وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە: هێرش بۆ سەر نەتەوەی دیموکراتیکە
وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە، نەتەوی خەمگین، هەڵسەنگاندنی بۆ شەڕی جیهانیی سێیەم و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و وتی: هێرشەکە بۆ سەر پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکە.
ڕووناهی نودا
قامیشلۆ- نەتەوی خەمگین، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە باسی لە شەڕی جیهانیی سێیەم و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە ئاواکردنی نەتەوەی دیموکراتیکەوە بەستەوە.
نەتەوی خەمگین قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە کوردستانی بەم شێوەیە هەڵسەنگاند: "قەیرانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە کە هەمووان دەیانەوێت ببنە زلهێز، هاوکات ناتۆش دەیەوێت خۆی بکاتە دەسەڵاتێک بەسەر دەوڵەتی تورکیاوە، ڕووسیا دەیەوێت ببێتە دەسەڵاتێک بەسەر ئێرانەوە، دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێککەوتنی نەتەوەیی نێوان گەل و ڕێکخراوەکان و بۆچوونی کۆمەڵگە بکات، هەمیشە دەیەوێت شەڕ ڕووبدات. کاتێک خەریکە دۆخەکە چارەسەر دەبێت، دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا لە ڕووی سیاسی، سەربازی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دۆڕاوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا دۆخی تورکیا ئاشکرا بوو، ئەردۆغان بە زۆر توانی ٪٥٠ بەدەستبهێنێت، لە ڕووی سەربازیشەوە دۆخی نالەبارە و دەیەوێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی فڕۆکەی سیخوڕی و فڕۆکە و هەواڵگری شەڕەکەی بەڕێوە ببات.
"لەگەڵ لاوازبوونی دەوڵەتی تورکیا، دەست دەکەن بە ئەنجامدانی هێرشی توند"
نەتەوی خەمگین ئاماژەی بەوەدا کە ئەردۆغان و دەورووبەرەکەی تاوانی جەنگ دژی خەڵک ئەنجام دەدەن، لە بوونی پڕۆژەی کورد و کوردستان، ئەردۆغانی فاشیست سیاسەتی جینۆساید دژی کورد بەڕێوە دەبات، وتیشی: کاتێک تورکیا لاواز دەبێت، دەست دەکات بە هێرش، هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا و باشوور و باکوور و بەم هێرشانە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی درێژ بکاتەوە و هاوسەنگی و دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت، بەهۆی ئەو هەموو تاوانە جەنگییەوە ئەگەر دۆخەکە بگونجێت خۆی و دارودەستەکەی دەدرێنە دادگا.
"هێرشەکە بۆ سەر پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکە"
نەتەوەی خەمگین سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە وتی: ئەردۆغان لەژێر ناوی هۆکاری جیاواز هێرش ئەنجام دەدات، هەموو ڕۆژێک دەچێتە دەرەوە و بە گەلەکەی دەڵێت گەریلا نەماون، بەڵام دوای ئەم قسانە، گەریلا دێنە دەرەوە و چالاکییە گەورەکان دژی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدەن، ئەو بەڵێنەی کە بە خەڵکی دەدەن هەمووی بەتاڵە، دوای دوایین چالاکییەکانی گەریلا، ئەردۆغان هۆکارێکی بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان دۆزییەوە، ٤٥ ساڵە دەڵێن بزووتنەوەی ئازادی لەناو دەبەین، بە پێچەوانەوە بزووتنەوەی ئازادی بەهێزتر دەبێت، ڕۆژئاوای کوردستان هەرگیز هێرشی نەکردووەتە سەر گەلی تورکیا، بەڵام هەر جارێک دەوڵەتی فاشیستی تورک هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەیەوێت پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک لەناوببات، لە هێرشەکانیدا شوێنی نەوت و کارەبا و نەخۆشخانە و چاپخانە و ئاو و دانەوێڵەی خەڵک، کە کۆمەڵگە خۆی تیادا بەڕێوە دەبات، دەکاتە ئامانج، بە مەبەست ئەو شوێنانەش دەکاتە ئامانج چونکە ناوەندی ژیان و بوونی گەلن.
"ئەو ئیسرائیل ئیدانە دەکات، بەڵام خۆی تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات"
نەتەوی خەمگین ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەردۆغان هەموو ڕۆژێک لەسەر شاشە دەردەکەوێت و دەڵێت نابێت ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر غەززە و ژێرخانی کۆمەڵگە، بەڵام خۆی لە ئیسرائیل خراپتر دەکات، ئەوەی ئەردۆغان دەیکات، ئیسرائیل نایکات. ئەم گەلە هەرگیز هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی لەبیر ناچێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەردۆغان لە گۆڕەکەیدا بێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، کردەکانی ئەردۆغان هەمووی تاوانی جەنگن، ئەردۆغان هیچ لێبوردەییەکی بۆ سیستمی گەلی کورد نییە، هێرشی کردە سەر عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی و داگیری کردن.
