چالاکوانێکی مهغریبی: یاساکەکان بەتەنها بەس نین و هاوکاری و هاوپشتی ژنان بۆ گەیشتن بە پێگەکانی بڕاردان پێویستە
سەرەڕای ئەو پێشکەوتنەی کە نوێنەرایەتی ژنان لە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی مەغریبدا بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام چالاکوان عائیشە لەخاماس پێی وایە بەهێزکردن و زیادکردنی ئامادەیی ژنان لە پێگەکانی بڕاردان تەنیا پشت بە یاسا و ئامرازە هەڵبژاردنەکان ببەستێت بەس نییە.
حەنان حارت
مەغریب ـ لەوەتەی یەکەم دوو ژن لە ساڵی ١٩٩٣ـدا چوونه ناو پەرلەمانی مەغریبەوە، نوێنەرایەتی ژنان لە ناو دەزگای یاساداناندا لە ئامادەیەکی ئاماژەییەوە گواستراوەتەوە بۆ بەشداریکردنێکی فراوانتر، ئەگەرچی هێشتا لە ئاستی یەکسانی و هاوسەنگی (المناصفة) کە ئامانجی دەستووری و سیاسی مەغریبە، دوورە.
ڕێڕەوی هەڵبژاردنەکان دەریدەخات کە ژمارەی ژنان لە پەرلەماندا لە ٦٧ ژنە پەرلەمانتار لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بەرزبووەوە بۆ ٨١ ژن لە ساڵی ٢٠١٦، پاشان بۆ ٩٦ ژن لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ـەوە، لە کۆی ٣٩٥ کورسی، واتە دەکاتە لە ٢٤.٣٪ـی کۆی ئەندامانی پەرلەمان.
هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ توانیبووی ٩٦ ژن لە ناو پەرلەماندا دەستنیشان بکات، کە لەو ژمارەیە ٩٠ ژن لە ڕێگەی بازنە هەرێمییەکانەوە هەڵبژێردرابوون، بەرامبەر بە تەنها شەش ژن لە ڕێگەی بازنە ناوخۆییەکانەوە، ئەمەش جارێکی تر گفتوگۆیەکی هێنایەوە پێشەوە سەبارەت بە توانای ژنان بۆ کێبڕکێکردن و گەیشتن بە کورسییەکانی هەڵبژاردن لە دەرەوەی ئەو ئامرازە تەرخانکراوانەی کە بۆ بەهێزکردنی نوێنەرایەتییەکەیان دیاریکراون.
مەغریب خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێی پەرلەمانی لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٦، دوای ئەوەی حکومەت بە فەرمی کاتی بەڕێوەچوونی دەنگدانەکەی دیاریکرد، بڕیاریش درا کە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ١٠ی ئەیلولەوە دەستپێبکات و لە ٢٢ی هەمان مانگدا کۆتایی پێبێت.
ئاستەنگ و بەربەستەکان
لەو چوارچێوەیەدا، عائیشە لەخاماس، چالاکوان و پەرلەمانتاری پێشوو پێی وایە بەرزبوونەوەی ژمارەی ژنان لە ناو دەزگە هەڵبژێردراوەکاندا بەو واتایە نییە کە ڕێگەکە لە بەردەم ژنانی مەغریبیدا خۆشبووە بۆ گەیشتن بە پێگەکانی بڕاردان، ئاماژە بەوەشکرد کە هێشتا بەربەستی سیاسی، دارایی و کۆمەڵایەتی کاریگەرییان لەسەر هەلی خۆپاڵاوتن و سەرکەوتنیان هەیە.
وتی” گەیشتن بە پێگەکانی بڕاردان پێویستی بە پشتیوانی ڕاستەقینەی ژنان هەیە، بەتایبەت لە سایەی سنوورداربوونی توانا داراییەکانی بەشێک لە کاندیدەکانەوە، لەگەڵ ئەو ئاستەنگانەی کە ڕەنگە لە کاتی ڕێڕەوی هەڵبژاردندا رووبەڕوویان ببنەوە، ئەو پێویستە ئامرازێک هەبێت بۆ پشتیوانیکردنی ژنان بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و سەرکەوتن و گەیشتن بە پێگەکانی بڕاردان، چونکە تواناکان کەمترن، بەتایبەت لە رووی داراییەوە، هەروەها ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبینەوە کە دەبنە ڕێگر لە بەردەم خۆپاڵاوتنی ژنان و ڕێگری لە گەیشتنیان بۆ پێگەکان دەکەن.
