"پێویستە داعش و دەوڵەتی تورکیا لە دادگای نێودەوڵەتی دادگایی بکرێن"
پارێزەر هەیفا مەحمود ئاماژەی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش کرد و وتی: پێویستە داعش و دەوڵەتی تورکیا لە دادگای نێودەوڵەتی دادگایی بکرێن.
سۆرگوڵ شێخۆ
قامیشلۆ- لە پێناو پاراستنی مافی ژنان و منداڵان و مرۆڤەکان بە گشتی، چەندین ڕێککەوتن واژۆ کراوە و یاسا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەرچووە، دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانباران دامەزراون، چونکە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێی ناوەتە ١٣یەمین ساڵی شۆڕشی ژنان و لەگەڵ ئەوەشدا هێرش و تاوانەکان دژ بە پێشەنگ و گەلی ئەم شۆڕشە ڕوو لە زیادبوون دەکات.
چەتەکانی داعش و دەوڵەتی داگیرکەری تورک دڕندەترین تاوانیان لەسەر ئەم خاکە ئەنجامداوە و ئەمەش بە وێنە و ڤیدیۆ بەڵگە کراوە، چی دەکرێت بۆ ئەوەی تاوانباران ئازاد نەبن و کۆمەڵکوژی زیاتر ئەنجام نەدەن؟ چ جۆرە خەباتێکی یاسایی پێویستە بۆ دادگاییکردنی چەتەکانی داعش؟ شێواز و سەختییەکانی ئەم کارە چین؟ پارێزەر هەیفا مەحمود قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
دووانەیی هێزە ناوەندییەکان
هەیفا مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٣ەوە چەتەکان لە زۆرێک لە ناوچەکانی سووریادا خۆیان جێگیر کردووە و تاوان دژی ژنان و دانیشتووانی مەدەنی ئەنجام دەدەن , چونکە پاڵپشتی هەم لە بواری سەربازی و هەم لە بواری لۆجستیدا دەکرێت، ئەمەش لە ناوچە داگیرکراوەکان، عەفرین سەرێکانیە و گیرە سپی و هەروەها لە ئیدلب و عەزاز و جەرابلوس بە ڕوونی دیارە، سنوورەکانی دەوڵەتی تورک دەروازەی بێ پاسەوانین بۆ پەڕینەوەی چەتەکانی داعش، ئەو چەتانەی لە ئەوروپا و جیهانەوە کۆبوونەتەوە و چوونە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت عێراق و سووریا بەدڵنیاییەوە لە دەروازەکانی دەوڵەتی تورکیا تێپەڕین، دەروازە سنوورییەکانی خپبەڕێوەبەری دادەخەن و ناوچەکە دەورە دەدەن، بەڵام دەروازەکانی دەوڵەتی تورکیا کە بوونەتە ڕێڕەوی تاقمە تیرۆریستییەکان چاویان دادەخەن، دووانەییەک هەیە کە زلهێزە ناوەندەکانی جیهان بەرامبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدەن، دەروازەکان لە خەڵک دادەخەن و دەروازەکانی تیرۆر هەمیشە کراوەن.
پەیوەندی نێوان دەوڵەتی تورکیا و داعش
هەیفا مەحمود ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا و داعش بە هاوبەشی هێرش دەکەنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: لێرە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیدا هەیە، تەنانەت کاتێک دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکات چەتەکان دەست دەکەن بە هێرش و ئاژاوەگێڕی، لەناو کامپەکان و لەو ناوچانەی کە خۆیان وەک شانە ڕێکخستووە بێگومان هێرشکردنە سەر زیندانی سینا لەبیرناکرێت زۆر ڕوونە کە ئەوان کەشێکی ئارامیان بۆ سەرکردەکانی داعش لە ناوچە داگیرکراوەکان دروست کردووە، نەک هەر ناوچەکانی ئێمە، سووریا بە گشتی، بەتایبەت لە دیوی تەدمور و بیابانەکەی، تەنانەت شوانەکانیش بۆردومان دەکرێن، هێرشی دڕندانە زۆرن، هێرش و هەڕەشەی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاشدا ئامادەیە، ڕووداوەکەی مۆسکۆ لەبیر نەکەین کە لە ئەنجامی هێرشی چەتەکاندا ١٤٤ کەس کوژران، هەروەها بینینی ژنێکی ئێزیدی لە غەززە، بڵاوبوونەوەی داعش و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەردەخات.
"دیمۆگرافیای کوردستان دەگۆڕدرێت"
هەیفا مەحمود ڕەخنەی لە بێدەنگی و کاردانەوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرت و وتێ: تاوانەکانی جەنگ ئەنجام دەدرێن، ژنان دەکوژرێن، لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، دەڕفێندرێن، ناوچەکان و چارەنووسیان نادیارە و ون دەبن دامەزراوە یاساییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان بێدەنگن، وەڵامە پێویست و کاریگەرەکان بۆ ئەم دۆسیەیە بەرز ناکرێنەوە و تاڵانکردنی سروشتی کوردستان لە ڕێگەی سیاسەتەوە ئەنجام دەدرێت، بە درەخت بڕین و سوتاندنی دارستانێک جوگرافیای کوردستان وێران دەکرێت و دیمۆگرافیاکەی دەگۆڕدرێت، شارستانیەتی دێرینەکەی دەدزرێت و شوێنەوارە مێژووییەکانی دەدزرێت ئەمەش بە دروستکردنی خانوو لە عەفرین بە هاوکاری کوەیت و قەتەر و فەلەستین دەکرێت.