"پیلانی نێودەوڵەتی و جەنگی جیهانیی سێیەم لەیەکتر جیا ناکرێتەوە"
نەتەوی خەمگین سەرنجی بۆ جەنگی جیهانیی سێیەم ڕاکێشا و وتی: مانگی داهاتوو ساڵڕۆژی پیلانی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتە، پیلانی نێودەوڵەتی و جەنگی جیهانیی سێیەم لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، جەنگی جیهانیی سێیەم بە هەموو شێوەیەک وەک شەڕ و کیمیایی و نەخۆشی و بوومەلەرزە بەردەوامە، ئێستاش بە شەڕی ئاو و نەوت و گاز بەردەوامە، هەمووان شەڕ دەکەن کە ئەمانە لە کوێوە دەست بکەوێت، شەڕی ئێستا شەڕێکی ئابوورییە و بۆ ئەوان گرنگ نییە لە کۆتاییدا دەبێت چەند کەس لەناوببرێن لە غەززە و ئۆکراینا و کوردستان، ئەوان دەیانەوێت جەنگی جیهانیی سێیەم دەوڵەت بە دەوڵەت بڵاوبکەنەوە، دەیانەوێت وەک عەرەب لاوازیان بکەن و وەک دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیانەوێت ئەوروپاش دابەش بکەن، جەنگی جیهانیی سێیەم بووەتە شەڕی نێوان کۆمەڵگە و حکومەت، دیار نییە جەنگی جیهانیی سێیەم تا چەند دەخایەنێت، چونکە هەموو دەوڵەتەکان بە شێوازی جیاواز بەشداری شەڕەکە دەکەن.
نەتەوەی خەمگین تیشکی خستەسەر ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و وتی: ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ دەرچووە و خاوەنەکانیش بە ڕێککەوتنەکەیان ڕازی نین، بۆ نمونە دەبێت مافی مرۆڤ پارێزراو بێت، مافی منداڵان، ژنان، کۆمەڵگا و ئیکۆلۆژیا، بەڵام ئەمڕۆ هەموو شەڕەکان دژی ئیکۆلۆژیا و کۆمەڵگەیە، ئەو هێزانەی لەناو ڕێککەوتنی مافی مرۆڤدان، خۆیان بێدەنگ کردووە و خاوەنداری ناکەن.
"ژنان لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگایەتی دەکەن"
نەتەوەی خەمگین باسی لە ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان کرد و وتی: لە بەرامبەر ئەو سیستمەی کە هەیە، ژنانن خۆیان ڕێکدەخەن و جەنگی جیهانیی سێیەم پوچەڵ دەکەنەوە، شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان سەدان ژن لە زینداندان و خەبات بۆ شۆڕشی ژنان دەکەن، هەزاران ژنی عەرەب بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پەیوەست بوون بە هێڵی ئازادی ژنانەوە، ژنانی کورد، عەرەب، سووریانی، تورکمان دەستی یەکدەگرن و دژایەتی ئەو سیستمە دەکەن، هەزاران ژنی تێکۆشەر لە کەسایەتی یوسرا و ڕیحان، زەینەب سارۆخان ئەمڕۆ مێژوو دەنووسنەوە و خەباتی خۆیان بەرز دەکەنەوە، ژنان لە هەموو بوارەکاندا جێگەی خۆیان دەگرنەوە و لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستاندا ژنان لە هەموو بوارەکانی وەک دیپلۆماسی، سیاسەت، سەربازی و کۆمەڵگادا جێگەی خۆیان گرت و سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەرییان دامەزراند، هەموو ئەمانە بە بیرکردنەوە و فەلسەفە و بیرۆکەیەکی زۆر بەهێزی ژنێکی ئازاد پەرەی پێدراوە.
"پێویستە یەکگرتوو بین بۆ پاراستنی وڵات"
لە کۆتایی قسەکانیدا نەتەوی خەمگین ستایشی بەرخۆدانی گەلی کرد بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک و وتی: وەک گەلێک پێویستە ئاگاداری ژێرخانی خۆیان بن، چونکە ئەم ژێرخانە هی گەلە، پێویستە خەڵک بازنەیەک لە دەوری دەستکەوتەکانی دروستبکات بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت دەستی درێژ بکات، پێویستە یەکگرتوو بین بۆ پاراستنی وڵات و گەلەکەشمان لە چالاکییەکانیدا زۆر بەهێزە، پێویستیشە لە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیدا زیاتر پێشڕەوی بکات، شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ چییە؟ ئێمە ئەم خاکەمان هەیە و دەستکەوتمان هەیە و دەبێت بیپارێزین، ئێمە لەژێر کاریگەری شەڕی دەوڵەتی تورکیادا نین، بۆیە دەبێت لە دەوری دامودەزگاکانمان کۆببینەوە و خۆمان بۆ هەر شەڕێک ئامادە بکەین، کاتێک باسی نیشتمان و ئازادی دەکرێت، کەسانێک هەن دژی ئازادی و نیشتمانن، بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە لە ژیانێکی ئازاددا بژین، پێویستە هەموو کەسێک هەست بە بەرپرسیارێتی بکات بەرامبەر بە ژیان، نەک بۆ ئەوەی ژیانمان خراپ بکەین، ئێمە ناهێڵین کەس لە ژیانی ئازادمان نزیک بێتەوە، لە دەوڵەتی تورکیاوە تا ئەو بریکارانەی کە کار دەکەن، ئەمڕۆ گەلەکەمان ١٠ هەزار شەهید و ٢٠ هەزار برینداری بەخشیوە و ئەمانە هەموو بەهاکانی گەلن، بۆیە دەبێت ئاگامان لە شەهیدەکانمان بێت و خۆمان لە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕدا ببینینەوە.