ڕوونیکردەوە، کە کارامەیی و جدییەت لە کاری سیاسیدا دەبێت بنەمایەک بن بۆ گەیشتن بە پێگەکانی بڕاردان، پێی وایە بەهێزکردنی ئامادەیی ژنان تەنها لە ڕێگەی یاسا و ئامرازە هەڵبژاردنەکانەوە بەدی نایێت.
وتیشی: سەرەڕای ئەو دەستکەوتانەی کە مەغریب کۆیدەکاتەوە، هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی یەکسانی (المناصفة)، بەڵکو پشکی ژنان هێشتا لە خوار ڕێژەی سێیەکەوەیە، پێی وایە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پێویستی بەوە هەیە، لە تەنیشت چاکسازییە یاسایی و هەڵبژاردنەکانەوە، هاوپشتییەک لە نێوان ژناندا هەبێت، بەتایبەت ژنە تێکۆشەرەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
ڕێڕەوی مێژوویی لە ناو پەرلەماندا
عائیشە لەخاماس باسی لە ڕێڕەوی مێژوویی ژنی مەغریبی لە ناو پەرلەماندا کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەزگای یاسادانان نزیکەی چۆڵ بوو لە ژنان تاوەکو ساڵی ١٩٩٣، کاتێک یەکەم دوو ژن چوونە پەرلەمانەوە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆوە، پێش ئەوەی دواتر سیستمی کۆتا (الحصص) پەیڕەو بکرێت.
پێی وایە ئامادەیی ئێستای ژنان ئەنجامی کۆبوونەوەی خەبات و ئەزمونەکانی بزووتنەوەی ژنانە لە درێژایی دەیەکانی ڕابردوودا، بەڵام لە هەمان کاتدا پرسیارێک لەسەر دەرئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە دەوروژێنێت و دەپرسێت کە ئایا ئامانجی بزووتنەوەی ژنان و ژنە تێکۆشەر و سیاسەتمەدارەکان ئەمڕۆ دەبێت چی بێت.
وتی: پێشکەوتنی سیاسی گرنگە، بەڵام بەس نییە، مەغریب هێشتا لە پلەی دواکەوتوودایە لە پەیوەندیدا بە نوێنەرایەتی ژنان لە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا، لەبەر ئەوە کارکردن بەردەوامە، ئەوەی داوا دەکرێت هەوڵێکی گەورەیە لەلایەن حکومەت و لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە.
لای ئەو، بابەتەکە تەنها زیادکردنی ژمارەی ژنان نییە لە ناو دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا، بەڵکو چاندنی هۆشیارییە بە گرنگیی بوونیان لە پێگەکانی بڕاردان، تاوەکو بتوانن دەنگی ژنان و کێشەکانیان بگوازنەوە تەنیشت ئەو کێشانەی کە بە گشتی گرنگن بۆ کۆمەڵگە.
دووپاتیکردەوە، کە بەرپرسیارەتی بەهێزکردنی نوێنەرایەتی ژنان تەنیا لە ئەستۆی حکومەت و پارتەکان و کۆمەڵگەی مەیدانیدا نییە، بەڵکو پێویستی بە بەشداریپێکردنی خودی ژنانیش هەیە لە کاری سیاسیدا و گەیشتنیان بە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان، وتی: داوا لە ژنانیش دەکرێت کە بگەنە ئەم پێگانە، دەنگی ژنان لە تەنیشت دەنگی کۆمەڵگە بە گشتی بگوازنەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، عائیشە لەخاماس پەیامێک ئاراستەی ئەو ژنانە دەکات کە حەز دەکەن بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکەن، ئەزموونی پێشووی خۆی وەک پەرلەمانتارێک بەبیر دەهێنێتەوە، وتی: هیوادارم هەڵبژاردنەکان پاک بن، هەل بدرێت بەو ژنانەی کە دەخوازن خزمەتی ئەم نیشتیمانە بکەن بۆ ئەوەی خۆیان بپاڵێون و بگەنە دەزگای یاسادانان.
هەروەها سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە متمانەپێکراوی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانەوە دەبەستێتەوە، هیوای دەخوازی کە هەڵبژاردنەکان دووربن لەو ڕەفتارانەی کە ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر پاکی و بێگەردییان هەبێت.
سەبارەت بە نوێنەرایەتی ژنان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردنی ئامادەیی ژنان دەکاتەوە، بەتایبەت لە لیستی هەرێمییەکاندا، لەگەڵ لیستی پارێزگاکان، بە مەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتریان بۆ گەیشتن بە پەرلەمان و پۆستی بڕیاردان.