سەرمایەداریی ئێرانی؛ لە نێوان فشارە ئیمپریالیستەکان و گواستنەوەی دیموکراتی
سەرمایەداریی ئێران وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی نائیمپریالیستی ڕووبەڕووی فشارە ستراکتورییەکانی ئیمپریالیزمی ناهێژمۆنی دەبێتەوە. ئەم فشارانە ئامانجیان بونیادنانی سیستەمێکی نوێ نییە، بەڵکو لە ساتەوەختی داڕمانی سیستەمی کۆندا دەسەڵات دابەشدەکاتەوە.
ڕۆژدا ڕۆژهەڵات- نووسەر
سەرمایەداری جیهانی چووەتە قۆناغێکەوە کە چیتر ناتوانرێت بە چەمکە کلاسیکییەکانی "پاککەوتن" یان "قەیرانی خولی" ڕوون بکرێتەوە. ەوەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە، قەیرانی کەرتێک یان وڵاتێک نییە، بەڵکو قەیرانی سەرمایەدارییە بە گشتی. ئەم قەیرانە بە پەککەوتنی سووڕانەوەی بەها دەستی پێکرد و لەسەر ئاستی دارایی و فیکری کۆبووەوە، بووە هۆی داڕمانی یەکگرتوویی لەسەر ئاستی دەوڵەتە نەتەوەییەکان، ئێستا لەسەر ئاستی جیۆپۆلەتیکی لە شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ناناوەندیدا خۆی دەردەخات، ئەم دۆخە جیهانی هێناوەتە قۆناغێکەوە کە دەتوانین ناوی بنێین "ئیمپریالیزمی ناهێژمۆنیزم"، قۆناغێک کە زلهێزەکان هێشتا خاوەنی ئامرازەکانی هەژموونن، بەڵام توانای دامەزراندنی ڕێکخستنیان لەدەستداوە. ئەمریکا بەهێزە، بەڵام توانای ڕێکخستنی سیستەمی جیهانی لەدەستداوە. چین لە هەڵکشاندایە، بەڵام هێشتا هەژموونی بەدەست نەهێناوە، ڕووسیا دابەشکەرە، بەڵام ڕێکخستنێکی نوێ دروست ناکات، ئەوروپا پارچە پارچە و ناناوەندی بووە. لە جیهانێکی وادا سەرمایەی جیهانی زاڵە، بەڵام یەکگرتوویی تێدا نییە و دەوڵەتە نەتەوەییەکان ئامرازی هەژموونن، بەڵام توانای بەرهەمهێنانەوەی سیستەمەکەیان نییە.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەی کە لە سەردەمی هەژموونی ئەمریکادا ڕۆڵی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان هەبووە، لە بۆشایییەکی هەژموونگەراییدا جێهێڵراون، ئەوان بێتوانان لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ئابوورییەکان و بونیادنانەوەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ناوبژیوانی نێوان سەرمایەی جیهانی و کۆمەڵگەی ناوخۆیی. لە ئەنجامدا، ئەم دەوڵەتە نەتەوەیانە بەدەست لاوازی پێکهاتەییەوە دەناڵێنن، کە نەک لە دابەزین بەڵکو لە سەرکوتکردنی ئەمنی و دوژمنایەتی و ناسیۆنالیزمی بەرگریدا دەردەکەوێت، دەوڵەتی نەتەوەیی لاوازبوو بۆ مانەوە پەنا دەباتە بەر توندوتیژی و ئەم توندوتیژییە نیشانەی هێز نییە، بەڵکو نیشانەی قەیرانە.
