لە یاسای چوارچێوەوە بۆهاوکێشەی هەرێمی... قۆناغێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

لەگەڵ پەسەندکردن و دەرچوونی یاسای چوارچێوە لە تورکیا، ناوچەکە چووە ناو قۆناغێکی نوێوە کە تێیدا پرسی کورد لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکان و هاوسەنگی هێزە هەرێمییەکاندا یەکدەگرێتەوە.

ئەلیف ئاکگول

 

ناوەندی هەواڵ ـ یاسای چوارچێوە کە لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کراوە، زەمینەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کوردی و دیموکراتی لە تورکیا پێکهێناوە، کاریگەرییەکەی تەنها سنووردار نییە بە پرۆسەی ناوخۆوە، بەڵکو لە پاڵ ئەوەشدا دەرگا بۆ قۆناغێکی نوێ دەكاتەوە سەبارەت بە پرسی کوردی و هاوسەنگی هێزە هەرێمییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت لە سووریا، عێراق و ئێراندا.

 

لە کاتی قسەکردن لەسەر یاسای چوارچێوەو هاتنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ قۆناغێکی نوێ، ئارەزوو یەڵماز، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان وتی: کاریگەریی یاساکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها لە گۆشەنیگای پەیوەندی نێوان تورکیا و کوردەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ناكرێت، ئەو هاوپەیمانییەی تورکیا لەگەڵ کوردی پێکیهێناوە، پێگەی تورکیای لە ململانێی هێزە هەرێمییەکاندا بەهێزتر کردووە.

 

ڕوونیکردەوە، کە کاردانەوەی هێزە هەرێمییەکان، لە سەرووی هەموویانەوە ئێران و ئیسڕائیل، بەرامبەر بە نزیکبوونەوەی تورکیا لە کورد، ئەوە دەردەخات کە بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە ئاشتییەوە نییە.

بە هەڵسەننگاندنی ئارەزوو یەڵماز، پرۆسەکە وێنەی تورکیای وەک "دەوڵەتێکی سەقامگیر" لە ناوچەکەدا بەهێز کردووە، بەڵام هەمان دەستکەوتی بۆ کورد بەدەست ناهێناوە، ئاماژەی بەوە کرد، کە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی قەسەدە، دامەزراندنی حیزبێکی سیاسی لە ڕۆژئاوا، ئەو هێرشانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەوە ئاشکرا دەکەن کە پرۆسەکە بۆ کورد بە شێوەیەکی نایەکسان بەڕێوەدەچێت، قۆناغی داهاتووش لەسەر بنەمای ئەوە دیاری دەکرێت کە ئایا تورکیا مەرجەکانی ئەو هاوپەیمانییەی کە لەگەڵ کوردی پێکهێناوە جێبەجێ دەکات یان نا.

 

"ئێرانیش و ئیسڕائیلیش نیگەرانن لە گەشەسەندنی هێزی تورکیا"

ئارەزوو یەڵماز لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ ئەو هێرشەی کە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیرانی لە هەولێر لە کوردستان کردە ئامانج، هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئیدلب لە سووریا پێش پەسەندکردنەوەی یاساکە، وتی: ئەم پەرەسەندنانە دەبێت لە چوارچێوەی ئەو کاریگەرییەدا بخوێنرێنەوە کە هاوپەیمانیی تورکیا لەگەڵ کورد لەسەر هاوسەنگی هێزە هەرێمییەکان بەجێی دەهێڵێت، هه‌موو ئەم ڕووداوانە ئەوە دەردەخەن کە ئێران و ئیسڕائیل ڕازی نیین.

 

وتیشێ: ئەم پرۆسەیە زۆر پێش دەرچوونی یاسای چوارچێوە دەستی پێکرد، واتە نزیکەی ساڵێک و نیو تا دوو ساڵ پێش ئێستا، کەواتە ئەم کاردانەوانە لەمێژە دەركەوتوون، لە سەرەتادا دەبێت ئەوە قبوڵ بکەین کە کاتێک ئەم پرۆسەیە بۆ یەکەمجار دەرکەوت، بارودۆخێکی ڕەزامەندی گشتی لە چینەوە تا ویلایەتە یەکگرتووەکان دروست کرد، هەرچەندە لە سەرەتادا کاردانەوەیەکی هەرێمی ڕوون نەبوو، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی پرۆسەکەدا بینیمان کە کاردانەوەکان بە شێوەیەکی تایبەت ڕوویان لە کورد کرد.

