نەبوونی دادپەروەری نێودەوڵەتی مەترسی لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی لە لوبنان دروست دەکات
خولوود حەموش، چالاکوانی ئەکادیمی و سیاسی، لوبنان قۆناغێکی زۆر ئاڵۆز بەخۆیەوە دەبینێت، کە بە قەیرانی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی تێکەڵاوەوە دیارە، لە کاتێکدا کۆمەڵگە بە فشارێکی بەردەوامدا دەژی کە توانای بەرگەگرتنی فشارەکان دەخاتە مەترسییەوە.
فادیا جومعە
لوبنان-لەگەڵ خێرابوونی ڕووداوەکان و خراپتربوونی قەیرانەکان لە لوبنان و ناوچەکەدا، پرسیارەکان سەبارەت بە داهاتووی وڵاتەکە و توانای کۆمەڵگە بۆ بەرگەگرتنی فشارە زیادبووەکان زیاتر دەبن.
لەناو ئەم دیمەنە پڕ لە گرژییە سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا، شیکارییەکان سەرهەڵدەدەن کە هەوڵدەدەن لەوە تێبگەن و لێکبدەنەوە کە چی ڕوودەدات، بەتایبەتی سەبارەت بە ئازارەکانی گەلی لوبنان، بەتایبەتی ئەوانەی لە باشووردان کە دەیان ساڵە لە هێڵی پێشەوە دەژین.
خولوود حەموش، چالاکوانی ئەکادیمی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەر ئەم بابەتە وتی: گەل لە ئێستاوە ئەوەندە بە قووڵی بریندار بووە کە دەتوانێت تێبگات لە چوارچێوەی لوبنان چی ڕوودەدات، هیوای خۆی دەربڕی کە ئەو ماندووبوونەی ئەمڕۆ خەڵکی باشوور تووشی دەبن، کۆتایی ماوەیەکی دوور و درێژی ئازارەکان بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی باشووری لوبنان لە ڕێگەی شەڕە یەک لە دوای یەکەکانەوە باجێکی سەختیان داوە بۆ پاراستنی ناسنامە و بوونی خۆیان، سەرەڕای ئاستی جیاوازی وێرانکاری و زیان، هەروەها ئەم خۆڕاگرییە لەسەر بنەمای بەرخۆدانی خەڵکی باشوور و بەرگریکردنیان لە خاکەکەیان دامەزراوە، ئەمەش درێژکراوەی خەباتێکە کە لە ساڵی ١٩٤٨ دەستیپێکردووە و تا "ئەفسانەی ئیسرائیل کۆتایی دێت" بەردەوام دەبێت.
لە هەڵسەنگاندنەکەیدا بۆ دۆخی سەربازی ئێستا، ڕوونیکردەوە کە لوبنان ڕووبەڕووی "قۆناغێکی کراوە" بووەتەوە لەگەڵ هەموو ئەگەرەکاندا، هەروەها ئیسرائیل پاساوی بۆ پەرەسەندنی ئەم دواییە هێناوەتەوە بە بانگەوازی ئەوەی کە حزبوڵا ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختەی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا لە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە هەرگیز لە ئامانجکردنی ئێمە نەوەستاوە.
پێی وایە گەیشتن بەم دۆخە چاوەڕوانکراو بووە، چ پەیوەندی بە بەرواری دیاریکراوەوە هەبێت یان مووشەک، هەروەها پلانی ئیسرائیل، یان خەونەکەیان بۆ دەوڵەتێک، لە دەریاوە بۆ دەریا درێژدەبێتەوە.
ئەو قۆناغەی ئێستای بە سەختترین قۆناغ پێناسەکرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڕەشە ڕۆژانەی کە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە، چیتر لە ناوچەکەدا قەتیس نەماوە بەڵکو بۆ وڵاتانی دیکەش درێژبووەتەوە، وەک ئەوەی لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە دژی تورکیا و هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کوبا و چەندانی دیکە بینیمان.
جەختی لەوە کردەوە، کە کرداری دەوڵەتی لوبنان بەهۆی کەموکوڕییەکی گەورە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسیەی ئاوارەکان تێکچووە، ئەو خوێندنگانەی کە بۆ وەرگرتنی پەنابەران کراونەتەوە دواتر داخران یان داوا لە خەڵک کراوە بچنە دەرەوە، سەرەڕای نیشاندەری ڕوون کە پێشبینی نزیکبوونەوەی شەڕ دەکەن، قەیرانەکە بە شێوەیەکی چالاکانە چارەسەر نەکرا، هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینەیمان نەبینی لە ئامادەکردنی پلانی جێگرەوە بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی.