دەبێت بارودۆخی ئێستای ئێران لە ژێر ڕۆشنایی ئەم قەیرانە جیهانییە تێبگەیێنن، ڕووبەڕووبوونەوەی ئیمپریالیزم و سەرمایەداری لە ئێراندا، ململانێیەکی ڕەوشتی یان ناکۆکییەکی سیاسی سنووردار نییە، بەڵکو ساتێکی سەرەکییە لە قەیرانی سەرمایەداریدا بە گشتی. سەرمایەداریی ئێران، وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی لە دەرەوەی خولگەی ئیمپریالیزم، ڕووبەڕووی فشارە پێکهاتەییەکانی ئیمپریالیزمی ناهیژمۆنی دەبێتەوە، فشارێک کە هەوڵی بونیادنانی ڕێکخراوێکی نوێ نادات، بەڵکو هەوڵی دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتە لە ساتێکی داڕمانی ڕێکخراوی کۆندا، لە حاڵەتێکی وادا هەر فشارێکی دەرەکی چ ئابووری، سیاسی یان سەربازی، لەجیاتی هێنانەکایەی "گواستنەوە" کە ببێتە هۆی چڕبوونەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و گەمارۆدانی سیاسی و بەهێزکردنی هێزە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە ناوخۆدا، ئەمە لۆژیکی قەیرانەکەیە: تا فشارە دەرەکییەکان زیاتر زیاتر بن، ڕاستڕەوی توندڕەو لە ناوخۆدا زیاتر چڕتر دەبێتەوە.
ئەم ڕەوتە لە ئێران پەیوەستە بە ڕاستیەکی مێژووییەوە، لە سەرەتای دامەزراندنی سیستەمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامییەوە چەپ وەک هێزێکی هەڵگری ئاڵای یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕزگاری سەرکوت کراوە، ئەم سەرکوتکردنە کە بریتی بوو لە گرتنی بەربڵاو و وەدەرنانی سیاسی و سنووردارکردنی توندی چالاکییە چەپەکان، ڕووداوێکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە لۆژیکی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ساتەوەختی چەسپاندنی سەرمایەداریدا، نەهێشتنی چەپ کەشی سیاسی هێزێکی بەتاڵ کردەوە کە توانای بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی ڕاستڕەوی و نایەکسانی و سەرکوتکردنی ئەمنیی هەبوو، دەرئەنجامی ئەم وەدەرنانی ستراکچەرییە پێکهاتنی مەیدانێکی سیاسی نایەکسان بوو کە تیایدا هێزە ڕاستڕەوەکان - چ ئایینی، چ نەتەوەپەرست، چ لیبراڵ، بناژۆخواز، تەنانەت پاشایەتیش، توانیان بەبێ ڕکابەرییەکی ڕاستەقینە گەشە بکەن.
لە ئێستادا، ئەم دوورخستنەوەیە مێژووییە بەهۆی فشارە ئیمپریالیستەکانەوە خراپتر دەبێت. فشارە دەرەکییەکان، لەبری لاوازکردنی هێزە ڕاستڕەوەکان، بەهێزیان دەکەن، چونکە دەوڵەتی نەتەوەیی، لە ساتەکانی هەڕەشەدا، لە ڕووی پێکهاتەوە بەرەو ئاسایش و خۆگرتن ڕادەکێشێت، ئەم خۆگرتنە ئەو ژینگەیەیە کە باڵی ڕاست تێیدا گەشە دەکات، لە ژینگەیەکی لەو جۆرەدا چەپ نەک هەر گۆشەگیرە بەڵکو وەک "مەترسی" وێنا دەکرێت، ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە لۆژیکی قەیرانە جیهانییەکان، تا قەیرانەکە قووڵتر بێت، باڵی ڕاست بەهێزتر دەبێت.
ئەم لۆژیکە درێژدەبێتەوە بۆ دیمەنی جیهانی، کە کۆچکردن وەک بەرهەمی شەڕ و قەیرانە ئابوورییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە بەردی بناغەی سیاسەتی نێودەوڵەتی. سەرمایەداری چەمکی "یەکگرتن"ی وەک ئامرازێک بۆ زاڵبوون و خۆگرتن لەبری کارلێکی ڕاستەقینە پێناسە کردووەتەوە، لەم چوارچێوەیەدا، دەوڵەتە نەتەوەییەکان وێنەی کۆچبەر وەک "هەڕەشە"یەکی بوونی بۆ سەر کولتوور و ئاسایش و ناسنامە بەرەوپێش دەبەن و ژینگەیەکی ئایدیاڵ بۆ گەشەکردنی ڕاستڕەوی توندڕەو دروست دەکەن، ئەم بزووتنەوەیە لە ترسی خەڵک لە "ئەویتر" و ئەو ناسەقامگیرییەی کە لە ئەنجامی قەیرانەکانی سەرمایەدارییەوە دروست دەبێت دەخوات، دڵەڕاوکێی بەکۆمەڵ دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سیاسی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردن.
