نازەنین عوسمان: پەدەکە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئامانجی هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژییە
بەهۆی بەردەوامبوونی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا، ژنان لە هەوڵی گەیاندنی پەیامەکانی خۆیاندان، بەردەوامن لە ڕووبەڕووبونەوەی هێرشە داگیرکارییەکان، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت: داگیرکەران ئەوکاتە توانیویانە کورد و خاکی کوردستان داگیر بکەن، کە کورد پەرشوبڵاو بووە و پشتیان لەیەکدی کردووە.
سلێمانی
لەسەر پرسی داگیرکاری و لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی تورکیا نازەنین عوسمان مامۆستای زانکۆ بە ژنهای وت: ئەو سیاسەتەی تورکیا کاری پێدەکات لەمێژە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە، لە سەردەمی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و لەوکاتەی تورکیا ناوچە کوردییەکانی وەک موسڵی لەژێر دەستدا نەما پلانی دانا دووبارە دەستبگرێتەوە بەسەر ئەو ناوچانەدا.
نازەنین پێی وایە تورکیا لە ڕێگەی بڕینەوەی دار و لەناوبردنی خاکی کوردستان دەیەوێت کوردنشینەکان لە ناوچە کوردییەکاندا دەربکات، لە جێی ئەوان ئاوارەی فەڵەستینی و داعش جێگیر بکات، تورکیا ئەمە وەک هەڵوێستێکی ئینسانی ئەمە نیشان دەدات کە جێگەیەک بۆ ئاوارەکان دابین بكات، بەڵام ئامانجەکەی لەناوبردنی شوێنی نیشتەجێبوونی کوردەکان، بەم شێوەیەش دەتوانێت پشتیوانی زۆربەی وڵاتان و خەڵکی بەدەست بهێنێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا لە ڕێی ئەم سیاسەتەوە دەیەوێت خاکی باشور و باکوری کوردستان لێک جیابکاتەوە بەبێ هەبوونی هیچ ناڕەزاییەک، بگرە پشتگیریش دەکرێت، ئەم هەوڵەی تورکیاش دەگەڕێنێتەوە بۆ بێ هەڵوێستی و ساردوسڕی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت "تورکیا ئازادانە خۆی بە خاوەنی خاکی باشور دەزانێت و دەڵێن گوایە کڕیویانە".
"مێژوو ئەوەی سەلماندووە، کورد بە داگیرکاری لەناوناچێت"
ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت: هەرکاتێک شەڕی کورد بە کورد و براکوژی ئەنجام بدرێت زەرەرمەندی سەرەکی تاکی گەلی کوردە، پێشی وایە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژی، پارتی دیموکراتی کوردستانە.
نازەنین عوسمان باس لە زیانی یەکنەگرتنی کوردان دەکات و دەڵێت: دەسەڵاتداران لەگەڵ ئەوەی دەزانن بەم هەڵوێستانە لە داهاتوودا کورد زیانێکی زۆری بەردەکەوێت و قازانجەکەی بۆ عێراق و تورکیایە، بەڵام هێشتا بێدەنگ و بێ هەڵوێستن، مێژووی کورد ئەوەی سەلماندووە داگیرکەران ئەوکاتە توانیویانە کورد و خاکی کوردستان داگیر بکەن، کە کورد پەرشوبڵاو بووە و پشتیان لەیەکدی کردووە، بە پێویستی دەزانێت گەلی کورد و دەسەڵاتداران پشتیوانی سەرەکی یەکدی بن و چیتر ڕێگە نەدەن دوژمن و داگیرکەران بێنە خاکی کوردستان.
خەباتی ژنان هۆکارێکە بۆ مانەوەی کوردستانی ئازاد
وەک مامۆستایەکی زانکۆ نازەنین باس لەوە دەکات ژنان جگە لەوەی بە چەک لە شاخەکاندا ڕووبەڕووی داگیرکاری وەستاونەتەوە، لەناو شار و لادێکانیشدا پشتیوانی سەرەکی پارێزەرانی خاکی کوردستانن، دەشڵێت: "لە کۆمەڵگایەکدا دەژین بەردەوام فشار دەخرێتە سەر ژنان و لە تواناکانیان کەم دەکرێتەوە بەڵام ژنان بێ گوێدانە وشەی ڕووخێنەر بەردەوامن لە هەوڵەکانیان، ئیسلامی سیاسیش کاریگەری نەرێنی لەناو کۆمەڵگادا بەرامبەر بە ژنان بڵاودەکاتەوە".
ت.پ