"دۆخی سووریا گرنگی نەتەوەی دیموکراتیک پشتڕاست دەکاتەوە"

فەریاز بەرکەل، هاوسەرۆکی دەستەی ئابووری ناوچەی فوراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو سەرهەڵدانانە کردم کە لە زۆرێک لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سووریا دەستیپێکردووە و ڕایگەیاند، گەلی سووریا چارەسەرێکی دیموکراتیکیان دەوێت.

بەیدا عوسمان

 

کۆبانێ- ڕاپەڕین لە سووریا لە ١٥ی ئازاری ٢٠١١ لە ژێر دروشمی "خەڵک دەیەوێت سیستمەکە بڕووخێت" دەستی پێکرد، لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ سووریا شایەتی سەرهەڵدانی ناوخۆیی بوو کە زۆرترین سەرنجەکان چوونە سەر شاری سوەیدا، خەڵک و بە تایبەتی ژنانی سوەیدا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "بەرخۆدان ژیانە"، "ڕۆحی هەڤرین لە سویدەدا سەوز دەبێت" و هتد، بە ئاشکرا داوای سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکیان کرد.

 

"ڕژێمی بەعس لەبری دۆزینەوەی بەدیلێک ململانێکانی قووڵتر کردەوە"

فەریاز بەرکەل، هاوسەرۆکی دەستەی ئابووری ناوچەی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەڵسەنگاندنی بۆ ڕاپەڕینەکانی سووریا کرد و ئاماژەی بەوەدا، "لە سەرەتای ئەو ململانێیەی کە پێکهاتەکانی عەرەب ناویان ناوە بەهاری عەرەبی و لە ساڵی ٢٠١١ لە تونس و میسر و یەمەن و سووریا دەستی پێکرد، داواکاری چالاکوانان هەر وەک یەک بوو، دەیانویست سیستمێکی نوێ دابمەزرێت، بەڵام ئەو سیستمەی کە دامەزرا وەڵامی خواستی خەڵکیان نەدایەوە، لە سووریا لە ساڵی ٢٠١١ گەلی کورد هێڵی سێیەمی بەرگریی هەڵبژارد کە نە لەگەڵ ڕژێمی سووریایە و نە دژی، بەڵکو وەک پرۆژەیەکی نوێ بەپێی خواستی خەڵک دامەزراوە، خەڵک جیاوازی نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم و ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ئیدارەی خۆسەر دەبینێت، چونکە کاتێک ئێمە گوتمان دەبێت ڕژێم بچێت، دەبوو سیستمێکی نوێ جێگەی بگرێتەوە، لە ساڵی ٢٠١١ و ئێستاش لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا نە ئۆپۆزسیۆنی سووریا پڕۆژەیەکی نوێی دروستکرد، نە ڕژێمی سووریا پڕۆژەیەکی خۆگۆڕینی هێنایە ئاراوە، تەنها پڕۆژە لە ناوچەکەدا هاتەئاراوە، نەتەوەیەکی دیموکراتیک بوو.

 

هێرشەکان دژی سیستمی خۆبەڕێوەبەری

فەریاز بەرکەل لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی بۆ هێرشەکانی سەر سیستمی خۆبەڕێوەبەری ڕاکێشا و بەم شێوەیە درێژەی دا: "ئێمە وەک گەلی کورد تەنها بۆ خۆمان باسی نەتەوەی دیموکراتیکمان نەکرد، بەڵکو ئامانجمان هەموو ناوچەکە بوو، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پەرەی پێدراوە، بۆیە بەردەوام دەکرێتە ئامانجی ڕژێمی سووریا و دەوڵەتی تورکیا و ئەو دەوڵەتانەی کە لەژێر سایەی چەتەکاندا خۆیان حەشارداوە، بەهەموو لایەکیان وت کە سیستم و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک نامێنێت و لەناو دەچێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێمە کارێکی زیاترمان هەیە و هەر هەرێمێک کارەکانی خۆی بەڕێوە دەبات و بڕیاری خۆی لەناو کۆمەڵگەدا دەدات، کەس ناتوانێت دژایەتی ئەو پڕۆژەیە بکات کە لە بیرۆکە و فەلسەفەوە سەرچاوەی گرتووە.

 

"داواکارییەکانی خەڵکی سوەیدا ناوازەن"

فەریاز بەرکەل باسی لەوەشکرد کە سەرهەڵدانەکانی سوەیدا لەسەر داوای نەتەوەی دیموکراتیک پەرەدەسەنن و وتی: چالاکییەکان لە سوەیدا ئەنجامدەدرێن کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمدایە، دوای سەرهەڵدانەکەی سوەیدا، بینیمان چۆن ڕژێمی سووریا، دەوڵەتی تورکیا و ئێران بە نهێنی لە دژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر پێکەوە کاردەکەن، بەڵام کۆمەڵگەیەک کە بە هزر و فەلسەفە پەروەردە کرابێت و باوەڕی بەم سیستمە هەبووبێت هەرگیز لەناو ناچێت، چونکە لەم پارادایمەی نەتەوەی دیموکراتیکدا هەموو پێکهاتەیەکی وەک کورد و عەرەب و سوری و تورکمان و چەرکەسی لەخۆدەگرێت.

 

"سڵاو لە کۆبانێوە بۆ سوەیدا"

فەریاز بەرکەل سڵاوی لە سەرهەڵدانەکانی سوەیدا و پێشەنگایەتی ژنان کرد و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، "وەک ژنێکی کورد سڵاو لە بەرخۆدانی سوەیدا دەکەم و دروشمەکانمان لەوێ دەوترێنەوە، وەک ژنیش هیچ سنوورێک لە نێوانماندا نییە، ئازادی هەموو ژنان، ئازادی ژنانی کوردە و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی پێویستە لە هەموو جیهاندا بڵاوبکرێتەوە".