لە ئێرانیشدا، هەمان لۆژیک لە ناوخۆدا زاڵە، قەیرانی ئابووری، نائەمنی کۆمەڵایەتی، فشارە دەرەکییەکان و بەربەستی سیاسی، هەموویان بەشداربوون لە سەرهەڵدانی هێزە ڕاستڕەوەکان. ئەم هێزانە بە پشتبەستن بە وتارێکی ئاسایش و ڕێکخستن و شوناس و "پاراستنی بوون"، زاڵن بەسەر مەیدانی سیاسیدا، هەر ئەگەرێکی پێکەوەژیان و یەکسانی و ئازادی سنووردار دەکەن. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، چەپ کە سەردەمانێک سەرکوت کراوە و ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر پارچە پارچە بووە، خۆی نەک هەر گۆشەگیر دەبینێتەوە بەڵکو توانای دووبارە بونیادنانەوەی خۆی لەدەست دەدات، ئەم دۆخە بەشێکە لە هەمان سووڕی جیهانی کە قەیرانەکەی باڵی ڕاست بەهێز دەکات، باڵی ڕاستیش لە بەرامبەردا قەیرانەکە بەرهەم دەهێنێتەوە.
ئەم ڕەوتە تەنها لە سیاسەتدا سنووردار نییە، کاریگەری قووڵی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی هەیە، سەرهەڵدانی توندڕەوی ڕاستڕەو هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەدایە بۆ "ڕێکخراوی نەریتی"، "خێزانی خۆی"، "ڕۆڵی ڕەگەزی جێگیر" و "کۆنتڕۆڵکردنی جەستەی ژنان". لە کاتی قەیرانەکاندا، دەوڵەتەکان پەنا دەبەنە بەر "ژن" وەک سیمبولی ڕێکخستن و ڕەوشت و خێزان و ناسنامەی نەتەوەیی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی یەکگرتوویی لەدەستچوو. ژنان دەبنە مەیدانی ناوەندی سیاسەت، بە کۆنتڕۆڵکردنی جلوبەرگ و بەخێوکردن و جەستە، هەروەها کۆنترۆڵی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ئازادی جوڵە و بەشداری سیاسی. لە هەر شوێنێک باڵی ڕاست گەشە بکات، چەوسانەوەی ژنان توندتر دەبێتەوە، ئەمەش یاسایەکی پێکهاتەییە نەک کولتووری.
لە جیهانێکی وەک ئەمدا، تاکە جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە "یەکگرتنی دیموکراتی"دا پێشنیار دەکرێت: پێکەوەژیانی یەکسان، پاراستنی ناسنامەکان، بەشداریکردنی ڕاستەقینە و ڕێکخستنی دیموکراتی لە بنەڕەتەوە، ئەم جێگرەوەیە تەنها وەڵامێک نییە بۆ قەیرانی کۆچ، بەڵکو وەڵامێکە بۆ قەیرانی سەرمایەداری بە گشتی و بەتایبەتی چەوساندنەوەی ژنان. تەنها لە پێکهاتەیەکدا کە لەسەر بنەمای یەکسانی و فرەچەشنی و ئازادی و بەشداریکردن دامەزراوە، دەتوانین ڕووبەڕووی باڵی ڕاست و دەوڵەتی نەتەوەیی توندوتیژ و ئیمپریالیزمی ناهێژمۆنی ببینەوە، لە جیهانێکدا کە ترس دەسەڵات دەکات، تاکە سیاسەتێک کە توانای شکستپێهێنانی باڵی ڕاستی هەیە، سیاسەتی پێکەوە ژیان و ئازادی و یەکسانییە، سیاسەتێک کە دەبێت چەپ دووبارە بونیاد بنێتەوە، ژن لە ناوەڕۆکیدا بێت.