرۆسەکەدا

سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداریکردنی کۆمەڵگە لە پرۆسەی ڕاوێژ و بڕیاردان و جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتیدا، ڕۆژین مۆکریان پێشنیاری دروستکردنی "مەجلیسی هاوڵاتیان" دەکات. ئەو پێی وایە لە کۆڕێکی لەو جۆرەدا، خەڵکی چین و توێژە جیاوازەکانی ژیان و تەمەن و بیرۆکەی جۆراوجۆر دەتوانن ئامادەبن و بۆچوونەکانیان دەرببڕن و سەرپەرشتی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بکەن.

 

هەروەها پێشنیاری ڕیفراندۆم دەکات وەک میکانیزمێکی دیکەی بەشداریکردن، پێی وایە لە ڕێگەی ئەمەوە خەڵک دەتوانن قسەیان هەبێت لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆسەکە. بە بۆچوونی ئەو، تا کۆمەڵگە لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی زیاتر بگێڕێت، کۆمەڵگەی بەهێزتر دروست دەبێت و بۆشایی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا نامێنێت.

 

کاریگەری پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیە لەسەر پارچەکانی تری کوردستان

ئەم چالاکە سیاسییە سەبارەت بە کاریگەریی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان دەڵێت: "حکومەتەکان هەمیشە هەوڵیان داوە کورد لەڕووی جوگرافییەوە جیابکەنەوە و سنووری دەستکرد دروستبکەن، بەڵام مێژوو دەریخستووە کە چارەنووسی کورد بەیەکەوە گرێدراوە و پێشهاتە سیاسی و کولتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەر بەشێکی کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پارچەکانی دیکە هەیە و ڕێڕەوی خەباتەکە دیاری دەکات".

 

بە جەختکردنەوە لەسەر هەڵوێستی ستراتیژی تورکیا، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم وڵاتە یەکێکە لە دوژمنە گەورەکانی کورد، چ لە ڕووی قەبارە و هەم لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، هەروەها بەهۆی هەڵکەوتەی ژیۆپۆلەتیکی کە دەکەوێتە نێوان دەروازەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ئەندامێتی لە ناتۆ، کاریگەری تایبەتی لەسەر چارەنووسی پرسی کورد هەیە.

 

ڕۆژین مۆکریان پێیوایە ئەگەر پرسی کورد لە تورکیا بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت، ئەوا توانای ئەوەی دەبێت کە هاوکار بێت لە بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی بەردەوام لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا. دەشڵێت: یەکێک لەو هۆکارانەی کە تورکیە بەردەوام بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی سەربازی ڕۆژئاوا دەکاتە ئامانج، کێشەی چارەسەرنەکراوی کوردە لەناو سنوورەکانی خۆیدا. "بەڵام ئەگەر ئەم پرسە لە تورکیە بگاتە ئاشتی، ئەگەری ئەوە هەیە لە ڕۆژئاواش ئاشتی بەرقەرار بێت".

 

بێگومان جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەمە تەنیا ئەگەرێکە و بەردەوامیی پرۆسەکە پەیوەستە بە وەڵامدانەوەی حکومەتی تورکیاوە. ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەو بارەوە بەدی نەکراوە.

 

کاریگەری لەسەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە کۆتاییدا ڕۆژین مۆکریان ئاماژە بە کاریگەریی ئەم پرۆسەیە لەسەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردو وتی: ئەگەر پرسی کورد لە تورکیا بگاتە ئاشتییەکی سیاسی، حکومەتی ئێران لاواز دەبێت لەگەڵ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی تورکیا، لاوازکردنی حکومەتێکی داگیرکەر لە کوردستاندا، خۆی دەتوانێت فەزای فراوانکردنی خەباتی کورد لەو ناوچەیەدا دروست بکات، ئەو توانایانەی کە تا ئێستا بۆ شەڕکردن لە حکومەتی تورکیا خەرج کراون دەتواندرێت بگوازرێنەوە بۆ بزووتنەوەی خەباتی ڕۆژهەڵات و ئەزموون و تاقیکردنەوە زۆر لەم پرۆسەیە بەدەست بهێنرێت.

 

کاریگەری لەسەر بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی تر

جگە لە پرسی کورد، ڕۆژین مۆکریان ئاماژەی بە پرسی بەلووچ و فەڵەستین و گەلانی ستەملێکراوی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و پێیوایە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکەیان و یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە تەواوی ناوچەکەدا.