 

ئاماژەی بەوەشدا، کە بابەتەکە، بەپێی ئەوەی عومەر جەلیک وتەبێژی فەرمیی پارتی داد و گەشەپێدان باسی کردووە، سنوورەکانی ئاشتەوایی نێوان کورد و تورک تێدەپەڕێنێت، پەیوەندی بە خۆسازدانی تورکیاوە هەیە وەک هێزێکی هەژمونخواز لە ناوچەکەدا "لە سایەی بەردەوامبوونی ململانێیەکی توندی هێز لە ناوچەکەدا، چاوەڕوان نەکرا کە هێزە هەرێمییەکانی دیکە بێدەنگ بمێنن بەرامبەر بە ڕیزبەستنی کورد لەگەڵ تورکیا و تورکیاش لەگەڵ کورددا.

 

"وڵاتانی کەنداو لە ئێستادا سیاسەتی چاوەڕوانی و تاقیکردنەوە پەیڕەو دەکەن"

ئارەزوو یەڵماز لە هەڵسەنگاندنەکەیدا باسی لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی کرد و وتی: گرنگە بوەستین لەسەر وڵاتانی عەرەبی، چونکە ئەو جوگرافیایەی کە عومەر جەلیک باسی کرد، واتە لوبنان، عێراق و سووریا، دەکرێت چاوەڕوان بکرێت کە نماییشکردنی هێزی تورکیا لەم وڵاتانەدا لە ڕێگەی هاوبەشییەکەی لەگەڵ کورد، بە واتایەکی تر دەرکەوتنی وەک هێزێکی هەژمونخواز، ڕەنگە ببێتە هۆی وروژاندنی کاردانەوەی چاوەڕوانکراو لەلای وڵاتانی عەرەبیشەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە دەکرێت مەزنەدەی بکەین کە سعودیە لەم کاتەدا بە دەست كێشەیەکی ئەمنی مەترسیدار و دۆخێکی نیگەرانی و لاوازییەوە دەناڵێنێت، تەنانەت لەو کاتەشدا کە هاوبەشیی لەگەڵ تورکیا و پاکستاندا پێکهێنا، تا ئێستا هیچ ناڕەزایەتییەکی ئاشکرا یان کاردانەوەیەکی ڕوونی نەخستۆتە ڕوو، ئەگەر ناڕەزایەتییەکی لەو شێوەیە هەبێت.

 

بە سەیرکردنی ئەو پەیوەندییە نزیکەی کە ئیمارات لەگەڵ ئیسڕائیلدا دروستیکردووە، وەک دیارە دەکرێت بوترێت کاردانەوەیەکی ڕوونی هەبووە، پەیڕەوی سیاسەتی "چاوەڕوانی و بەدواداچوون" دەکات و کاتەکەی درێژ دەکاتەوە.

 

هۆکارێک کە پێگەی تورکیا بەهێز دەکات

ئارەزوو یەڵماز هەروەها وتی: بێگومان پرسی ئەوەی کە ئایا تورکیا لە کۆتاییدا دەبێتە هێزێکی هەژمونخواز لە ناوچەکەدا یان نا، هێشتا جێگەی گفتوگۆیە، بەڵام هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەمڕۆ، ڕیزبەستنی کورد لە پاڵ تورکیادا، بێگومان هۆکارێکە کە پێگەی تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەکات.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە دەوڵەتانی کەنداو بخرێتە ناو وێنەکە، بەو پێیەی ئەوان هەرێمێکن کە ئەگەری هەیە بەهۆی هاوپەیمانییەتی تورکیا لەگەڵ کورد تێکبچن بەهۆی پەرەسەندنی دەسەڵاتی تورکیاوە، لە کاتێکدا ئێران و ئیسرائیل لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا خەریکی ململانێن.