هەروەها ڕەخنەی لە ڕۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکان گرت و ئاماژەی بەوەدا: کە ئەوانیش کەمیان کردووە، لە کاتێکدا کە خەڵک هێشتا بەدەست دەرئەنجامەکانی شەڕەکانی ڕابردووەوە دەناڵێنن، لەنێو شەپۆلی بەردەوامی ئاوارەبوون و زیادبوونی فشارە دەروونی و مادییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ئاوارەبوونە لەگەڵ هەستیارییە ناوخۆییەکان و حیساباتی خێڵەکیدا بووە کە لە هەندێک بواردا بووە هۆی ڕەتکردنەوەی پێشوازیکردن لە خەڵک، ترسی یەکتر لەنێو لوبنانییەکاندا بە بەرهەمی هاندانی میدیا و ناوچەیی کە بەشداربووە لە سووتەمەنیکردنی دابەشبوونە خێڵەکیەکانەوە.
هەروەها ڕۆڵ و کاریگەریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی خستە ژێر پرسیارەوە و ئاماژەی بەوەدا: کە ئێستا بوونیان گومانی لەسەرە، ئایا هێشتا بوونیان هەیە؟ چۆن دەتوانین متمانەیان پێ بکەین؟، هەرەرها نەبوونی دادپەروەری نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بەرچاو ئاشکرا بووە و پرسیاری ئەوەی کردووە ئێمە باسی چ جۆرە دادپەروەرییەک دەکەین کاتێک سەرکردەکانی جیهان شانازی بە کوشتنی سەرکردەکانی وڵاتانی دیکەوە دەکەن؟
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ڕاستیە پرسیاری ڕاستەقینەی سەبارەت بە داهاتووی دانوستان و ئاشتی دەوروژێنێت و هەرەەها جیهان بەرەو داڕمانی بەها سیاسی و مرۆییەکان دەڕوات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات ڕەنگدانەوەی نەبوونی تەواوەتی پێوەرەکانی دادپەروەرییە، نە لە سیاسەتدا و نە لە دانوستانەکاندا، لە ئێستادا جیهان لەلایەن "شێتەکانەوە" بەڕێوەدەبرێت، وەک خۆی وتی: ئێمە ڕێگایەکی پڕ لە خراپە دەبڕین، هیوادارین سەرکەوتن لە لای ئێمە بێت.
سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان، خولود حەموش دووپاتی دەکاتەوە، کە ژنان هەمیشە داکۆکیکار و تێکۆشەر بوون و هەرواش، بارگرانیی کۆبووی قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە ئەستۆ گرتووە، هەروەها فشارەکان لەسەریان چڕتر بووەتەوە، چونکە ئێستا بەرپرسیارێتی پاراستنی خێزانەکانیان و بەڕێوەبردنی کارەکانی ماڵەوە و دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ژێر بارودۆخی سەختی ژیاندا لە ئەستۆ دەگرن.
ئاماژە بەوە دەکات، کە سەرەڕای هەموو ئەم بارگرانییانە، ژنان هێشتا وەک "سسترین ئەڵقە" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەوان بەهێز دەرکەوتوون لە بوارەکانی کاری کۆمەڵایەتی و فریاگوزاریدا، ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە لە پشتگیریکردنی کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان، ئەوەی ئەمڕۆ ئەزموونی دەکەین، قەیرانی نێوان ژن و پیاو نییە، بەڵکو قەیرانێکی مرۆیی گشتگیرە.
لە ڕووی سیاسییەوە پێی وایە کە نوێنەرایەتی ژنان بە سنووردار دەمێنێتەوە و بوونی ئەوان لە ژیانی سیاسیدا شایەتی گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە، سەرەڕای ئەو هەوڵە دوو هێندە زیاترەی ژنان دەیدەن بۆ سەلماندنی خۆیان، هەروەها کێشەکە تەنها پەیوەندی بە نوێنەرایەتی ژمارەییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە نەبوونی دیدێکی ڕوون بۆ ناسنامەی سیاسییەوە هەیە، کە هەوڵەکانی ژنان پارچەپارچە و ئەنجامەکانی پەرش و بڵاو دەکات، لە نەبوونی چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا کە توانای گۆڕینی ئەم وزانە بۆ کاریگەریی بەرجەستەیە.