"بەکارهێنانی پەنابەرانی سووریا بۆ بەرژەوەندی سیاسی"
هەیفا مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی جێگیرکردنی پەنابەرانی سووریا سیاسەتێکی پیس لەسەر تەواوی سنووری ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ باکووری کوردستان بەڕێوەدەبات و وتی: لەسەر مێزی دانوستان بابەتەکە پەنابەرانی سووریایە، بەڵام سیاسەتی بنەڕەتی ئەوەیە گەلی کورد لە سنووری باکووری کوردستان دوور بخرێتەوە و پشتێنێکی سوور و ڕەش دروست بکات، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا جدی بووایە لە چارەسەرکردنی پرسی پەنابەرانی سووریا، بە دامەزراندنی پەیوەندی و هاوپەیمانی لەگەڵ ڕژێمی سووریا دەکرا نەک بە هێرش و داگیرکاری، شتێکی تر ئەوەیە کە ئاوارەکانی سووریا خەڵکی ناوچەکانی خۆبەرێوەبەری نین، بەڵکو خەڵکی پارێزگاکانی تری سووریان، بۆیە شێوازی یاسایی و سیاسی تر هەیە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا جێبەجێی بکات، پێویست بوو شوێنێک بۆ جێگیرکردنی ئەو چەتانر دروست بکرێت کە ئەردۆغان هاوشانی بنەماڵەکانیان پشتگیریان دەکات، بۆیە ئەمڕۆ لەژێر ناوی گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەکانی سووریا، چەتەکان و خێزانەکانیان کە چەندین ناسنامەی بیانییان هەیە لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داندراون.
"دەبێت ئەو تاوانانەی لە هەرێمەکەمان ئەنجام دەدرێن بێ سزا نەمێننەوە"
هەیفا مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە هێرشەکان دەکەونە خانەی تاوانی جەنگەوە و پێویستە لە دادگای لاهای دادگایی بکرێن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو تاوانانەی کە دەوڵەتی تورکیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژی گەلی کورد و ناوچەکە ئەنجامی دەدات، تاوانی جەنگن. بۆیە، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی پێویستە لە دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی دادگایی بکرێن، لە سووتاندنی دارستانەکان، بڕینی ئاو بۆ ملیۆنێک و نیو کەس، کوشتنی بەکۆمەڵی ژنان و دەستدرێژیکردنە سەریان ئەوان دەکەونە ڕیزی پێشێلکاری یاسایی و مرۆیی نێودەوڵەتییەوە، دەبێت دادپەروەری لە دژی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بخرێتەڕوو بۆیە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی و سزادانی ئەو تاوانبار و باندانەی کە کاری نامرۆڤانەیان لە هەرێمەکە ئەنجامداوە.
گرنگی تێکۆشانی یاسایی و ئاستەنگەکانی ئێستا
هەیفا مەحمود باسی لە گرنگی تێکۆشانی یاسایی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و ئاستەنگەکانی کردو وتی: زۆر بەڵگەنامە لە لایەن پارێزەران، چالاکوانان، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادە کراون و ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، بەڵام بەداخەوە دووانەیی لە دادگا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا هەیە لە لایەکی دیکەوە، چەندین مەرجی سەخت هەیە و ساڵانێکی زۆری دەوێت بۆ چارەسەرکردنی کەیسەکان، زۆر ڕوونە کە ئەم دادگایانە چۆن لە کەیسەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نزیک دەبنەوە، ئەوان بە بەرژەوەندییەوە نزیک دەبنەوە لە دۆسیە مرۆییەکان و ئەو تاوانانەی کە ئەنجام دراون، هەروەها بەربەستێکی تریش هەیە کە دەبێت حکومەت بە فەرمی دۆسیەکان بخاتە بەردەم ڕێکخراوەکان و دادگاکان بۆیە زۆرێک لە ڕێکخراوەکان و پارێزەران و چالاکوانان دۆسیەکەیان ئامادەکردووە و ئاستەنگی لە گەیشتنی هەیە.
"دەبێت بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن"
لە کۆتایی قسەکانیدا هەیفا مەحمود هۆکاری بەربەستەکانی ئێستای خستەڕوو وتی: یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە تا ئێستا هیچ دانپێدانانێکی فەرمی بۆ پێگەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نییە، بۆیە ئەمڕۆ حکومەتی سووریا پێویستە بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و تاوانەکانی دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڵگە بکات و ڕەوانەی دادگا نێودەوڵەتییەکانی بکات، ئاستەنگ و مەرجی زۆر هەیە، بەڵام دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دۆسیەکان ئامادە دەکەن و بە جۆرێک لە جۆرەکان دەیاننێرن بۆ دادگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان, هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەموو جیهان نابێت چاو لە ڕووداو و هێرش و تاوانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دابخەن.