 

"وتاری ئاشتی تورکی لەگەڵ ڕاستی دیموگرافییەکانی ناوچەکەدا ناگونجێت"

سەبارەت بە لێکەوتەکانی یاسای چوارچێوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها پێناسەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ ئەو ناوچانەی کە سووریا، عێراق و لبنان دەگرێتەوە بەوەی "ئاشتی تورکی"یە، ئارەزوو یەڵماز وتی: کە وتارەکەی سەبارەت بە "ناوەندگەرایی" ڕێبازێکی نوێ نییە، دەستەواژەی "ئاشتی تورکی" کە بەکاری هێناوە، هاوکات پەیوەندی بەو ڕۆڵە هەرێمییەوە هەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ تورکیای دیاری کردووە، هەروەها بە وریاوە مامەڵە لەگەڵ پێناسەکردنی بارودۆخی ئێستا دەکات وەک قۆناغێکی ئاشتی.

 

ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەوەی ئێستا لە سووریا و عێراق ڕوودەدات، ئەوە دەردەخات کە ناوچەکە هێشتا لە ناوەڕاستی ململانێدایە، نەک لە قۆناغی ئاشتیدا، بەسە بڵێین ئەو هاوبەشیەی تورکیا لەگەڵ پاکستان و سعودیەیە ناوی (پەیمانی بەرگری) هەڵدەگرێت، هەربۆیە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە وڵاتان لە قۆناغێکی شەڕدا هەڵوێستی خۆیان دەگرنەبەر، نەک لە قۆناغی ئاشتیدا.

 

ڕوونیکردەوە، پێناسەکردنی تورکیا بۆ پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک پێگەی ئاشتی، دوای واژۆکردنی پەیمانی بەرگری لەم دواییانەدا، ڕەنگە لە داهاتوودا ڕاست بێت، بەڵام پێی وایە لە ئێستادا لێکدانەوەیەکی زۆر پێشکەوتووە.

 

"هاوپەیمانی کوردی عەرەبی تورکی"

ئارەزوو یەڵماز وتی: پرۆسەکە لە تورکیا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دۆخی کوردەوە لە سووریا و پێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشقی بە پێی وتەی سەرۆک کۆمار ئەردۆگان، بە نیشانەیەک زانی بۆ هاوپەیمانی کوردی عەرەبی تورکی.

 

بەڵام ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەم هاوپەیمانییە تا ئێستا بە هەمان ئاست بەسەر کورددا ڕەنگدانەوەی نەبووە،  وتی: ئەنتیگراسیۆنی قەسەدە، دوورخستنەوەی یەپەژە لە پرۆسەکە، کۆسپە یاسایی و سیاسییەکان لەبەردەم دامەزراندنی حیزبێکی سیاسی لە ڕۆژئاوا، ئەو پەرەسەندنانەی لە سەرێکانی ڕوودەدەن، کێشەی جیددی بۆ کورد پێکدەهێنن.

 

ڕوونیکردەوە، کە ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک، بەردەوامبوونی هاوپەیمانی لەگەڵ تورکەکاندا ئەگەر بە شێوەیەکی پەککەوتووش بێت، پاشان ئەو وێنەیەی کە لە دیمەشق گرترا، لە کۆتاییشدا دەرچوونی یاسای چوارچێوە، هەموویان ئەو شتانەن کە بەشدارییان کرد لە بەهێزکردنی پێگەی (تورکیا دەوڵەتێکی سەقامگیر) لە ناوچەکەدا، کە ئەوەش پشتیوانی لە هەڵوێستی ئاشتی تورکی دەکات کە دەوڵەت باخچەلی باسی دەکات.

 

ئارەزوو یەڵماز نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە بەڕێوەچونی پرۆسەی ئاشتی بۆ کورد وتی: کاتێک سەیری لایەنی کوردی دەکەین و دەپرسین کورد تا ئێستا چی لەم پرۆسەیە دەستکەوتووە، کە دەرئەنجامەکانی بۆ تورکیا گۆڕاوە بۆ دەستکەوت، دەتوانین بڵێین حاڵەتێکی نایەکسانی هەیە، تەنانەت دەکرێت بڵێین کورد قوربانی ئەو پێکهاتانە بووە کە تا ئێستا پرۆسەکە شاهیدی بووە.

 

تەنانەت لە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنیشدا لە سووریا، وەک ڕوونیکردەوە، کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئەوەدا هەیە کە میدیا تورکییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی سووریا دەیگوازنەوە و ئەوەی کە لە سەر زەوی لە ڕۆژئاوا و سووریادا ڕوودەدات وتی: لەلایەکەوە دەوترێت کە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن تەواو بووە، قەسەدە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە یان حیزبێکی سیاسی دادەمەزرێت، ڕاگەیاندن باسی خشتەیەکی کاتی نزیک دەکات بۆ ئەوە، بەڵام لە سیستەمی سیاسی ئێستای سووریادا هیچ ڕێکخستنێکی یاسایی نییە کە ڕێگە بە دامەزراندنی حیزب بدات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە تەنانەت ئەگەر حیزبێکیش دابمەزرێت، هیچ هەڵبژاردنێکی ئازاد و یەکسان و ڕوون بوونی نییە، هەروەها شێوازی پێکهێنانی پەرلەمانیش دیارە، لە لایەکی تریشەوە، لە کاتی گەڕانەوەدا لە سەرێکانی هێرش هەیە،

 

"وێنەی کۆتایی هاوپەیمانی کوردی عەرەبی تورکی"

جەختی کەوە کردەوە، کە هەمان دۆخ بەسەر کوردستانیدا جێبەجێ دەبێت وتی: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمەشق وەک وێنەی کۆتایی هاوپەیمانی کوردی عەرەبی تورکی پێناسە کرا کە ئەردۆگان باسی کرد، بەڵام ئەگەر ئەمە هاوپەیمانییەک بێت، ئەوا ئەو هێرشانەی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هەولێر دەبنەوە، هەروەها ئەو هێرشانەی کە دەکەونە سەر ئەو هاوڵاتییانەی دەگەڕێنەوە بۆ سەرێکانی، کە لە ناوەرۆکی مەرجەکانی هاوپەیمانی ٢٩ی كانوونی دووەم و بەشێکن لە پرۆسەی ئنتیگراسیۆن، پرسیارێکمان لەبەردەمدا دەخەنە ڕوو سەبارەت بەو هەڵوێستەی کە تورکیا دەیگرێتەبەر.

 

وتیشی: پاش دەرچوونی یاسای چوارچێوە، پێموایە کاتی ئەوە هاتووە ببینین کە تورکیا چۆن ئەو پشتگیرییە پێشکەش دەکات کە داوای لێدەکرێت لەژێر سایەی ئەم هاوپەیمانییەدا، چۆنیەتی مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ ئەو کێشانە دەگرێتەوە کە پەیوەندیدارن بە پەککەوتنی پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن لە ڕۆژئاوا، هەروەها ئەو پرسانەی کە هێشتا ژیانی کورد هەڕەشەیان لەسەرە لە چوارچێوەی پرۆسەکانی گەڕانەوەدا، لەگەڵ هەڵوێستیشی لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کە هەولێری کردە ئامانج تا گەیشتە بینای سەرۆکایەتی وەزیران.

 

پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان ئارەزو یەڵماز کۆتایی بە هەڵسەنگاندنەکانی هێنا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی، کە لەو قۆناغەی کە پێی گەیشتووین، ئەگەر بەڕاستی وێنەیەکی هاوپەیمانییەک هەبێت، ئەوا دەکرێت بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئەم هاوپەیمانییە بکرێت، و بەم شێوەیەش ئایا لە کۆتاییدا دەگۆڕێت بۆ ئاشتی یان نا، بە شێوەیەکی ڕوونتر لە ڕێگەی ئەو هەڵوێستانەوە دەبینرێت کە تورکیا لە قۆناغی داهاتوودا دەیگرێتەبەر.